بەشی دووەم:

 

 

٦/ ئامێرەکانی بەدیهێنانی دیموکراسی لە بواری پەروەردەدا:

ناتوارێت قسە لەسەر پەروەردەی دیموکراسی بکەین یان دیموکراتیزەکردنی فێرکردن و پەروەردەکردن و فێربوون بکەین تا وێنایەکی تیۆریاییمان نەبێت دەربارەی کۆمەڵێک ئامێر و ئامڕازی جێبەجێکردن کە فرییامان بکەوێت بۆ بەدیهێنانی دیموکراسی لە ناو دامەزراوە پەروەردەییەکاندا بە مەبەستی گواستنەوەی بۆ ناو کۆمەڵگە و دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگە لە ڕێگەی فرێخواز و فێربووەکانەوە، کە هەڵسوکەوت و ڕەفتاریان دیموکراسییانە بێت لەگەڵ هەموو ئەندامانی خێزانەکانیان و کۆمەڵگەکەیان و نیشتیمانەکەیان و نەتەوەکەیان بە بێ جیاوازیکردن. دەتوانرێت ئەم ئامراز و ئامێرانە بکرێت بە پرۆسەیەکی تەکنیکی و پرنسیپڵگەلێک لەمانەی خوارەوە:

بیری هەرەوەزیی و کارکردن لە تیب و کۆمەڵی کۆلێکتیڤانەدا:

بیری هەرەوەزیی بە گرنگترین ئامێر و ئامراز دادەنرێت بۆ بەدیهێنانی پەروەردەیەکی دیموکراسی ڕاستەقەینە؛ چونکە کارکردن لە تیبی پەروەردەیی کۆمەڵێکی دیاریکراودا هاوکاری و یارمەتی فێرخوازان دەدات بۆ کرانەوە و پێگەیشتن و تێگەیشتن و وەرگرتنی زانین و ئەزموون لەوانی دیکە، هەروەها دووری دەخاتەوە لە ڕەفتار و کرداری نەرێنی، وەک گۆشەگیری و دابڕان و کەنارگیری و هەستکردن بە ترس و کەماسیی نزمیی و خۆ بەکەم زانین، هەروەها یارمەتی خۆ ڕزگارکردن دەدات لە دەست خۆپەرستی و خودئەڤینیی. هیچ دەوڵەتێک ناتوانێت پێشکەوتن و گەشانەوە بەدی بهێنێت ئەگەر کارکردن نەخاتە بواری تیپە هەرەوەزیی و هاوەڵێتیەکانەوە(کۆلێکتیڤ)، وەک ڕۆژئاوا و ئەمەریکا. زاناکان جەختیان کردوە لەسەر بیری هەرەوەزیی و کنەکردن و بە دواداگەڕان لە تیپە هاوەڵییەکان و کۆمەڵییەکاندا بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجانەی کە پڕۆژە و پڕۆسە فەرهەنگییەکانیان هەیانە.

لێرەوە دەبینین کە پیداگۆگی بیری هەروەزیی لە بنەماکانی بەدیهێنانی فێرکردن و پەروەردەکردنی دیموکراسییانەیە، هەروەها بۆ بەدیهێنانی تازەگەرێتی لە فێرکردن و پەروەردەکردندا و بە دیموکراتیزەکردنی پەروەردە و کۆمەڵگە؛ چونکە جیاوازیە کۆمەڵایەتیەکان دەسڕیتەوە و هەموو جیاکاریەکانی ڕەنگ و زمان و پێست دەتوێنێتەوە و جێبەجێیان دەکات.

بە ناوبانگترین کەسێک کە داوای بیری هەروەزیی و دیموکراتیزەکردنی فێرگە پرۆلیتاریەکانی کردبێت، ڕاهێنەر و مامۆستای فەرنسیی(سلستان فرینیە)یە کە کۆمەڵێك ئامرازی دانا بۆ  چاندنی بیری هەروەزی لە نێوان لاوە فێرخوازەکاندا. بەکارهێنانی ئەو ئامرازانەش، لە کاری چاپەمەنی؛ لە دامەزراندنی کارە هەرەوەزییە فێرگەییەکان؛ لە بەکارهێنانی کارە زۆر وردیلە و بچکۆلەکان، لە شەونخونی و ئێشکگرتن بە دیار نووسین و دەرکردنی ڕۆژنامەکانی منداڵان، برەوپێدانی کارە کۆمەڵایەتیەکان، نوسینە پڕ بایەخەکانی ژیان، رێکخستنی کار و پیشەکان، بەکارهێنانی ئامێرە نوێکان وەک تیپی مۆسیقا و شانۆ و سینەما و کارە هونەریە جۆراو جۆرەکانە.

بەم جۆرە لە کاری هەرەوەزیی تیپە کۆلێکتیڤەکاندا، دەتوانرێت دیموکراسیی فێربوون و فێرکردن و پەروەردەکردن بەدی بهێنرێت، هەروەها کۆمەڵێک لەو کێشەو گرفتانەی دێنە ڕێگەی ڕاهێنەر و مامۆستاکان بە ئاسانی چارەسەر بکرێن، دیسان فێرخوازەکان و شاگردەکان دووربخرێنەوە لە باری دەروونی خراپ و هەست بە کەماسییکردن، یان دوورخستنەوەیان لە خۆپەرستی و خۆ بە زلزانین و لووتبەرزی.

بۆ لابردن و سڕینەوەی بەها نەگەتیڤەکان لە هەستی تاکەکاندا، بێگومان باشترین چارەسەر ئەوەیە، کە فێرخواز بخرێتە نێو کۆمەڵە کۆلێکتیڤەکانەوە، تا ڕابهێنرێت لەسەر بیری سۆسیالیستی کردەیی، بە بەکارهێنانی توانا جەستەیی و عەقڵیەکان بۆ بەدیهێنانی بەروبوومی بە پیت و بە نرخ، وەک(ئەنتۆن ماکرینکۆ) دەڵێت، هەروەها بۆ ڕاهاتنی فێرخواز و شاگرد بە دابڕانی لە کاری خۆیی و، کارکردنی لە ناو کۆمەڵە هەرەوەزییە گونجاو و وێکچووەکان لە ڕووی تەمەن و ئاستی خوێندن وەک(کوزەینی)ە دەڵێت بۆ دروستکردنی بوار و دەرفەتی کاری هاوبەش و کۆلێکتیڤانە لە پێناوی کۆمەڵگەیەکی دیموکراسیی داهێنەر و گەشەسەندوودا.

تین و هێزی کۆمەڵی کۆلێکتیڤ:

لایەنە تەکنیکیی و میکانیکیەکانی تر بۆ بەدیهێنانی دیموکراسی، هەروەها بۆ فێرکردن و دروستکردنی هاوڵاتی چاکخواز و کەسایەتی هاوسەنگ و جێگیر لە ڕووی دەروونیی و کۆمەڵایەتیەوە، بێگومان دەبێت ئەوە بزانین، کە تەکنیک و دینامیکیی کۆمەلە هەرەوەزییەکان پڕۆگرام و بەرنامەیەکی گرنگن بۆ چارەسەرکردنی زۆرێک لە دیاردە دەروونیی و هەستیی و نەستییەکان لە لای فێرخواز و شاگردەکان، هەروەها تەکنیکێکی چالاکی گرنگە کە دەتوانرێت لە پڕۆسەی فێرکردن و پەروەردەکردندا بەکاربهێنرێت‌.

فێرخواز ناتوانێت داهێنان بکات لە ناو کۆمەڵە هەرەوەزییە کۆلێکتیڤە دیموکراسییەکاندا نەبێت، کە بڕوایان بە برایەتی و کێبڕكێی پاک و پەیوەست بە بیری مۆراڵ و یەکسان و دادپەروەرەوەیە، هەروەها شاناز بە یاسا و ماف و ئەرکەوەن.

بێگومان بۆ هەرچ کۆمەڵێکی هەرەوەزی سەرکردەیەک هەیە بۆ دابەشکردنی کار و ئەرکەکان و، سەرپەرشتی ڕێکخستنی کۆمەڵەکان، ئەمەش بەرپرسیارێتیەکی گەورەیە و گرنگە کە لە ئەستۆ دەگیرێت. بێگومان سەرکردەش پێویستە بە هەڵبژاردنێکی دیموکراسیانە هەڵبژێردرێت بۆ ماوەیەکی دیارکراو تا سەرکردەکان بە نۆرە دەوری سەرکردایەتی و بەرپرسیاریتی ببینن.

بەڵام وەک ئاشکرایە ڕێکوپێکی کۆمەڵە کۆلێکتیڤەکان دەکەونە ژێر سایەیی پرۆسەیەکی بەردەوام بۆ سێ سەرکردایەتی یان سێ دەسەڵات وەک(کۆرت لوین) ئاماژەی پێ دەدات: سەرکردەیەکی دیموکراسیانە یارمەتیدەر بۆ داهێنان و ئەفڕاند و بەدیهێنانی بەروبوومێکی بە پیت و بەرهەمێکی بە بایەخ، جا ئەمە بە ئامادەنەبوونی مامۆستای سەرپەرشتیکار بێت یان لە حاڵەتی ئامادەبوونیدا بێت جیاوازی نییە و دەبێت وابێت، هەروەها سەرکردەی ئاماژە پێدراو هەوڵ ئەدات‌ بۆ دەرکەوتنی کارلێکە ئەرێنیە دروستکەرەکان وەک هاوکاری و یارمەتیدان و رێککەوتن و گونجاندن.

بەڵام مامەڵەی سەرکردەی ئۆتۆکراسیی توودنوتیژی و دڵڕەقی و زۆرلێکردنە؛ لە ئامادەبوونی سەرکردەدا هەموو دیسپلینکراون، بەڵام لە پشتپێهەڵکردنی سەرکردەدا بێسەروبەری وبەزم و ڕەزم دروست دەبێت. لەم حاڵەتەشدا، بەرهەم و کارە بەرهەمهێنەرەکان تووشی کەماسی و کەمبوون دەبێت و دامەزراوەکە دەگۆڕێت بۆ قشڵەیەکی سەربازیی، بەکردەییکردن و پراکتیکەکردنی پرنسیپڵە تیۆرییەکان لە پێناوی کارایی و چالاکی ژیان و ژینگەی فێرگە یەجگار قورس دەبێت بە هۆکاری بوونی بەها نرێنیەکانی وەک بێزاریی و شپرزەیی و ئالۆزیی و نەبوونی پێکەوە هەڵکردن و تۆلێرانس.

سەرکردایەتی بەرەڵا و بێسەروبەر لەسەر ئەو فەلسەفەیە وەستاوە کە دەڵێت”لێگەڕێ کار بکات”. ئەمەش سەرکردایەتیەکی بێسەروبەرە و ئاژاوەیە، کە هاوکاری و یارمەتی بەدیهێنانی بەرهەمی بە پیت و بە بەها ناکات، نە لە حاڵەتی ئامادەبوونی سەرکردەدا نە لە حاڵەتی ئامادەنەبوونیدا، چونکە ئەم جۆرە سەرکردایەتی و سیستمە لە دەروونی فێرخوازەکاندا پشت بە سەرکردە دەبەستێت و هەستنەکردن بە بەرپسیارێتی لە گیانیاندا دەچێنرێت. بەم جۆرە بۆمان دەردەکەوێت، کە دیموکراسی یارمەتی گەشەی کۆمەڵە کۆلێکتیڤەکان دەدات و پەرەیان پێ دەسێنێت بە شێوازگەلێکی ئەرێنی و کارا. لەبەر ئەوە، لەسەر پیاوانی کارگێڕیی و مامۆستایانە کە سەرکردایەتیەکی دیموکراسیانەیان هەبێت بۆ بەدیهێنانی سەرکەوتنی ڕاستەقینە و جۆری باشی بەرهەم .

سیکۆدراما و سوسیۆدراما:

بەکارهێنانی ئەم ڕیگەیە بۆ بینی دەور یان سایکۆدراما یان شانۆگەری فێرگەیی گرنگترین تەکنیکە لە بواری چالاکردن و کاراکردنی کۆمەڵە کۆلێکتیڤەکاندا، هەروەها گرنگترین ئامرازی چارەسەرە بۆ پێکەوە ئاوێتەبوونی فێرخوازان و دوورکەوتنەوەیان لە نەخۆشی کەنارگیریی و دابڕان و بەسەرخۆدا شکانەوە و چوونەوە ناوخۆ و ئاڵۆزییە دەروونییەکانیان لە ناو کۆمەڵە کۆلێکتیڤەکاندا و ڕزگاربوونیان لەو ئالۆزییە دەروونییەی لە هەست و نەستیاندا نیشتووە، هەرەوەها پاکردنەوەی هزر و بیر و ویژدانیان و خستەنگەڕ و جوڵاندن و چالاکیە سۆسیالیەکانیان لە ناو ئەو کۆمەڵە کۆلێکتیڤانەی کە کراوەن و پڕن لە هاوکاری و یارمەتی و برایەتی و گۆنجاندن و گەیشتنیان بە هیوا و خەونەکانیان و تەنانەت دروستکردنی خەونی گەورە بۆیان. سایکۆدراما ڕێگەیەکی شانۆگەرییە کە تاک تیایدا پشت دەبەستێت بە کۆمەڵە کۆلێکتیڤیەکەی لە گێڕانی دەوری خۆی لەو شانۆگەریەی کە تواناکانی و بەهرە شاراوەکانی دەردەکەون بە مەبەستی گواستنەوەیان لە قۆناغی شکاندنەوە بەسەرخۆیاندا بۆ قۆناغی هەمان ئاستی دەروونی هاوڕێکانی و گونجاندن و هاوسەنگی لەگەڵیاندا، دیارە ئەمەش دەبێتە هۆکارێک بۆ بونیادنانی خودی خۆی و خێزانەکەی و کۆمەڵگەکەی و نەتەوەکەی بە ڕێگەیەکی دیموکراسیانەی وەستاو لەسەر بەخشین و کارکردن و بەرهەمهێنانی پڕ بە بایەخ و کولایتیی.

بەهەرحاڵ، سایکۆدراما”تەکنیکێکی سایکۆلژییە، کە سایکۆلۆژزان(مۆرینۆ)دایناوە، پشت بە درامای سەرپێی و ڕاستەوخۆ دەبستێت، داوا دەکات لە کەسەکان کە دەوری شانۆگەریی ببینن بە بێ پەیوەستبوون بە نووسنیێکی پێشوەخت یان بە بێ پەیوەستبوون بە تێکستی نووسراوەوە، مەبەست لێی گەشە و پەرەسەندنی دەوری سەرپێی و ڕاستەوخۆیە. ئەم جۆرە تەکنیکە بووە بە چارەسەری دەروونیی و شیکاریی تاک و کۆمەڵ؛ هەروەها پێگەیاندن و گەشەی داهێنان لە لای منداڵ، دیارە وەک ئامرازێکی پەروەردەیی و فێرکاریی … سایکۆدراما لە لای گریکە کۆنەکان هەبووە، (ئەریستۆفان) لە سەدەی چواری پێش زاین دەڵێت، کەسەکان زیندانی دەورە کۆمەڵایەتیەکانیان و دەتوانن خۆیانی لێ ڕزگار بکەن و، تێبگەن لە پاڵنەرەکانی، لە کاتی گوزارشت لێیی لەسەر تەختەی شانۆ. هەروەها(ئەڕیستۆ) ئاماژەی داوە بە بایەخی ئەو دەورانە کە گرنگ و بە بایەخە بۆ کەمکردنەوەی ناڵە دەروونییەکان، لە میانەی یەکبوون لەگەڵ ئەکتەرەکانی تردا، هەروەها گرنگە بۆ پاکردنەوەی دەروون لە نەخۆشییە دەروونییەکان”.

هەموو ئەمانە بەو واتایە دێت کە مرۆڤەکان ناتوانن بگوێزنەوە بۆ جیهانی دیموکراسی و ببن بە کەسانی دیموکرات تا دەروونی خۆیان و جەستەیان و بیر و ئەندێشەیان پاک نەکەنەوە لە هەموو ئەو ئاڵۆزییە کەڵەکەبووە بۆماوەییەی، کە بە درێژایی ژیانیان وەریانگرتووە، وەک ترس؛ دڵگیریی و دڵتەنگیی و شپرزەیی و نیگەرانی و گرژبوون و چوونەوە بە ناخدا و شەرم و دابڕانە مردوو هێنەرەکان. چالاکییە پەروەردەییە تەکنۆلۆجیەکان:

لە فەلسەفەی چالاکییە نوێکان و بیرکردنەوە پێداگۆگییە داهێنەرەکان پێویستە قەرەبووی دروستکردنی گوتاردان و گوتارخوێندنەوە و ئاراستەکردن بە ڕێگە پێداگۆگییە زیندووە هاوچەرخە کردەییەکان بێت، کە لەسەر بیر و ئەندێشەی هەروەزییەوە سەرچاوەی گرتووە، هەروەها پێداگۆگییە دینامیکیە کۆمەڵەکان کارا بکرێن، پشتبەستن بە کارایی بەرهەمهێنەر و، بەکارهێنانێکی کراوە و دانەخراو، دامەزراوەی پێداگۆگیی لە پێناوی ئازادبوونی فێرخوازان لە نەرێنی و سنوردارێتیدایە، تا دەستیان کراوە بێت لە بەرهەمهێناندا، هەروەها ئازادبوونیان لە کۆتوبەندە بیرۆکراسییەکان و فەرمانەکانی مامۆستای ستەمکار و چەوسێنەر، لە جیاتی هەموو ئەمانە هاوبەشیکردنێکی دیموکراسیانەی وەستاو لەسەر چالاکی و داهێنان و ئەفڕاندن، ئەویش لە ڕێگەی دامەزراندنی تاقیگە زانستییەکان و شارەزا ئەدەبیی و کارگە هونەرییەکان و بەڵێندەرە تەکنیککارەکان و یانە وەرزشییەکان لە ناو هەرچ دامەزراوەیەکی زانستی دیاریکراودا. دامەزراوەکان دەتوانن بۆ ئەم کارانە پشت ببەستن بە خەرجی و داهاتی خودی خۆیانەوە بە پێی یاسای دانپیانراوی دەوڵەتیی.

فەلسەفەی چالاکیی و پوختەیی:

گرنگترین ئامێری کردەیی بۆ بەدیهێنانی بە دیموکراسییکردنی فێربوون و کاراییکردنی پەروەردەی دیموکراسیانە پێکهێنانی چالاکییە نیشتیمانییەکانە لە سایەی سیستمی پەروەردەیەکی ساغڵەم، کە بڕوا و متمانەی بە کوالیتیی چەندێتیی و چۆنیەتیی هەبێت، ستایشکردن و پیاهەڵدان و پاڵپشتیکردنی هەموو ئەوانەی کە خاوەنی تواناو بەهەرە و پسپۆڕی و هونەرریی و ئەدەبیی و تەکنیکیین.

پێویستە مەبەست و ئامانج و خەسڵەتە خوازراوە گەورەکانی پرۆسەی پەروەردە و هەنگاوە دیالیکتیکەکانی سیستمی فەلسەفەی پەروەردەیی تێبگەین و قبووڵیکەین، هەنگاوی یەکەمیش بۆ ئەمە دەسپێکردن بە فەلسەفەی چالاکیە، کە بە هاندانی یاداشت و تێبینیە وەزارییەکان دەکرێت، بەو واتایەی کە چالاکییەکان پاڵنەرێکی بناغەیین بۆ ئامادەکردن و خستنەسەرپێی لاوە تازە پێگەیشتووەکان، هەروەها ئامادەکردنی فێرخوازان بۆ کۆمەڵگە؛ بۆیە کۆمەڵە تەکنۆلۆجیە هاوچەرخەکان و سیاسەتی جیهانگیری و کێبڕکێی ڕاگەیاندنەکان لە فێرگەدا پێویستە دیموکراسیانە بێت لە میانەی کاری کارگێڕیی و فێرکردن و پەروەردەکردندا، هەموو ئەمانەش دەچنەوە ڕاژەی پێشکەوتنی کۆمەڵگە چ لە ڕووی ئامێر و ئامڕازە بەرهەمهێنەرەکانەوە بێت یان لە ڕووی خزمەتگوزارییەکانەوە بێت.

ئەگەر چالاکیەکان دەستپێکێکی فەلسەفیی پراگماتیکیی بێت لە پرۆسە دیالێکتیکیە پەروەردەییەکەدا، ئەوە دەبێت وردەکارییەکان و بەشە چکۆلەکە و وردەکان هاوتەبا بن لەگەڵ گۆڕاکارییەکاندا و بریتی بێت لە ڕێنماییەکان بەرامبەر بە شێوە و فۆرمی کێشە و گرفتە واقیعیەکانی کە دێتە ڕێگەی فێرخوازەکان، واتە کێشە کۆمەڵایەتییەکان بخرێتە نێوەندی فێرگەکانەوە و مامۆستایانیش ئامادەباشییان هەبێت بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارە کوتپڕیی و لە ناکاوەکان. بە واتایەکی تر ناوەڕۆکی فێرگەکان و پرسیارگەلی فێرخوازان لەسەر کێشە و گرفتەکانی ناو کۆمەڵگە بە خێرایی و ڕاستەوخۆ وەڵام بدرێنەوە و دیموکراسیانە ڕەخنە و پرسیارەکان قبووڵکرێن.

بێگومان دەبێت پێداگۆگیی لە نوێکردنەوەدا بێت و ئاماڕازە دایلێکتیکیەکان هاوتەبا و هاوئاهەنگ بن لەگەڵ گەشە و پەرەسەندی پێداگۆگی و داوکارییەکانی بازاڕ و کار و گەشەی زانست و تەکنۆلۆجیادا، بۆیە پێویستە سوود وەربگیرێت لە هەموو ئامڕازەکانی ڕاگەیاندنە بەردەستەکان لە مەیدانی فەرهەنگی و زانستە پێدراو و بەردەوامەکاندا، هەموو ئامارازە نوێکان بە دوای ئەزموونەکانەوە بن بۆ گەیشتن بە تازەگەریی و هاوبەشیکردن لە دەوڵەمەندکردنی سیستمە پەروەردەییە ئارەزوو بزوێنەکاندا. ئەم پرۆسەیە سەرکەوتن بە دەست ناهێنێت لە ڕێگەی بەدەستهێنانی ژینگەیەکی پیداگۆگیی گونجاو و باشەوە نەبێت، وەک فێرگەی ژیان و ژیانکردن، کۆمەڵی هاوبەش و دامەزراوە پڕۆژەییەکان، چاکسازی و دیموکراسی لە ئیدارەدا، چاکاسازی کۆمەڵگە بە بەردەوامی و هەمیشەیی، چاکسازی و باشکردنی ئامڕازەکانی هەڵسەنگاندن و چاودێریکردن بەسەر بنەماکانی پێداگۆگی و چلاکییە واقیعیەکانی بەشە بچکۆلەکانەوە، هەروەها پێکهێنانی دەستەی بەدواداچوون و پشکنین بۆ ئەوەی کارەکانی خۆیان و دەوری خۆیان بە باشی جێبەجێ بکەن، وەک چاودێریکردنی مامۆستایان و ڕێنمایکردنیان لەسەر نوێترین و باشترین جۆری بەرهەمەکان. هیچ مامۆستایەکیش سەرکەوتن بە دەست ناهێنێت لە پڕۆسەی فێرکردن و فێربووندا ئەگەر سیاسەتێکی کراوە و هاوکاری و یارمەتی و دیالۆگ و کارکردن لە چوارچێوەی تیپێکی پەروەردەیدا نەبینێت، هەروەها گرنگیدان بە باسە زانستیەکان و بەرهەمە فەرهەنگیەکان لە پێناوی دەوڵەمەندکردنی گەیشتن بە زانین و پرۆگرامی نوێدا.

فەلسەفەی هاوبەشیکردن:

بۆ بونیادنانی پڕۆژە پەروەردەییەکانی خزمەت بە دامەزراوەکان لە دوور یان لە نزیک، بێگومان پێویستە چاوبخرێتە سەر بابەتە هاوبەشە یەکەمیی و زۆر پێویستەکان وەک بەرەنگاربوونەوەی بەفێڕۆنەدانی کات و وزە فێرگەییەکان لە ڕێگەی هاندانە پەروەردەییەکان و پێشکەشکردنی سەعاتی زیادەی خۆبەخشی بۆ زیاتر خزمەتکردنی فێرخوازان و یارمەتیدانیان بۆ پیاجوونەوە و گەڕانەوە بە وانەکانیان و جێبەجێکردنی ئەو ئەرک و وەزیفانەی دەدرێت بەسەریاندا  لە فێرگەکاندا، یان دەدریت بەسەریاندا بۆ تەواوکردنی سەعاتەکانی خوێندن واتە لە ماڵەوەیاندا، یان جێبەجێکردنی ئەرک و وەزیفە وەرزییەکانیان ئەویش بە پێی پڕۆگرام و شیکارییەکانیان لە لایەن خۆیانەوە بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی خوێندن و فێربوون، هەروەها بۆ پڕکردنەوەی هەموو کەلێن و کەماسییەکانیان لە ڕێگەی ڕێنماییەکان و هەوڵە دیموکراسییەکان کە لەسەر ئاراسەکردنێکی ڕاست و دروست و سەرکەوتن بە دیالۆگ و مشتومڕێکی دیموکراسییانە و لۆژیکانە.

شتێکی ئاشکراشە کە ئەتوانرێت پەناببرێتە بەر مامۆستاکان و سەرپەرشتیاران و سوود وەربگیرێت لە ئەزموون و ڕێنماییەکانیان بۆ گەشەی باسە پەروەردەییەکان، کە چەق دەبەستێت لەسەر باشکردنی زانین و تێگەیشتنی فێرخواز، بە گونجاندنی فەلسەفەی چالاکی و تازەکردنەوەی ڕێگاکانی پێداگۆگی و ئامڕازەکانی دیالێکتیکیی و ئامرازەکانی چاودێری و هەڵسەنگاندن و ڕێکوپێککردنی تاقیکردنەوەکان، بێ ئەوەی بیرمان بچێت کە گرنگی هاوبەشیکردن لە بونیادنانی مامۆستایان و ئیدارەی پەروەردەیی لە لایەن سەرپەرشتیارانەوە و کارگێڕەکانەوە کە شارەزاییان هەیە لە چۆنیەتی مشتومڕکردن لەسەر یاداشت و تێبینیەکان و ڕوونکردنەوەیان و باسکردنیان و تەگبیرکردن بۆ چارەسەری گرفتەکان و هەروەها چۆنیەتی سازدانی کۆڕ و کۆبوونەوە فێرکارییە پەیوەندیدارەکان بە پەروەردەکردن و فیرکردنەوە.

هاوبەشییە ناوخۆییەکانی فێرگەکان بە ئامانجی گەشە و سەقامگیری و بەکارهێنانی دیجیتاڵ مێدیا و پەیوەندییە تەکنۆلۆجیەکان لە میانەی بونیادنانی دەستە و لیژنەکانی مێدیا و پەیوەندییەکانی تۆڕی ئینتەرنێت بە جیهانەوە. نابێت بێ ئاگابین لە گرنگی و بایەخی پرۆسە پێشکەوتووەکانی پەیوەند بە مامەڵەکردنی سایکۆلۆجیی و کۆمەڵایەتیی و ئیدارەیی بە شێوەیەکی بونیادی و مرۆڤگەرایی لە وەزیفەکانی ناو دامەزراوە پەروەردەییەکان ئەویش بە ڕێزگرن لە فێرخوازن و کەسە پەروەردەییەکان و ئیدارییەکان و هەڵسوڕاوە سەرپەرشتیکارەکان و دایک و باوکان و مندالەکانیان و پەنابردن بۆ سیاسەتێکی نەرم و دایلۆگێکی دیموکراسیانە و ڕێزگرتن لە مافی مرۆڤ و جێبەجێکردنی پرنسیپڵەکانی یەکسانی و ڕێزگرتن لە چالاکیەکان و بەدیهێنانی کوالیتی داهێنان و چۆنیەتی و چەندێتی بەرهەمەکان.

هاوبەشییە پەروەردەییەکان ئەبێت پشت ببەستێت بە هاندان لەسەر داهێنانە پەروەردەییەکان و پێشخستنی وەرزش و چالاککردنی دامەزراوە فێرکاریە هونەریی و فەرهەنگیی و مێدیایی و کۆمەڵایەتی و ژینگەییەکان.

پێداگۆگی بەهرەداریی:

تیۆریا پەروەردەییە بەهردار و داهێنەرەکان پاڵ ئەدات بە کۆمەڵێک بنەما و پایەوە، وەک: هەوڵدانێکی بەردەوام بۆ تازەگەریی و تازەکردنەوە و دوورکەوتنەوە لە دووبارەکردنەوە و کۆپیکردنی ئەوەی کە هەیە و زووتر لەبەردەستا بووە، دوورکەوتنەوە لە تازەگەرێتی خەیاڵپڵاویی و هەوڵدان بۆ بەدیهێنانی تازەگەرێتی ڕاستەقینە و واقیعیانە و بونیادنەر و مەبەستدار بە ئاراستەی سوودگەیاندن بە مرۆڤ و گۆڕانکارییە مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکان. دیارە ئەمەش بەدی نایەت تەنها بە فێربوون و خۆ ڕۆشنبیرکردن نەبێت، هەروەها بە جێبەجێکردنی پێداگۆگیەکی دیموکراسییکراوی ناو هەموو دامەزراوە دیموکراسییەکانی دەوڵەت. ئەم جۆرە لە پیداگۆگیی داهێنەر و بەهرەدار لە دەوڵەتی دیکتاتۆری و حوکمە سەتمگەرەکاندا جێبەجێ ناکرێت.

ناشتوانرێت قسە لەسەر تیۆریایەکی داهێنەرانە بکرێت ئەگەر هەوڵدان و هاندانێکی گەورە لە ئارادا نەبێت بۆ پلانڕیژ و بونیادنان و دووبارەکردنەوەی بونیادنان و پێشنیاز و دۆزینەوە نوێکان و گەشەدان بە تواناکانی مرۆڤ لە ڕووی ماددی و مەعنەویەوە بۆ ڕووبەڕوووبوونەوەی هەموو ئالانگەریەک.

مەرجەکانی تیۆریای داهێنان و بەهرەدار پەیوەستبوونێکی هەمیشەیی بە نایابی جۆری بەرهەم لە ڕووی چەندێتی و چۆنیەتیەوە، ئەمەش بەدی ناهێرێت بە بونیادنانی  دیموکراسیانەی فێرخواز و هاوڵاتی و کۆمەڵگەوە نەبێت.

