ئێوارەیەک وەرەو

وەک ئاواز بمژەنە،
وەک کوانو پڕمکە لە گەرمی خۆت،
لەناو ئەم وەرزی پایزەدا،
گوڵە زەردەکانی دڵ ئاوبدەو
بە تۆوە سەفەری دۆزەخ
دەرگاکانی بەهەشتە.

بەیانیەک وەرەو
با تۆسقاڵێ لە مانگی ڕوخسارت بڕنم،
دڵ لێرە پڕە لە بێ تۆیی،لەوێندەرەوە
بە بێدەنگیەکەت مەمکوژە،
تۆ هیچ کاتێک لێرە نیت،
ئەترسم من بێم وتۆ بڕۆی،
تینوێتی… عاشق
سێبەر…. عاشق
چۆڵێتی وتەنهایی…. عاشق.

وەرەو
وەک ڕاوچیەکی کارامە بمپێکە،
من ئاوێکی تینوم و
بە شەوگارێکی درێژدا لەسەفەردام،
وا بۆتۆ ئەبم بە ئاوینە،
ئەتوانی بێیت و لە خۆتم هەڵکێشی،
قیبلە
بۆ ڕوتێکردنە!.

خۆت ئەزانی!
نە ساڵێکم ئەوێ و نە مانگێ و نە ڕۆژێ،
کاتژمێرێ بەسە،
تا وەک داربەڕو سایەت بم،
وەک قورگ هاوارو
وەک بینین چاو،
وەک بەهار، سەوزەڵانیت بم.

وەک ئەبینی!
بوینەتە ڕێبوارێکی ون بووی
ڕێگایەکی ون،
برینێکین لە رەنگی بەهار،
خەڵوەتمان پڕە لە نوێژو
تەمەنمان لە وەرین،
ئاوازێک لە رەنگی مردن،
هەرچەندە مشتمان پڕەلە مۆزیقا
کەچی بۆدلمان ئەگەڕێین
کە لە کام هەوار
هەوارێ هەڵەدا.

من لە تۆ بێئاگا نیم!
وەک چۆن ئاسمان لە هەتاو
شەو لە تاریکی ئاگادارە،ئاوا!
گەرچی دنیام لەگەڵدا بێت،
بێ تۆ تەنهاترینم.

ئارام ئەحمەد
4/11/2018

تایبەتمەندییەکان: هۆنراوە

زیادکردنی وەڵام