دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا رایگەیاند، سوپای وڵاتەكەی بەرەو سنووری مەكسیك دەجوڵێنێت بۆ پاراستنی سنوورەكانی ئەمەریكا.

دۆناڵد ترەمپ ئەمڕۆ پێنجشەممە لە تویتێكدا رایگەیاند، سوپای ئەمەریكا دەجوڵێنێت بۆ پاراستنی سنووری ئەمەریكا كە كاروانی كۆچبەران لە ئەمەریكای ناوەڕاستەوە لە رێگای مەكسیكەوە بەردەوام بەرەوە ویلایەتە یەكگرتووەكان دەڕۆن.

ترەمپ نوسیویەتی، “بۆ ئەم دۆخە نائاساییە نیشتیمانییە سوپا دەجوڵێنم و كاروانی كۆچبەران رادەگرین”.

بەهەزاران كۆچبەر كە زۆربەیان خەڵكی هندۆراس-ن لە شاری تاباچولای سنوری مەكسیك كۆبوونەوە، و سەرەرای هەرەشەكانی ترەمپ بە داخستنی سنوری نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و مەكسیك،  ماوەی زیاتر لە یەك هەفتەیە بە پێ لە سنوری گواتیمالاوە گەیشتنە مەكسیك.

22ی ئەم مانگە، دۆناڵد ترەمپ لە تویتێكدا رایگەیاند، سوپا و دەسەڵاتدارانی سنووری فیدراڵی ئاگاداركردووە كە كاروانی كۆچبەران دۆخێكی نائاساییە،و وڵاتەكەی هاوكارییەكانی بۆ هندۆراس و گواتیمالا و سلڤادور كەمدەكاتەوە.

ترەمپ وتیشی، “دیارە پۆلیس و سوپای مەكسیك ناتوانن رێگری لە كاروانی كۆچبەران بگرن كە تاوانبار و كەسانی نەناس لە رۆژهەلاتی ناوەراست لەناویاندا هەن”.

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام