مەبەستی بنەرەتی رەخنە و پێشنیاز و پرۆژەکانی هەڵسوراوە نارەزاکانی نێو بزوتنەوەی گۆڕان لە مەقامی یەکەمدا بوژاندنەوە و تۆکمەکردنی بزوتنەوەکەیە بەرامبەر ئەو مەترسیە گەورانەی کە یەخەی گۆڕان یان گرتوە، هاوکات پشکێکی ئەو نارەزاییە بازنەکانی دەسەڵاتی بزوتنەوەکەش دەگرێتەوە، چونکە لە لایەک وەک پێویست رێگر نەبون لە سەرهەڵدانی ئەو مەترسیانە و نەیان توانیوە مامەڵەی دروست و پێویست لە گەڵیاندا بکەن، لە لاکەی تریشەوە شکستیان هێناوە لە رێكخستنی نێو ماڵی گۆڕان.
مەترسیەکانی دەرەوەی گۆڕان
لە ئاکامی دابەزینی پێگەی پەرڵەمانی گۆڕان لە بەغدا و هەولێر و هەڵکشانی پارتی و یەکێتی چاوەروانکراو بو کە ئەو دو لایەنە گۆڕان وەک هێزێکی داکشاو بخزێننە نێو هاوکێشەی کێشە و ململانێکانی نێوانیان. گونجاوترین رێگەش بۆ ئەو مەبەستە دڵدانەوەی بازنەکانی دەسەڵاتی گۆڕانە، دڵدانەوەیەک دەسکەوت و گوشار و چاوسورکردنەوە تێیدا حەشار دراون.
یەکێتی گوشار بۆ ” یەکگرتنەوە” دەکات و کۆمەڵێک بەڵێنی پلە و پۆست و دەسکەوت بە گوێی دەسەڵاتدارانی گۆڕاندا دەچرپێنێت، دێشن مەکۆی سەرەکی گۆڕان دەدەنە بەر لێزمەی فیشەک و بەردەوامن لە کارە نارەواکانیان بەرامبەر هەڵسوراوانی گۆڕان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حوکمرانیاندا. دیارە مەبەستی یەکێتی لە ” یەکگرتنەوە” بەهێزکردنی پێگەیەتی بەرامبەر بە پارتی کە بە رێژەی زیاتر لە دو جار لە پێشەویەتی.
گەر یەکێتی نیەتی یەکگرتنی لە گەڵ گۆڕان هەبوایە دەبو لە مێژ بەندێکی گرنگی رێکەوتنی لە گەڵ گۆڕاندا جێبەجێ بکردایە، ئەویش یەکگرتنی فراکسیۆنەکانیان بو، بۆ خۆم دڵنیام چەند جارێک داوای ئەوەیان لێکراوە بەڵام وەڵامیان نەبوە.
لەم ساتەو وەختانەدا یەکێتی فشار دەکات تا گۆڕان لە حوکمرانی دور بخاتەوە، بێگومان مەبەستی لەو هەنگاوە ئەوەیە وەک دەیان ساڵی پێشو حوکمرانی بە راست و چەپدا بەرێت و ئەڵتەرنەتیڤەکانی فەرمانرەوایی بەردەم پارتیش سنوردار بکات، هەروەها وا لە گۆڕان بکات لە زۆنی دەسەڵاتیدا پێویستی بەو بێت و بیخاتە ژێر رەحمەتی خواستەکانی خۆیەوە.
هەرچی پارتیە متمانەی جارانی بە یەکێتیەکەی ئێستا کاڵبۆتەوە، لە یەک ساڵدا ئەزمونەکانی کارەساتی ئۆکتۆبەر و هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و هەوڵە تاک لایەنەکان بۆ بە دەستهێنانی پۆستی پارێزگاری کەرکوک دەسەڵاتدارانی پارتی یان گەیانۆتە ئەو بروایە کە نازانرێت دەسەڵاتدارانی یەکێتی چیان لێ چاوەروان دەکرێت و لە چ سات و شوێنێکدا کاری تاکلایەنەی بەدەر لە ئیرادەی گشتی و هاوبەشیان دەکەن.
پارتی مەبەستیەتی گۆڕانێکی لاوازبو وەک کارتێک لە هاوسەنگی هێز لە گەڵ یەکێتیدا بەکار بهێنێت، هەوڵ دەدات زیاتر لە خۆی نزیک بکاتەوە و دڵی رابگرێت. لە بەرامبەردا بەڵێنی پێگە و پۆست و شتی تر بە گۆڕان دەدات ئەگەر لە کابینەی نوێی هەرێم بەشداری بکەن.
بەدەر لە خواست و ویستی لایەنەکانی تر گۆڕان ئەزمونێکی زۆر تاڵی حوکمرانی هەیە، ئەگەر ئەو ئەزمونە وەک پێوەریش نەبینرێت دەبێت بە چاویلکەیکەی واقیعیەوە تێرامان و هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت.
دەسەڵاتدارانی گۆڕان لەم ” جەڕ حەبلە” قورسەدا مەبەستیانە دڵی هەر دو لا رازی بکەن و هیچ لایەک هێڵی ناوەراست نەبەزێنێت. ئەوان روبەروی دیلێمایەک بون، بە هەمو مەنتقێک لە مامەڵەی سیاسیدا ئەو ئاراستەیە هەڵدەبژێرن کە کەمترین بەرگرییان رو بە رو دەکاتەوە و بە کەمترین زەرەر و بچێک دەسکەوت لێی دەردەچن.
” کاتێک” دەسەڵاتدارانی گۆڕان بیانەوێت لە کابینەی نوێدا شوێنیان بکرێتەوە، بێگومان دەبنە بەشداربویەکی لاواز، ئەوان توانای ئیدارەدانی بزوتنەوەکەی خۆیان نەبێت و نەتوانن کێشە ناوخۆێیەکانی گۆڕان بە شێوازێکی دروست چارە بکەن دەبێت لەو پێگە لاوازەی ئێستای گۆڕان لە حکومەتێکی ئاڵۆز و کێشەدار و لە سایەی خەیمەی بەرژەوەندیە دێرینە هاوبەشەکانی پارتی و یەکێتییدا چیان لێ چاوەروان بکرێت.
دەسەڵاتدارانی گۆڕان ترسی ئەوەیان هەیە دوری لە حوکمرانی بزوتنەوەکە دەکاتە ئامانجێکی ئاسان بۆ گوشار و هەرەشە هەمە لایەنەکان، زەمینەی ئەم ترسەش ئەوەیە کە بازنەکانی دەسەڵاتی گۆڕان زیاتر لە نیوەی جەماوەری گۆڕان یان زویر و دڵگران کردوە.
هەوڵە چرەکانی هەندێک کاراکتەری گۆڕان کە لە ئێستادا ململانێکانیان بۆ وەرگرتنی پۆست و پایە لە حوکمرانیدا چرکردۆتەوە ئاماژەیەکی زەقە کە ئولفەتیان لە گەڵ دەسەڵات گرتوە و ئاڵودەی بون و لێشی تێر ناخۆن، هاوکاتیش پشتکردنە لە جەماوەری گۆڕان کە مەخابن زۆر ئومێد و هیوایان لە سەر ئەو جۆرە کاراکتەرە خۆپەرستانە هەڵچنیبو. پەنابردن بۆ ئەم جۆرە زیگزاگە لە سیاسەت و مامەڵەکردن بێگومان کێشەکانی ناو گۆڕان بە ئاراستەیەکی تردا دەبەن.
بازنەکانی دەسەڵاتی گۆڕان نەعامە ئاسا سیاسەت بەرێ دەکەن، لە سەر گوتار و قسەی خۆیان جێگیر نین، رۆژێک سەرجەم پرۆسەی هەڵبژاردن رەتدەکەنەوە، رۆژی دواتر خشکەیی سەرجەم پرۆسەکە قبوڵ دەکەن و بە ئاکامەکانی کاردەکەن، رۆژێک بانگەشەی زەق بۆ حکومەتی کاتی و بەدیل دەکەن و رۆژی دواتر بە راکردن دوای سەرابی حوکمرانی هەرێم دەکەون، رۆژێک بانگەشە بۆ بەرەی نارەزا دەکەن و ساتێک دواتر دەسەڵاتداران لە ئامێز دەگرن و … تاد.
ئەمانە ئاماژەی زەقن کە گروپێکی تایبەت لە ناو گۆڕاندا مەبەستیانە لە سایەی ناوی گۆڕان و بەرنامەکەیەوە هەر چۆنێک بێت بازنەکانی بەرژەوەندیە تایبەتیەکانیان بەیەکەوە گرێ بدەن و بزوتنەوەکەش گوێرایەڵ و دەستەمۆی خواست و پلانەکانیان بکەن. خواست و خەونی زۆر نەزۆک، چونکە تا ئەم چرکەیەش سەبر و چاوەرانی گۆرانخوازان رەتی ئەوە ناکاتەوە کە بە یەکەوە و لە ناو گۆڕاندا دەکرێت چاکسازی و راستکردنەوە بەرقەرار بکرێن.
مەترسیەکانی ناوخۆی گۆڕان
هەر کەسێک دان نەنێت بەوەی چەندین کێشە و قەیرانی گەورە هەناوی گۆڕان یان تەنیوە دەبێت زۆر بێ ئاگا و کاڵفام بێت، مەترسی گەورە لەوەوە سەرچاوەی کردوە کە بازنەکانی دەسەڵاتی گۆڕان بێ منەتن و ئەو مەترسیانە وەک خۆی نابینن.
بێباکی، غیابی دیدگا بۆ ئایندە، پێرەوکردنی نەریتە رێکخراوەییە بەسەرچوەکان، غیابی ئیرادەی یەکگرتو بۆ بریاردان، گروپ بازی و نەهجی رازیکردن و ئاراستەی تەوریسی سیاسی ئەو دیاردانەن کە هەناوی گۆڕان یان کلۆر کردوە و بونەتە مەترسی جدی لە سەر ئێستا و ئایندەی بزوتنەوەکە، بە تەنیشت ئەمەشەوە نەبونی سەرچاوەی دارایی جێگیر و غیابی راگەیاندنێکی تۆکمەی ناوەرۆک دەوڵەمەند و دابرانی گۆڕان لە بازنە ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەکان بزوتنەوەکەیان کردۆتە پاشکۆی روداوەکان.
دەسەڵاتدارانی گۆڕان دەڵێن کێشەکان و کەمو کوریەکانی دەستور لە کۆنفرانسی نیشتمانی گۆڕاندا چارە دەکرێن، بە رەچاوکردنی نیەتە بەرچاوەکانی ئێستای دەسەڵاتدارانی گۆڕان ئەو دەرفەتە لە کۆنفرانسی نیشتمانیدا نارەخسێنن تا هەڵسوراوان سەرپشکانە و بێ گوشارو تۆقاندنی فکری ئەرکە رەسەنەکانیان جێبەجێ بکەن.
چاوەروانی هەڵسوراوان سنوردارە، ئێستاش نەرۆیشتوە بە یەکەوە و لەو رێگەی دیالۆگی بنیاتنەر و چر و پرەوە لێکتێگەیشتنێکی ئومێد بەخش ببێتە سەرەتای چارەکردنی کێشەکانمان.
تایبەتمەندییەکان: بابەتی هەڵبژاردە

زیادکردنی وەڵام