ئێوارەى ئەمڕۆ برێت ماکگۆرک نێردەى تایبەتى سەرۆکى ئەمریکا بۆ شەڕى داعش لە عێراق دەستى لەکارکێشایەوە.

ئاژانسى هەواڵى ئاسۆشەیتدپرێس بڵاویکردەوە، کە برێت ماکگۆرک نێردەى تایبەتى سەرۆکى ئەمریکا بۆ شەڕى داعش لە عێراق دەستى لەکارکێشاوەتەوە، بەهۆکارى ناڕەزایی بوونى لەبڕیارى دۆنالد ترەمپ لەسەر کشانەوەى هێزەکانیان لە سوریا.

دواى بڕیارەکەى ترەمپ بۆ کشانەوەى هێزەکانى وڵاتەکەى لە سوریا، ئەمە دووەمین بەرپرسى باڵاى وڵاتەکەیەتى کە لەدژى ئەو بڕیارە دەستیان لەکارکێشاوەتەوە، ئەوەش دواى ئەوەى رۆژى 21 کانوونى یەکەم جیمس ماتیس وەزیرى بەرگرى ئەمریکا دەستى لەکارکێشایەوە.

رۆژى ١٠ کانوونى یەکەم مەکگۆرک لە لێدوانێکدا لەبارەى شەڕى دژ بە داعش رایگەیاندبوو، بیرکردنەوەیەکى “کەمتەرخەمانەیە” ئەگەر وابزانین شەڕى دژى داعش کۆتایی هاتووە، وتبووشى:” بڕیارێکى ژیرانە نییە ئەگەر لەم کاتەدا هێزەکانى ئەمریکا لە سوریا بکشێنەوە”.

ناوبراو ئاماژەى بەوەشکردبوو، کە دەیەوێت لە ناوەراستى مانگى شوباتى ٢٠١٩ دەستلەکاربکێشێتەوە، بەڵام ئەمڕۆ نامەى دەستلەکارکێشانەوەى ئاراستەى کۆشکى سپى کردووە.

لەبەشێکى نامەکەیدا ماکگۆرک نوسیویەتى:” راستە لەئێستادا ئەندامانى داعش لە دەست هێزەکانى هاوپەیمانان هەڵدێن، بەڵام بڕیارى کشانەوە ناکامڵانەیە و ئەگەرى سەرلەنوێ سەرهەڵدانەوەى داعش زیاد دەکات.

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام