ڕۆژنامه‌یه‌كی به‌ریتانی ئاشكرایده‌كات، ئێران تیمێكی “تیرۆركردن”ی چالاكوانان‌و ئه‌و كه‌سانه‌ی دروستكردوه‌، كه‌ دژ به‌كۆماری ئیسلامی ئێران مامه‌ڵه‌ ده‌كه‌ن.

ڕۆژنامه‌ی ده‌یلی ته‌له‌گراف-ی به‌ریتانی له‌ڕاپۆرتێكیدا بڵاویكرده‌وه‌، “پاش ئه‌وه‌ی ئێران شكستیهێنا له‌دیاریكردنی كه‌سێكی نزیك له‌خۆی بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق، تاران له‌وه‌ڵامی ئه‌وه‌دا تیمێكی تیرۆركردنی له‌ فه‌یله‌قی قودس بۆ بێده‌نگكردنی ئه‌و ده‌نگانه‌ی ڕه‌خنه‌ له‌ ئێران ده‌گرن، ڕه‌وانه‌ی عێراق كردوه‌”.

ڕۆژنامه‌ به‌ریتانیه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌، “قاسم سوله‌یمانی فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودس بڕیارده‌ر‌و فه‌رمانده‌ری ئه‌و گروپه‌یه‌، كه‌ كاریان بێده‌نگكردنی نه‌یارانی ئێرانه‌ له‌ عێراق”.

له‌باره‌ی كاره‌كانی ئه‌و گروپه‌ ئێرانیه‌وه‌ ڕۆژنامه‌ی ده‌یلی ته‌له‌گراف ئه‌وه‌ی ئاشكراكردوه‌، “یه‌كێك له‌دیارترین قوربانیه‌كانی ده‌ستی ئه‌و تیمه‌، عادل شاكر ته‌میمیه‌، كه‌ كه‌سێكی نزیك له‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی عێراق بوو، كه‌ له‌مانگی ئه‌یلولدا تیرۆركرا”.

قوربانیی دووه‌می ده‌ستی ئه‌و گروپه‌ كه‌ ڕۆژنامه‌ به‌ریتانیه‌كه‌ ئاماژه‌ی پێداوه‌، “شه‌وقی حه‌داد-ه‌، كه‌ ناوبراو كه‌سێكی نزیك له‌ موقته‌دا سه‌دری ڕێبه‌ری ڕه‌وتی سه‌در بوو، كه‌ له‌ماوه‌ی رابردوودا پێچه‌وانه‌ی خواستی ئێران كاریده‌كرد، زیاتر له‌ دیدێكی نیشتمانیی هه‌ڵسوكه‌وتی ده‌كرد”.

له‌مانگی ئاب-ی ڕابردوودا هه‌مان گروپ جارێكی دیكه‌ هه‌وڵی تیرۆركردنی كه‌سایه‌تیه‌كی عێراقیان داوه‌، كه‌ ئه‌ویش ڕه‌زا تائیی راوێژكاری عه‌لی سیستانی مه‌رجه‌عی باڵای شیعه‌كانی عێراقه‌، به‌ڵام سه‌ره‌نجام هه‌وڵی ئه‌و گروپه‌ ئێرانیه‌ بۆ تیرۆركردنی تائیی شگستیهێناوه‌.

ڕه‌زا تائیی یه‌كێكه‌ له‌ ڕاوێژكاره‌ دیاره‌كانی عه‌لی سیستانی‌و له‌ڕابردوودا داوای سنورداركردنی نفوزی ئێرانی له‌نێو خاكی عێراق ده‌كرد.

ڕ . ج

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام