بەشی یەکەم:

پەیوەندی پەروەردە بە دیموکراسیەوە پەیوەندییەکی دیالێکتیکییە، بە جۆرێک، کە ناتوانرێت قسە لەسەر فێربوون و ئازادییە تایەبەت و گشتییەکان بکرێت لە حاڵەتی نەبوونی دیموکراسی راستەقینەی هەڵنراو لەسەر بنەمای یەکسانیی‌ و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و بڕوابوون بە جیاوازییەکان و داننان بە پلۆرالیزمدا.

هەروەها ناتوانرێت قسە لەسەر دیموکراسی بکرێت لە حاڵەتی نەبوونی پەروەردەیەکی راستەقینە و فێربوونێک، کە بونیادنەنراو و ئامانجگیر و چییەتیەکی باش و داهێنەرانە و بەرهەمهێنەری چوست و چالاکیی و رێزلێنان لە بەهرە و بایەخدان بە چالاکیە پەروەردیەکان و هەروەها ڕێزلێنان لە فێرخواز و فێرکارەکان نەبێت؛ کە سەرقاڵی دۆزینەوە و بە دواداگەڕان و کۆڵینەوەی کرداریی و زانستیی نەبێت. لێرەوە دەبینین کە پەروەردە و دیموکراسی وەک پارەی نەختینەیی پەیوەستن بە یەکترەوە، پەروەردە بێ دیموکراسی نابێت و دیموکراسیش بێ پەروەردە نابێت.

لە ئەمڕۆی کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتییەکاندا هەرە پێویستیترین پەروەردەیەکی دیموکراسییانەیە، کە هاوڵاتییبوون و مافەکانی مرۆڤ تیایدا بەرتەسکبووەتەوە و دادپەروەری بە جۆرێک لە کەمبوونەوەدایە، کە خەریکە بە تەواوەتی نامێنێت. پەروەردەی دیموکراسییانە لە پێناوی ئامادەکردن و گەشەی نەوە نوێکانمادایە تا نەوەیەکی نوێی مۆراڵ و ئاکار دیموکراسییانەی وایان لێ بێتە بەرهەم بتوانن ئیدارەیەکی وردی وڵات و کۆمەڵگە لەسەر دیدگایەکی ڕوونی فراژووتن و داهێنان و ئەفڕاندنی دیموکراسییانەی بونیادنراوی هەست بە بەرپرسیارێتیی و دیسپلین و هاوڵاتییبوون و ماف بکەن؛ ئارەزووکردن لە ئازادی و گۆڕانکاری و دروستکردنی دەوڵەت و نەتەوە لەسەر پێوەری داهێنان و بەرهەمهێنان و ئافڕاندن و فراژووتن و گەشەکردن بە مەبەستی گەیشتن بە پێگە و ئاستی دەوڵەتە پێشکەوتووەکان و نەتەوە گەشەکردووەکان لە ڕووی شارستانیی و زانستیی و تەکنۆلۆژییەوە دەبێت.

کەواتە، پەروەردە چییە؟ ئەی کۆنسێپتی دیموکراسی چییە؟ پەیوەندی پەروەردە و دیموکراسی چییە؟ ئەو ئاستەنگ و تەنگەژانە چیین، کە دەبنە رێگر لەبەردم بە کردەییکردن و مەشقکردنی پەروەردەیەکی دیموکراسییانەدا؟ لەم توێژینەوەیەدا هەوڵئەدەین وەڵامی ئەم پرسیارانە بدەینەوە.

١/ کۆنسێپتی پەروەردە:

پەروەردە کردەیەکی پەروەردەیی و پوختەکردن و چاکردن و مۆراڵی و ئاکاریە بە ئامانجی پێگەیشتن و گەشەکردنی منداڵ و فێرخواز بە پێگەیشتن و گەشەکردنێکی کۆمەڵایەتی دروست و ساغلەم. پەروەردە هاوبەشی دەکات لە پاراستنی داب و نەریت و نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان، پەروەردە هەوڵێکی شێلگیرانەیە بۆ پێکهێنان و بەرهەمهێنانی هاوڵاتییەکی باش، هەروەها کار دەکات لە پێناوی گۆڕینی کۆمەڵ بەرەو باشتر و پێشکەوتووتر لە رێگەی دیموکراتیزەکردن و بە کولتووریکردنی دیموکراسیی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و یەکسانی نێوان مرۆڤەکان. پەروەردە سەرلەنوێ بونیادێکی مۆراڵی و ئاکاری کۆمەڵگە دادەڕێژێتەوە و پێگەی بەرزدەکاتەوە بۆ گەیشتن بە ئاستی دەوڵەتە پێشکەوتووەکان و شارستانێتە مرۆییە بەرزەکان.

پەروەردەی جددی هەوڵ ئەدات بۆ پەیوەستبوونی تاک بە کۆمەڵگەوە، ئەویش بە گونجاندن و ڕاهاتن و سەرکەوتن و گۆڕانکاری تیایدا، هەروەها هەوڵ ئەدا بۆ:”پەرەپێدانی کەسایەتی مرۆڤ و پاڵپشتیکردنی مافەکانی مرۆڤ و ئازادیە بنەڕەتیەکانی. واتا پێکهێنانی سەربەخۆیی بیر و ئەندێشە و مۆراڵی تاک، ڕێزگرتنی ئەم سەربەخۆییەش لە لایەن ئەوانی ترەوە لەسەر بنەمای هەمان مامەڵە لەگەڵ یەکتریدا تا سەربەخۆیی ببێت بە پڕۆژەیەک بۆ هەموو تاکەکان وەک یەک.”

بە هەرحاڵ، پەروەردە ئامڕازێکە بۆ بەدیهێنانی داهێنان و ئەفڕاندن و بەدواداگەڕان و دۆزینەوە و ڕاڤەکردن و کنەکردن و کۆڵینەوە و بە دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگە؛ چەقبەستن لەسەر ئازادی و دەستپێشخەری تاکی ئازاد لە هەرچ جۆرە گفتوگۆکردنی مەبەستدار و ڕەخنەگرتنی بونیادنەر و دیالۆگی دروست لە پێناوی بونیادنانی کۆمەڵگەی پێشکەوتوو و بە ئاگا و هاوبەشیکار لە تازەگەری و ڕێگە خۆشکردن بۆ دەرکەوتنی وزەی تاک و کۆمەڵگەیەکی بەرهەمهێنەر و داهێنەر و دۆزەرەوەی تیۆری تەکنیکیی و کردەیی و زانیارییەکان.

دکتۆر محەمەد لبیب نجیحی دەڵێت:”ماددام ئامانجی بنەڕەتی پەروەردە گەشەی بیر و ئەندێشە و بەکارهێنانی زیرەکییە، کەواتە پەروەردە لە پێناوی ئازادییەکانی مرۆڤدا کار دەکات. جەختکردنەوە لەسەر گەشەی منداڵ، واتا جەختکردنەوە لەسەر سڕینەوەی ئاستەنگەکانی بەردەمی توانا هۆشیارییەکانی منداڵ، هەرەوها زەوینەخۆشکردن و دەرفەت و بواردان پێیی تا بتوانێت کارا بێت و توانا شاراوەکانی و ئەو ژینگەی تیایدا دەژی بەکاری بهێنێت بۆ ئەوەی کە خۆی دەیخوازێت. کۆمەڵگەی سەربەخۆ ئەو کۆمەڵگەیەیە کە تاکەکانی هاوبەشی بکەن لە پەرەسەندنی و ئاراستەکردنی بەرەو گۆڕانکارییە پێیوست و پێشکەوتووەکان.”

