وەرگێڕان و ئامادەكردنی: نامیق رەسوڵ
وێنەیەكی سەركردەی ئەڵمانیای نازی ” ئەدۆڵف هیتلەر” لە زیادكردنێكی ئاشكرادا دەفرۆشرێت و نرخی 10 هەزار دۆلاری لەسەر دانراوە.
لە وێنەكەدا هیتلەر كچێكی بچوكی لێوبەخەندەی لە باوەشگرتووە و دیمەنێكی نزیك لە رۆمانسیەت لە وێنەكەدا دەردەخات، بەڵام وردەكاری وێنەكە چیرۆكێكی تراژیدی هەڵگرتووە، چونكە ئەو پیاوە دواتر بووە هۆی كوژرانی شەش ملیۆن جولەكە و ئەو كچە منداڵەشی لە وێنەكەدایە جولەكەیە.
سەرەڕای ئەوەش هیلتەر توانی پەیوەندیی هاوڕێیەتی لەگەڵ ئەو كچەدا ” رۆزا برنیل نینیاو” دابمەزرێنێت ، كە دوای پێنج ساڵ بە دەستوەردانی گەورە بەرپرسانی نازییەكان كۆتاییپێهات.
ئەم وێنە دەگمەنە كە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1933, لە زیادكردنێكی ئاشكرادا لە ئەمریكا نمایشكرا.
خانەی ئەلیكساندەری مێژوویی بۆ زیادكردنی ئاشكرا لە ویلایەتی ماریلاندی ئەمریكا لە كاتی نمایشكردنی وێنەكەدا بۆ فرۆشتن نرخی 10 هەزار دۆلاری لەسەرداناوە كە وێنەگر هێنریك هۆڤمان گرتویەتی.
بیڵ پاناگۆپۆڵۆس، شارەزای بواری زیادكردنی ئاشكرادا لە لێدوانێكدا بۆ سایتی ” میل ئۆنلاین” وتی:” وێنەكە كە ئیمزاكراوە پارچەیەكی دەگمەنە و لە وێنەی نییە لە پێشووتردا”.
وتیشی:” هیتلەر راهاتبوو كە بۆ مەبەستی بانگەشە وێنە لەگەڵ منداڵاندا بگرێت، بەڵام ئەوەی نامۆیە ئەم وێنەیە ئەوە نیشاندەدات كە پەیوەندییەكی زۆر نزیكی لەگەڵ ئەو كچە بچكۆلانەیەدا هەبێت، زۆر مایەی سەرسوڕمانە”.
” خۆشەویستی هیتلەر”
هیتلەر لە كاتی ئاهەنگی لە دایكبونیدا ئەو كچە منداڵەی بینیوە و سایتی ئەلیكترۆنی ئەو خانەی زیادكردنە دەڵێت رۆزا و دایكی لەناو ئاپۆرای  ئەو جەماوەرەدا بوون كە ساڵی 1933 لە دەرەوەی ماڵی دووەمی هیتلەر وەستابوون كە بە ” بێرگهۆڤ” ناودەبرێت و كەوتوەتە سەر زنجیرە چیای ئەڵپ لە باڤاریا.
باوەڕ وایە كە هیتلەر بۆی دەركەوتووە كە رۆژی لە دایكبوونی رۆزا هەمان رۆژی لە دایكبونی خۆیەتی لەبەرئەوە،میوانداری خۆی و دایكی دەكات لە ماڵەكەیدا و ئەو وێنەیەی لەگەڵدا دەگرێت.
زۆرناخایەنێت هەتا ئاشكرادەبێت كە دایكی كارۆلین جولەكەیە و بەوەش رۆزا لە چاوی دەوڵەتی نازییەوە دەبێت بە جولەكە، بەڵام ئەوە نابێتە هۆی پاشگەزبوونەوەی هیتلەر لە بەردەوامیدان بە هاوڕێیەتی لەگەڵیدا و كۆپییەكی ئیمزاكراوی وێنەكەی بۆ ناردووە و لەسەر نوسیوە:” خۆشەویستەكەم نیناو لە ئەدۆڵف هیتلەرەوە، میونشن 16ی یۆنیۆی 1933″.
واشدەردەكەوێت كە رۆزا دواتر لای خۆیەوە لە كاتێكی تردا پولی پۆستەی لەسەر فۆتۆكە دانابێت و وێنەی گوڵی لەسەر كێشابێت.


لە نێوان ساڵی 1935 و 1938 رۆزا 17 جار نامەی بۆ هیتلەر و فیلهێڵمی یاریدەدەری ناردووە، هەتا ئەو كاتەی مارتن بورمان سكرتێری تایبەتی ئەو سەركردە نازییە داوا لە رۆزا دەكات خۆی و دایكی پەیوەندییان لەگەڵ هیتلەر بپچڕێنن، بەڵام هۆڤمانی وێنەگر دەڵێت هیتلەر ئەو كارەی سكرتێرەكەی بەدڵ نەبووە.
هۆڤمان لە كتێبەكەیدا ” هیتلەر هاوڕێم بوو” دەڵێت هیتلەر ئاگاداریكردوەتەوە كە ” كەسانێك هەن بەهرەی راستەقینەیان هەیە لە تێكدانی هەموو شادییەكانی”.
نوسەر لە كتێبەكەیدا كە ساڵی 1955 بڵاویكردوەتەوە وێنەیەكی جیاوازتری هیتلەر و رۆزای بڵاوكردوەتەوە لە ژێریدا نوسیویەتی:” خۆشەویستەكەی هیتلەر- زۆر دڵخۆش دەبوو بە بینینی لە بێرگهۆڤ، سەرەڕای ئەوەی هەندێك كەس وایان دەبینی كە ئەو كچە لە رەگەزی ئاری راستەقینە نییە”.
كۆتاییەكی تراژیدیی
دوای ساڵێك لە ئاگاداركردنەوەی رۆزا بۆ پچڕاندنی پەیوەندییەكەی لەگەڵ هیتلەر لەلایەن بۆرمانەوە، جەنگی دووەمی جیهانیی دەستپێدەكات و دوای شەش ساڵیش شەش ملیۆن جولەكە دەمرن و رۆزای هاوڕێ منداڵەكەی هیتلەریش لە تەمەنی 17 ساڵیدا و ساڵی 1943 لە نەخۆشخانەی میونشن و 10 ساڵ دوای یەكەمین دیداری لەگەڵ هیتلەر بە نەخۆشی ئیفلیجی منداڵان دەمرێت.
سەرچاوە: بی بی سی

تایبەتمەندییەکان: بابەتی هەڵبژاردە

زیادکردنی وەڵام