– لیژنەی فەتوا دەڵێت؛ یاری پەبجی حەرامە، چونکە کات بەفیڕۆدانە.
+ من و تۆ، زۆرینەمان ھەزاران جار زیاتر بەبەراورد بەوانەی کەئێستا یاری پۆبجی دەکەن؛ نەک سەعات و دوو سەعات و ڕۆژێک و دوو ڕۆژوو مانگێک و دوو مانگ و ساڵێک و دوو ساڵ، بگرە ١٨ ساڵ و  ھێندێکمان زیاد لە١٨ ساڵیش  خوێندمان تاگەیشتین بەئامانجێکی زانستی ‘بڕوانامە’، بەڵام ھیچمان بەرھەمێکمان نەچنیەوە کەلەئاست ھیواو شەونخونییوو ئامانج و پارە سەرفکردن و ژیان تەرخانکردنەکانمان بووبێت کەکردمانە قوربانی،
کەچی تائێستاکە ئەوان(لیژنەی فەتوا) فەتوایەکیان بۆ ئەو دەسەڵاتە خۆسەپێنە دەرنەکرد کەبڵێن دەنگدان بەدەسەڵاتێکی وەکو یەکێتی و پارتی حەرامە  تاوانە کفرە، چونکە نەک کات، بگرە ژیان و ئێستاو داھاتووی ھەزاران دەرچووی خوێندنی خواروو باڵای پڕ لەخەونیان بەفیڕۆداو سوتاند!؟
ھاتوون کەگوایە پێمان دەڵێن ژنێک  تەلاق دراوە لەسەر ئەو یاریە (یانی خێزانێک ھەڵوەشاوەتەوە) بەڵام پێمان ناڵێن کەچەندین ساڵە بەھۆی ئەو قەیرانە داراییە و سیاسیەی کەبەئامانج و مەبەست ھەردوو ھێزی دەسەڵاتدار(یەکێتی و پارتی)  دروستیان کردووە نەک یەک و دوو ، سێ و چوار، پێنج و شەش….دەیان و سەدان، بگرە بەھەزاران خێزان بەھەڵوەشانەوەو لێکجیابوونەوە کۆتاییان بەژیانی پێکەوەیی ھێناوەو  ئێستا بەدیار دونیایەک خەموو ئازارو ھیوای سوتاوەوە ژیان دەکەن، کەچی لیژنەی فەتوا  فەتوایەکی نەبوو بۆ دەسەڵاتدارانی ئەو دوو ھێزەو دەنگدەرانیان!؟
پێمان دەڵێن ئەو یاریە حەرامە، چونکە وادەکات خەڵکەکە ھۆگربن و کار نەکەن، بەڵام لەخۆیان ناپرسن ئەوەی کاریشی ھەبوو لەدەستی دا، یان بۆ چارەگ و نیوە دابەزیوە بەھۆی ئەو سیاسەتەی کە ھەردوو حیزبی دەلاتدار لەبەرامبەر میللەت پەیڕوو جێبەجێی دەکەن، کاتێک موچەی ئەوانی تر بۆ قست و پاشەکەوت گۆڕابێ و دابەزیبێت!؟ ھەلی کار چۆن و لەکوێ!؟ کەدەمەزراندن لەکەرتی گشتی خنکێندرابێت بەلایەنگری حیزبی دەوامنەکەرو کەرتی تایبەت نەخشێندرابێت، بەش بەش کرابێت، بەسەر ھەمان ئەو حیزبە دەسەڵاتدارانەو لایەنگرانیان بەڕێنمایی و یاسای خزم خزمێنە؟!
ئەی بۆ فەتوایەکمان نەبینی و گوێلێنەبوو کەمیللەتێک لەھەموو ڕوویەکەوە وێرانبووە  بەو حیزب و سیاسەتانە، ئەگەر خۆیان پێ حەق بێژەو خەمیان چەسپاندنی دادگەری و خۆشیە بۆ میللەت و نیشتیمان!؟
ئەوە پرسیارە گەورەکەیە، چونکە ئەوە کێشە گەورەکانمانن نەک پەبجی!
 پەبجی چیە؟ یاریەکی ئەلیکترۆنیە، خەڵک لەئەنجامی نەبونیوو خەموو ئازاری ژیان قورسی و زۆری کات پەنای بۆ بردووە، نەک شتێکی تر.
ئەگەر ئەو کێشە گەورەو ستراتیژییە ھەمەڕەنگانەی سەرەوە  نەمێنن و بەپێچەوانەوە وەرگەڕێن، پەبجی-ش دەمرێت، فەتوای ناوێت.
ــــــــــــــ
زانا عثمان
تایبەتمەندییەکان: وتارو بیروڕا

زیادکردنی وەڵام