کاتێک تاکەکانی کۆمەڵگە ئازد بن و هەست بە ئازادی بکەن کەواتە پەروەردە هاوبەشیی کردووە لە کرانەو و پێشکەوتنیدا. مەبەستمان لە کۆمەڵگەی کراوە ئەو کۆمەڵگەیەیە کە رێگەی گەشە و پەرەسەندنی بۆ کراوەتەوە و خراوەتە سەرپێی بەرەوپێشچوون، واتا واقیعی مەوجودی تێپەڕاندووە. کۆمەڵگەیەکی لەم جۆرەش ئەو کۆمەڵگەیەیە کە بە جۆرێک خۆی ڕێکخستووە توانای بەدەیهێنانی هەموو کاروبار و مەسەلەیەکی مرۆیی هەیە. کۆمەڵگەیەکە قبووڵی گۆڕاناکرییەکان دەکات و وەک ئاماڕازێک بەکاریان دەهێنێت بۆ سەرکەوتن بەسەر گەندەڵی و داڕزاندا، زیرەکی و هەوڵە هەروەزییەکان لە نێوان تاکەکانی کۆمەڵگەدا هەموویان دەبنە گەشە و پێشکەوتنی مرۆڤ و مرۆڤبوون.

جگە لەمانەش پەروەردە بەدیهێنەری کۆمەڵێک ئەرکی کرۆکییە وەک فێڕبوون، ڕۆشنبیربوون، پاقژبوون، پاڵاوتنبوون و ڕزگاریی بیر و هزر و ئەندێشە لە کۆتوبەندەکان و ئەفسانە و حیکایەتە ساختەکان و جادوگەریی و، پەیوەستبوون بە مرۆڤایەتیی و زانست و ئاسۆ ڕووناک و نموونەییەکانەوە.

٢/ کۆنسێپتی دیموکراسی:

ئەوە ئاشکرایە، کە دیموکراسی بە واتا پێدراوەکانی واتا حوکمی گەل لە لایەن خودی گەل خۆیەوە، بە واتایەکی تر حوکمی زۆرینە دوای پرۆسەی هەڵبژاردن و دەنگدان و جیاکردنەوە و پاکردنەوەی دەنگەکان. دیموکراسی بەرامبەر و دژی حوکمی دیکتاۆری و حوکمی ئۆتۆکراسییە، کە هەردووکیان حوکمی زوڵم و ستەم و هەژموونی دەسەڵاتێکی ڕەهان. دیموکراسی چەقبەستن و چاودانە لەسەر یاسا و ماف و ئازادیەکان و دادپەروەریی و کەرامەتی مرۆڤ بە بنەماگرتنی مافەکانی مرۆڤ و چەسپاندنی یەکسانی ڕاستەقینە لە نێوان ڕەگەز و توخمەکاندا. گرنگترین بنەمای دیموکراسی هەست بە بەرپرسیارێتی و پەیوەستبوون پێیەوە و، ڕێزگرتن لە سیستم و بایەخدانی زیاتر بە لایەنی زانست و زانین بەسەر لایەنی هێز و تووندووتیژییدا.

دیموکراسی کارا و ڕاستەقیەن بەم جۆرە دادەمەزرێت:”مامەڵەی دیموکراسیانە لە نێوان دامەزراوەکانی پاراستن و ڕێزگرتنی مافەکان و جێبەجێکردنیان بەو یاسا و دامەزراوانەی کە لە چوارچێوەی دەوڵەت و ماف و یاسادا هەن. ئەوەش ئاشکرایە کە ڕێزگرتن لە مافەکان و جێبەجێکردنی ئەرکەکان نایەتە دی بە بێ بوونی تاکی ئازاد و سەربەخۆ. دیموکراسی مەسەلەیەکی ڕووکەش و شکڵیی نییە، هێندەی ئەوەی کە فەرهەنگ و مامەڵەیە؛ تێگەیشتن و قبووڵکردنە بۆ ڕا و بۆچوونە جیاوازەکان؛ یەکسانی و دادپەروەریی و ویژدانگەرایی و هاوبەشیکردنێکی سیاسیانە و بڕیاردانی (تاک)‌ە لەسەر چارەنووسی خۆی و هەڵبژاردەی خۆی؛ هەروەها ئەفەرۆزکردنی دەسەڵاتخوازییە لە هەموو بوارەکانی ژیاندا؛ دیموکراسی ئەمڕۆ و سبەینێ بەدیهێنانی زیاتر و زیاتری ڕێزی تاکەکان و تواناکانیانە. نابێت دیموکراسی و ڕەفتاری دیموکراسیی بەوە دابنرێت، کە دامەزراوەی دیموکراسیی لە ئارادایە، یان یەکێک بێت لە سیاسەتە نەگۆڕەکان، بەڵکو پێویستە وا تەماشای بکرێت وەک پێویستییەکی مۆراڵی کە پرنسیپڵەکانی لە نێوان مرۆڤەکان و ئامانجە جیاوازەکان و داننان بە جیاوازییەکان تا مرۆڤەکان بتوانن زاڵ بن بەسەر ‌هەڵچوون و تووندڕەوییەکانیاندا و دوورکەوتنەوە لە هەموو بڕیارێکی تاکلایەنە و خۆیی.”

کەواتە، دیموکراسی بەدیهێنەری بەختەوەریی مرۆڤەکانە، دڵنیابوونیانە لە ژیانێکی سەروەرانە، زۆرکردنی دەرفەت و بواری کارکردنە، پڕکردنەوەی حەز و ئارەزووە خۆڕسکییەکانیەتی وەک خواردن و خواردنەوە و سێکسکردن، شکاندنی تینوێتی زانست و زانین و هونەریی و کولتورییە، دەربازبوونی لە کڵۆڵیی و چنگی هەژاریی و دواکەوتوویی و پێشکەوتن بەرەو جیهانێکی زیاتر جێگیر و دڵنیایی پڕ لە ژیانی بەختەوەری و خۆشگوزەرانی و هاوبەشیکردن لە داهێنان و ئەفڕاندن و بەخشین.

٣/ کۆششکردن بۆ پەروەردەیەکی دیموکراسییانە:

کۆششکردنێکی فرە هەس بۆ گەیشتن بە پەروەردەیەکی دیموکراسییانە، گرنگترینی ئەو کۆششکردنانە کتێبەکەی جۆن دیویە، بە ناونیشانی”پەروەردە و دیموکراسیی” کە لە ساڵی ١٩١٦ی زاینییدا بڵاوکرایەوە، کۆی ئەم کتێبە باس لە فەلسەفەی پەروەردە و جێبەجێکردنی دەکات، کە هەریەکە لە میشڵین و فراند میڵی سەرپەرشییان کردووە. هەروەها کتێبگەلێکی زۆر و نووسیێکی فرە دەربارەی پەروەردە و دیموکراسی نووسراون، وەک کتێبەکەی ئافانزینی لە ژێر ناوی:”دۆگما و تازەگەری لە پەروەردەی فێرگەکاندا” کە بەشی سێیەمی لە ژێر ناوی:”پەروەردەی نوێ و دیموکراسییدایە”.

٤/ جێکەوتەی دیموکراسی لە دامەزراوە پەروەردەییەکاندا:

هەرچ کەسێک تەماشایەکی خێرای گشتی دامەزراوە فێرکاریی و پەروەردەییەکان بکات تووشی سەرسوڕمانێکی بە‌هێز دەبێت؛ چونکە ئەم دامەزراوانە گۆڕاون بۆ ئۆردوگای سەربازیی، تژی لە دیسپلین و ڕێزگرتن لە یاسا و سیستمی دامەزراوە، تەنانەت دەرگاکانیان لەسەر شێوازی دەرگای بەندیخانە شاراوەکانە، لە بەردەمی دەرگاکانیاندا حەزحەزێک بە پۆشاکی فەرمییەوە وەک پۆشاکی سەربازی ڕاوەستاوە، تێڵایەکی کورتی بە دەستەوە گرتووە وەک حەرەسی عەمبارەکان، بۆ ترساندنی چرۆ و ئاسۆی پاشەڕۆژ، ئەمەش لە پێناوی سەپاندنی سیستمەکەدا، ئەگەر پێویست بکات ئەوە تێڵاکەی و هێزی تووندووتیژیی بەکار دەهێنێت چ تووندووتیژی جەستەیی یان دەروونیی.

هۆکاری ئەم واقیعە پەروەردە خراپە لە سیستمێکی پەروەردەی ئۆتۆکراسیەوە سەرچاوە دەگرێت، کە پشت دەبەستێت بە زمانی سەرکوتکردن و ڕق و کینە و ترسان وەک دیکتاتۆریەتی سەربازی وایە، کە هیچ شتێک نازانێت جگە لە بەکارهێنانی تووندوتیژی و تەمێکردن و تۆقاندن؛ پەروەردەیەکی لەم شێوەیە لەتەمەنی ناسکی منداڵدا دەروونێکی خراپ و نەخۆش و نەگەتیڤ و هەستکردن بە ڕق و کینە و ترس دروست دەکات، هەروەها لاوازی و بێ توانایی لە سەرچڵێتیی و خەیاڵ و داهێنان و ئەفڕاندن دەکوژێت و تێنەگەیشتن و نەزانین دەربارەی دیموکراسی ڕاستەقینە و یەکسانی کۆمەڵایەتی بەربڵاو دەکات.

ئەنجامی ئەم فشارە سیاسییەش دەرکەوتنی نەوەیەکی تازە پێگەیشتووی لاوانە، کە یاخی دەبن و هەڵدەگەڕێنەوە لە خێزان و فێرگە و کۆمەڵگە، هەڵگری مەشخەڵی شۆرشێکی نەگەتیڤ دەبن کە پەلاماردان و هێشکردن بۆ سەر دامودەزگا خزمەتگوزارییەکانی وەک شکاندنی بۆری ئاوی خواردنەوە و  وێرانکردنی هێڵی کارەبا و ڕووناکییەکانی سەر شەقام و کاولکردنی دامەزراوە فێرگەییەکان و ڕووخانی دار و دیواری فێرگەکانی خۆیانە، هەروەها دوورکەوتنەوە لە خوێندن و دامەزراوە فێرگەییە زیندانئاساکانیان، لە دواجاریشدا مامۆستایانیش فێرگەکان بەجێدەهێڵن، هەرچی لە فێرگەکاندا بێت هەمووی هەڵدەتەکێ بە هۆکاری ئیدارەیەکی لاوازی دڵڕەق و ئاسۆیەکی تاریک و مردوو.

هەرچ وڵاتێک هەڵگری ئەم شێوازە لە پەروەردە بێت، ئاسۆیەکی داخراو و تاریک چارەنووسی لاوان و کۆی کۆمەڵگەکەیەتی، فێرگەکان دەبن بە شانۆیەکی تراژیدی و ململانێی نەوەکان، بە هەموو شێوەیەک فێرگەکان هەڵگری جیاوازییە چینایەتیەکان دەبن و میراتگریی و بۆماوەیی بەرهەم دەهێننەوە، وەک هەردوو بیرمەند(بییر بوردیۆ و باسرۆن دەلێن:”لەم فێرگانەدا بە تەواوەتی جیاوازییە چینایەتییەکان دەردەکەون، مناڵانی چینە دەوڵەمەند و ئەرستۆکراتیەکان خوێندن و فێربوونی تایبەتیان دەبێت و دەبن بە خاوەنی(بڕوانامەی زانین و زانست و زانیاری) لەم جۆرە سیستمی پەروەردە و سیستمە سیاسیانەدا گرنگی و بایەخ زیاتر بە چینی سەردەست و دەوڵەمەند دەدرێت، ئەوەی ئەم دوو بیرمەندە دەریدەبڕن، ئەوەیە کە تەواو پەروەردەی دیموکراسی ناکۆکە بەم پەروەردە باوە.

لە سیستمی سیاسی نا دیموکراسیدا، سیستمی پەروەردە نادیموکراسە و تەنها لە ڕاژە و بەرژەوەندی چینی دەوڵەمەند و ئەرستۆکرات دایە، فێربوونی گشتی و تایبەتی و بیریی و هزریی و پیشەییەکان هیچ نین جگە لە گوزارشتێک کە جیاوازییە کۆمەڵایەتیەکان دەیسەپێنێت و دامەزراوە پەروەردەیەکان دەگۆڕێت بۆ کەش و ژینگەیەکی جیاکاری زمان و ڕەگەزپەرستیی و شوێنێک کە دەبێت بە ئاشی هاڕینی کۆمەڵایەتی و ململانێ چینایەتیەکان. ئەگەر(ئەمیل دۆرکایم) لە دیدگایەکی پارێزگارییەوە شیکاری دەکات بۆ سیستمی پەروەردە، بەڵام (ئەلتۆسێر) پێیوایە کە تەکنیک و زانین و زانست لە فێرگەکاندا پێویستە بۆ هەموو وەک یەک بێت، دەنا پێوەندیە کۆمەڵایەتیەکان بە جۆرێک دەبن کە حوکمی چینێکی کەمینە بەسەر هەموو کۆمەڵگەدا دەسەپێنێت.

