سیاسەت بە تایبەتی بۆ بزوتنەوەی گۆران بە درۆو دەلەسەو فرتو فێڵ مەیسەر نابێت، دوای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق، بڕیار بوو بایکۆتی پرۆسەی سیاسی بکەن لە عێراق،ئەمە قسەی خۆیان بوو، وتیان ئەبینە ئۆپۆزسیۆنێکی کارامە، لەبەر ئەوەی سەدان هەزار دەنگ تەزویرکراوە، غەدرێکی گەورە لە خۆمان ودەنگدەرانمان کراوە، کەچی ئێستا بە پێچەوانەوە سەرقاڵی ڕێکەوتنی ژێربەژێرەو ئەیەوێ بەشداری حکومەت بکات.

وەک پێشتر بینیمان تەنها یەک ڕۆژ پێش هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بە فڕۆکەی تایبەتی نێچیر فراکسیۆنەکەیان گەیاندە بەغدا بۆ دەنگدان بە فواد حسین، بەڵام یەکێتی نەیهێشت لە دەرەوەی پەرلەمان فراکسیۆنەکان کەسێک کاندید بکەن، تەواوی پرۆسەکەی بردە ناو پەرلەمان و ئەوە بوو یەکێتی سەرکەوت و پارتی و گۆڕان شکستیان خوارد.

دوێنێ شەو لە کۆی 23 وەزیر بۆ کابینەکەی عادل عبدولمەهدی سەرۆک وەزیران 21 وەزیر ناوی چوە بەردەم پەرلەمان، لەمانە 14 وەزیر سیقەی وەرگرت و 7 کەسی ڕەتکرایەوە، تا 6/11/ ئەبێت ئەم حەوت وەزیرە ئامادە بن + دوو وەزیری کە بەشی کوردە:
وەزارەتی کۆچ وکۆچبەران
شارەوانیەکان “بەلەدیات:

تا ئێستا کورد هیچ ناوێکیان پێشکەش نەکردوە بۆ ئەم دوو وەزارەتە، پارتی ئەیەوێت “وەزیری شارەوانی”بۆ خۆی بێت، وەزیری کۆچ وکۆچبەران بۆ گۆڕان ، لەم لایشەوە یەکێتی مرخی لێخۆش کردوە.

ئێستا لە بەغدا شەڕ لە بەینی پارتی و یەکێتی دا هەیە، ئەم شەڕە ئەگاتە کەرکوک بۆ پۆستی پارێزگار، ئەمەیش پەیوەندی بە دانانی بەرهەم ساڵح و شکستی فواد حسین و پارتیەوە هەیەو پارتی بەشوێن تۆڵەوەیە،هیوادارم هەردوکیان لەوە ڕسواتر بن کە هەن.

پێشتر وەزارەتی کۆچ وکۆچبەران بۆ گۆڕان بوو، دەرباز وەزیر بوو، پێی بووە ملیۆنێرو لە دەیان گەندەڵی و دزییەوە تێوە گلاوە، ئەم جارەیش بۆ هەرکەس ولایەنێک بێت هەر بۆ پارە پەیدا کردنە، باسی ئێمە لەسەر هەڵوێستی دوفاقیانەی بزوتنەوەی گۆرانە،کە لەلایەک بایکۆت ئەکات و لە لایەک ڕێکەوتن وبەشداری لە حکومەت.

ئێستا جەلال جەوهەر کاندیدی هاوبەشی پارتی و گۆڕانە بۆ ئەم پۆستە کە تا 6/11/ ئەبیت یەکلایی بکەنەوە.
جەلال جەوهەرمێژویەکی چەپەڵی هەیە، چ ئەوکاتەی کە یەکێتی بوو، چ ئێستا کە گۆڕانە، ئەبێت بوونە وەزیری جەلال چ خێرێکی بۆ گۆڕانخوازان و گەلەکەمان هەبیت؟.

گۆران ئەڵێ،ئەگەر وەرم گرت ئەلێم حسەی کوردە، ئەگەر وەرم نەگرت ئەلێم ئۆپۆزسیۆنم، سیاسەت ئا بەم جۆرە عەیبەیەکی گەورەیە.

جا با بزانین دوای ئەمە، بە 12 کورسیەوە لە حکومەتەکەی پارتیدا چی بەر ئەکەوێت؟ ئایە بەشداری ئەکات، وەک ئەوەی ئێستا ئەیەوێت لە بەغدا بەشداری بکات؟ هەرچەندە من وایئەبینم لە هەولێریش بەشداری بکات، بەلام هیوادارم من هەلە بم و ئەو کارە نەکات.

تایبەتمەندییەکان: وتارو بیروڕا

زیادکردنی وەڵام