پرۆژەی “نەوشیروان مستەفا” بۆ گۆرانکاری لە باشوری کوردستان، سەرقاڵی شکستی حەتمیە، بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ مەرگی کاک نەوشیرواندا سەرقاڵی مردنە.

گۆڕان لە هێزێکەوە بۆ گۆڕانکاری بۆتە هێزێک بە دەستی گروپێکی هەلپەرستەوە بۆ پۆست و پارە، ئێستا ئیتر تەبدیل بووە بە هێزێکی بچوکی کلاسیکی لە پارتی و یەکێتی چوو، داماڵراوە لە هەموو بەها ئەخلاقیەکان کە سەرەتا خۆی خولقێنەرو داهێنەری بوو،خاڵی بۆتەوە لە ماناکانی خۆی، ئەو مانایانەی بۆی دروست بوو.

ئەم شکستە حەتمیەو چاک بوونی، بە واتای هەوڵ بۆ خستنەوە سەرسکەی خۆی کردۆتە خەیاڵ، گۆران جگە لەوەی خۆی کوشت، هیواو ئومێدی بۆ گۆرانکاری لە چاو، دڵی هەموو خەڵکە نارازیەکەدا کوشت و ماندوی کردن، ئەو زەڕبەیەی گۆران لەبەرەی نارەزایەتیەکانی دا، پارتی ویەکێتی سێ دەهەیە نەیان توانیوە لێی بدەن، ئەم کوشتنی ڕۆحی ئۆپۆزسیۆن بوونە، پارتی ویەکێتی بە زۆرترین پارە ئەیان کڕی، گەورەترین ئاوات بوو کە گۆران بۆی هێنانە دی.

ئەو ئیتر ئەبێتە کۆمپانیایەک، یان ماشێنێکی بچوک بۆ خۆژیاندنی گروپێک بە کۆمەڵێ دەستەواژەی سواخدراو بە بریق و باق بی عەمەل.

بزوتنەوەی گۆڕان نە کەڵکی پشتیوانی و نەکەڵكی ئومێد، تەنانەت کەڵكی ڕەخنەیشی پێوە نەماوە، بچوکترین گوتاریان، لەگەڵ گوتارەکانی پارتی و یەکێتیدا جیاوازیان نیە، کاتێکی هەڵسوڕاوێکی،ئەندام جڤاتێکی قسە ئەکات،نازانی هەر بەڕاستی گۆڕانە یان
یەکێتی وپارتیە.

هوشیاری ڕەخنە خود بە خود بەرهەمی لۆجیکە، بەرهەمی عەقڵانیەتە، بەرهەمی زانستە، بە موتڵەقکردن ولەسەرو ڕەخنەوە بینینی بزوتنەوەیەکی شکستخواردو، خزیو،رابەریەکی نەخوێنەوارو فاشی و ناسیاسی و ناهوشیار، دواجار دیکتاتۆریەتێکی بنەماڵەیی بچوک و هیچ لەبارا نەبوو بەرهەم ئەهێنیت.

ڕەخنە ئەگەرعەقڵ تێیدا ئامادەگی نەبوو، ڕەخنە نیە، دورە لە کایە مەعریفیەکان، بزوتنەوەی گۆڕان، کەلەسەرئەساسی ڕەخنە دروست بوو،ئێستا بڕوای بە ڕەخنەی ساختە هەیە، بۆ بەلاڕێدابردنی زهنیەتی خەلک.

گۆران وەک پارتی ویەکێتی بووە بە هێزێکی بەرخۆر،بخۆر، بێ ئیعتیبار، لێرەوە کۆمەڵێ خۆ لێسەرەوەی لەخۆی کۆکردۆتەوە، تا لە ڕەخنەی عەقلانی دورکەونەوەو جەوێکی فەوزایان خولقاندوە تا ئەوەی وەک خۆیان نەبێت بڕوات، هەرئەوەیشە زۆرینەی گۆرانەکان ڕۆیشتن وگروپێکی هەلپەرست و پارەو پۆست پەرست بوونە دەمراستی.

ئەگەر ڕەخنە فۆرمێکی هەق وتەندروست بێت، بۆ خزمەتی ئایدیایەک، دەقێک، جولانەوەیەک، ئەگەر چەمکێکی زانستی بێت بۆ خوێندنەوەو دەولەمەندکردن و خزمەت، ئیتر بۆ گۆڕان پوچ کراوەتەوە لە ماناکانی خۆی و خزمەت ناکات، ئەویش وەک باقی ‌هیزەکانیتر ئەڵێت هەموو ڕەخنەیەک بڤەیەو ئێمە ئەو ماتریالەین.

گۆرانەکەی نەوشیروان مستەفا خەونێکی جوان ومرۆڤانە بوو، بە ئازادی رادەربڕین، ئازادی ڕەخنە، ڕێزگرتن لە ناکۆکی و جیاوازیەکان، دژی دەسەڵات و ئەقڵیەتی خێڵەکی و بنەماڵەیی،بە هاتنی بۆ گۆرانکاری ناسرابوو، لە سەرەتای بوونیەوە، لە تەواوی ئەو جۆرە فۆرمە لە حیزب وحیزبایەتی نەک هەرلە کوردستان لە ڕٶژهەڵاتی ناوەڕاستدا جیا ئەکرایەوە، بەڵام ئێستا وەک چۆن پارتی و یەکێتی هەمووهەوڵیان دا بۆ کوشتنی ڕەخنەو جیاوازی و نارەزایەتیەکان، بۆچونی جودا، گۆرانیش بە هەمان تایپ کار ئەکات و ئەبێتەوە بەوان، ئەم دەست بەردار بوونە لەخود “گۆڕان” تێکشکاندنی خەونەکانە وشکستی حەتمیەتی گۆرانە وەک بزوتنەوەیەک .

ئارام ئەحمەد
12/12/2018

ئەوەی نەوشیروان مستەفا کردی ئەمان هەڵیان وەشاندەوە…بۆ بەشی دووەهەم چاوەروان بن

تایبەتمەندییەکان: بابەتی هەڵبژاردە

زیادکردنی وەڵام