کاراییکرد و بە گەڕخستنی ژیان وژینگەی فێرگەیی:

ژیان و ژینگەی فێرگە کار لەسەر دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی و کراوە و هۆشیار و گەشەسەندوو دەکات لە نێو دامەزراوە پەرەوەردەییەکان و میانە و جێوڕێی پەروەردەدا، هەروەها هەڵدەسێت بە توانەوە و سڕینەوەی ململانێ هەستیی و ناهەستییەکان و نەمانی جیاوازیە چینایەتیەکان و سنوردانان بۆ هەموو هۆکارە ململانێ بێزارکەرەکان و دڵڕەقییە کۆمەڵایەتیەکان، بە تایبەتی کە ژیان و ژینگەی ناو فێرگە بریتیە لە دامەزراوەیەکی پەروەردەکردن و فێرکردنی چالاکانە و کارایی و کردەیی، کە کار دەکات لەسەر دامەزراوەکانی تری ناو کۆمەڵگە، هەروەها کار دەکات لەسەر زۆرکردنی ژیانێکی بەختەوەر و هیوا و دڵنیایی و خۆشبەختی، دیسان کار دەکات لەسەر بەدیهێنانی ئازادیەکی ڕاستەقینە و  و دڵنیایی کۆمەڵگە، هەوڵ ئەدات‌ بۆ جێگیرکردنی بەرزکردنەوەی فەرهەنگی هاوڵاتی باش لە چوارچێوەی ڕێز و مافی فێرخواز و مرۆڤ لە ناو دامەزراوەکان و، جێبەجێکردنی یەکسانی ڕاستەقینە و چەسپاندنی یاسا دادپەروەرییەکان و کردنەوەی دەرگا و دەروازەی پرنسیپڵەکانی گونجاندن و پێکەوە ژیان و تۆلێرانس بە دوورکەوتنەوە لە جیاکاری ڕەگەزیی و توخم و زمان و چینایەتی یان کۆمەڵایەتی، هەموو لە بەردەم یاساکاندا وەک یەک وا دەبن و، وەک یەک دەژین و، وەک یەک کار و چالاکی ئەنجام دەدان. هێزی سەرمایەی فەرهەنگی زۆر لە هێزی سەرمایەی ماددیی گەورەتر و بەهێزترە لە دامەزراوە پەروەردەییە دیموکراسیی و دادپەروەرەکاندا.

جێبەجێکردنی پرنیسپڵەکانی وانە وتنەوە:

گرنگترین ئامڕاز و ئامێری بەدیهێنانی پەروەردەی دیموکراسیانە، کە کار بکات لەسەر سنوردانان بۆ ململانێ جۆراوجۆرەکان لە ناوەخنی چالاکیە پەروەردەییەکاندا، جێبەجێکردنی پرنسیپڵەکانی وانە وتنەوەیە، بۆ ئەوەی بتوانرێت توانا جیاوازەکانی فێرخوازان لەبەرچاو بگرێت، تا لەم ڕێگەیەوە بتوانێت ئاستە چیاوازەکانی زیرەکی دیاری بکات و لەبەرچاویان بگرێت بە مەبەستی بەدیهێنانی ئەنجامێکی ئەرێنی و پێداگۆگیەکی کارامە بەش بەش کراوەکان، بۆ هەر ئاستێک لە ئاستەکانی زیرەکی و توانا جیاوازەکان ئەم پێداگۆگیە کارامەیە کاری خۆی دەکات و هەوڵ ئەدات‌ لەم ڕێگەیەوە جیاوازیەکان بسڕێتەوە. ئەم جۆرە لە پێداگۆگیی بڕوای وایە کە :”منداڵان لە تەمەنێکدا و لە پۆلێکدا، یان لە قۆناغێکی خوێندندا هەموویان وەک یەک نین و جیاوازی لە زیرەکی و توانایاندا هەیە بۆ نەهێشتنی ئەو جیاوازیانە، پێویستی بە پێداگۆگیەک هەیە کە ئەو جیاوازیانە لەبەرچاو بگرێت، لەم ڕێگەیەوە ئەو منداڵانەی بێ توانان، یان کەمتر توانایان هەیە لە منداڵەکانی دیکە پێشدەخرێن و ئاستی زیرەکیان بەرزدەکرێتەوە و چیتر جیاوازنیەکان نامێنن”.

بۆ نەهێشتنی ئەو جیاوازیانە، کە شتێکی سروشتییە و دەبێت زۆر بە ئاسایی وەربگیرێت. مامۆستاکان یان سەرپرشتیارەکانی فێرگەکان پێویستە هەوڵی ئەوە بدەن کە وانەی زیاتر بەو منداڵانە بڵێنەوە کە توانایەکی کەمتریان هەیە، زۆریش گرنگە کە بێ توانایی ئەو منداڵانە بە جۆرێک لە بەرچاوبگیرێت کە هەستیان بریندار نەکرێت، چونکە بەو هەوڵانە بە ئاسانی دەتوانرێت ئاستی خوێندن و زیرەکیان بەرزبکرێتەوە بۆ ئاستی منداڵە زیرەکەکان.

Jamil Hamdawi

وێنەی نوسەر: جمیل حمداوي

تایبەتمەندییەکان: وتارو بیروڕا

زیادکردنی وەڵام