سیستمی فێرگە و پەروەردە ئامێرێکی ئایدۆلۆژیی دەوڵەتیە، سوود دەگەیەنێت بە بەردەوامی و بۆماوەیی پێوەندییەکانی بەرهەمهێنان لە ڕێگەی ئامادەباشی خوێندن و فێربوونەوە کە گونجاو و تەبا بێت لەگەڵ دابەشکردنی کار و جیاوازییە چینایەتیەکاندا، هەروەها لە ڕێگەی سەپاندنی ئایدۆلۆژییە باوە بەرژەوەندخوازییەکەی چینی سەردەستدا. ئاراستە هەبووەکانی نێو فێرگە ڕەنگدانەوەی دابەشکردنی کۆمەڵگەیە بەسەر چینەکاندا، بە مەبەستی مانەوەی پێوەندیە کۆمەڵایەتی و چینایەتییەکان”.

لەبەر ئەوەی کە فێرگە لیبراڵیەکان، فێرگەی چینایەتی و نادیموکراسن، لە دەوڵەتی دواکەوتوو و ستەمگەردا سیاسەتی دواکەوتوو و کۆلۆنیالیزم دەچەسپێنێت و هەژاریی و کەمدەستیی دەهێڵێتەوە و دەیکات بە بۆماوەیی کۆمەڵایەتی، ئیڤان ئیلیتش داوای نەهێشتنی ئەم جۆرە فێرگە چینایەتیە نادیموکراسییانە دەکات لە کتێبی”کۆمەڵگەی بێ فێرگە”.  تیۆری مردنی فێرگە بە پێی(کۆی ئافانزینی) لە ڕاستیدا تیۆریەکە:”لە ژێر کاریگەرییەکی گەورەی ئەو فاکتەرە جیۆگرافیانەدا بوو کە دەوریان دابوو، بۆ ئەوەی بیکات بە تیۆرییەکی گونجاو و باش بۆ وڵاتانی ئەمەریکای لاتینیی، کە بە تەواوەتی نامۆ بوو بە لۆژیکی پەروەردەی ڕۆژئاوایی، بە تایبەتی هەندێک پرسیار دێنە پێشەوە لەسەر ئەوەی ئەم لێکدانەوەیە، کە وای بۆ دەچێت کە تەنها لە وڵاتانی رۆژئاوادا جێبەجێ دەکرێت، ئەم ڕایەی ئیلیتش لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، کە دەڵێت فێرگە گونجاوە بۆ سەردەم و قۆناغی پیشەسازیی و کەلەپوری تایبەت بە خۆیەتی،  پێویستە لە وڵاتانی دواکەوتوودا بسڕرێتەوە و چونکە زەرورەتی بوونی نییە، سڕینەوەی و لابردنی دەبێت بکرێت بە مەرجێک بۆ سڕینەوە و لابردنی کۆلۆنیالیزم و سەرکەوتنی یەجگاری بەسەریاندا، هەندێک جار داوا دەکات بە تەواوەتی ئەم جۆرە لە فێرگەی رۆژئاویی بسڕێتەوە و باویان نەماوە.

بە هەرحاڵ، واقیعی نادیموکراسیی لە فێرگە پەروەردەییەکانماندا بە هۆکاری نەبوونی دیموکراسی و نەبوونی فەلسەفەی ئیداری و نەبوونی فەرهەنگی مافی مرۆڤ لە هەموو ئاستەکانی کۆمەڵگەدا بوونی هەیە.

 

٥/ جۆرەکانی پەروەردەی دیموکراسیی:

دەتوانرێت قسە بکرێت لەسەر چەندین جۆری دیموکراسی لە بواری پەروەردە و فیربووندا، بەڵام لەم سێ جۆرەدا کورتی دەکەینەوە:

١/ پەروەردەکردن و فێرکردنی دیموکراسییانە:

مەبەست لە پەروەردەکردن و فێرکردنی دیموکراسییانە، ئەوەیە، کە فێرخواز مافی تەواوی هەیە بۆ پێدانی پەروەردە و فێربوون بە سوود وەرگرتن لە هەموو ڕێگاکانی پەروەردە و فێربوون، پێویستە فێرخوازان هەموویان وەک یەک پەروەردەکرێن و فیرکرێن و زەوینەخۆشیی پەروەردەکردن و فێربوونیان وەک یەک بخرێتە بەردەست و ز بۆ بڕەخسێةرێت. پێویستە مامۆستایان و ڕاهێنەران بە یاسا و ڕێسایەکی یەکسانانە ڕێگەی پێداگۆگییەکی دیموکراسییانە لە ئەستۆ بگرن، هیچ جۆرە جیاوازیەکی چینانیەتی و هەڵاواردن لە پەروەردەکردن و فێرکردندا لە ئارادا نەبێت. هەموو فێرخوازن یەک جۆر پۆشاکیان لەبەردا بێت، هەروەها فێرخوازن وانەی یاسایی وەربگرن بۆ ئەوەی فێری مافەکانی خۆیان بن و بتوانن بە گوێرەی یاسا و ڕێنماییە دیموکراسییەکان بەرگری لە مافی خۆیان بکەن.

٢/ فێربوونی دیموکراسییانە:

دەوڵەتە پێشکەوتووەکان هەوڵی دیموکراتیزەکردنی فێربوون و فێرخوازیی دەدەن، لە میانەی گشتگیرکردنی بەرنامەکان و یەکبوونی پرۆگرام و سیستمی خوێندن و بڕیارەکان لەگەڵ ئەوەی فرە جۆر و فرە شێوە و ناوەڕۆکن. هەروەها بە خۆماڵییکردنی فێربوون و ناچارییکردن و بە پێویستکردنی لەسەر هەموو منداڵێک تا دەوڵەت بتوانێت نەخوێندەواری و نەزانین و هەژاریی و دواکەوتووی تێپەڕێنێت. فێربوون و فێرخوازیی کۆمەڵگە دەگۆڕێت و دیموکراسی ڕاستەقینە بەدی دەهێنێت. فێرخواز لە فێرگەی دیموکراسی و دامەزراوە دیموکراسییەکاندا فێری دیموکراسیی دەبێت و ڕادێت لەگەڵ ژینگە پڕ لە ئازادییەکانیدا. کاتێک باس لە دیموکراسی فێربوون دەکەین، مەبەستمان ئەوەیە کە فێربوون خەسڵەتێکی میللیگەرایی هەیە کە هەموو کەسێک سوودی لێ وەردەگرێت بە بێ هیچ هەڵاواردن و جیاکارییەک، فێرگەی دیموکراسیی کراوەیە بە ڕووی هەژار و دەوڵەمەندا بە رێگەیەکی دادپەروەرانە و یەکسانیانە بوار دەڕەخسێنێت بۆ هەموو لایەک.

پرنیسپڵەکانی یەکبوونی پرۆگرامەکانی خوێندن و سیستمی خوێندن کە بووە بە نیشانەی حیزبە میللیگەراییەکان و دروشمێکی درەوشاوەی هەموو بڕیارە سیاسییە نیشتیمانییەکان پێویستە هەڵنەوەشێنرێتەوە”ئەو واقیعە دەوڵەمەند و فرەییەی کە لە ئارادایە، ئەو هەموو مەرج و ئامێرە بەردەستانە بۆ گۆڕانکاری نوێ پێویستە هەڵنەوشێنرێتەوە، کە کرانەوە بە ڕووی هەموو جیاوازییە چینایەتیی و نەتەوەییەکان و جیاکاریی و ڕەگەزپەرستییەکان دەکات بە زەرورەت…

بە هاوبەشیکردنێکی گشتگیری پێویستە بەربەست دانرێت لەبەردم هەموو کێشەو ئاستەنگەکانی کرانەوە زەرورییەکەدا. بەم جۆرە، هەموو دەوڵەتێک هەوڵێکی شێلگیرانە دەدات بۆ جێگیرکردنی ژینگەی دیموکراسی لە دامەزراوە پەروەردەیەکانیدا لە ڕێگەی دەرکردنی کۆمەڵێك یاداشتی وەزاری و بڕیارگەلێکی حکومیی و یاساگەلێکەوە بۆ ئەوەی فێرکردن و پەروەردەکردن بگاتە پێگەیەکی بەرزی دیموکراسییانە، بەڵام کاتێک کۆمەڵگە نادیموکراس بوو، ئازادییەکانی تاک بەرتەسکرابوونەوە، دەسەڵاتی سیاسی ستەمگەر بوو، ئەوە مەحاڵە فێرکردن و پەروەردەکردن دیموکراتیزە بکرێت.

٣/ دیموکراسی فێربوون:

هیچ کۆمەڵگەیەک ناتوانێت ببێت بە کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی و بڕوای بە ئازادیە تایبەت و گشتییەکان هەبێت و بڕوای بە مافی مرۆڤ و هەبێت و پەیوەست بێت بە لۆژیکی قبووڵکردنی جیاوازیەکان و قبووڵکردنی لێبوردەیی و تۆلێرانس ئەگەر لەسەر دیموکراسییەکی ڕاستەقینە خۆی ڕانەهێنابێت و نەیکردبێت بە کولتوور و ڕەنگی نەدابێتەوە لە هەڵسوکەوت و ڕەفتاری تاکەکانیدا.

هەڵبەت ئاشکرایە، کە ئۆردوگایەکی سەربازیی و داپڵۆسین و ڕقلێبوون ناتوانێت هیچ بەرهەم بهێنێت جگە لە ئامرازەکانی چەوساندنەوە و بیریی سڕینەوە و پاکتاوکردن و تووندڕەویی و تووندووتیژیی و حەز و ئارەزوو لە حوکمی دیکتاتۆریەت و بەربەریەت.

تەنها بە پەروەردە دەتوانین لە دیموکراسیی تێبگەین و بیکەین بە دروشم و فەرهەنگ.

شاراوە نییە لای هیچ کەسێک:”بوونی دامەزراوەی پەروەردەیی و فێرکردن دەورێکی سەرەکی دەبینێت، بۆ کرانەوەی ژیان و ژینگەی سیاسی کۆمەڵگە بە چەسپاندنی کۆمەڵێک پرنسیپڵ و بەهای مسۆگەرزادە بە ڕابوونی کۆمەڵگە و تازەگەرێتی لە ڕووی سیاسییەوە؛ دەوری فێرگە، تەنها کورت نابێتەوە لە چوارچێوە ناوخۆییەکەیدا، بەڵکو کاریگەرییەکانی ئەم چوارچێوە تێدەپەڕێنێت، لە ڕاستیدا کاریگەریە بنەڕەتییەکەی ئەوەیە کە چوارچێوەی خۆی تێدەپڕێنێت؛ چونکە پرنسیپڵەکانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ و پلۆرالیزمی سیاسیی، هەموویان بەهاگەلێکن بە پەروەردە و پرۆگرامە دیموکراسییەکانی بە دەست دێن؛ پێگەیشتن و گەورەبوونی تاک لەسەر ئەو بەهایانە ڕێگەچارەیەکی دروست و ڕاستە تەنانەت بۆ گەیشتن بە هاوبەشییەکی کارای سیاسیانە لە بەڕێوەبردن و حوکمڕانی کۆمەڵگەدا. بیرمان نەچێت، ئامژە بدەین بەوەی کە فێرگە دەورێکی باش دەبینێت لە دروستکردنی پەرلەمانی منداڵاندا: کەواتە پەروەردە یەکەم ئامرازە بۆ فێربوونی دیموکراسیی و سەپاندنی دیموکراسی وەک واقیعێکی زەروریی بۆ پاراستنی مرۆڤ و مافەکانی و پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ.

Jamil Hamdawi

وێنەی نوسەر: جمیل حمداوي

تایبەتمەندییەکان: وتارو بیروڕا

زیادکردنی وەڵام