لەوڕۆژەوە ” شارەدێی ماستاوچیان” بنیادنرابوو، کۆی دانیشتوانەکەی شەیدای ماستاوخواردنەوە بوون، لەبەر ئەوەی ئاو هەوایشی گەرم بوو،هەموو خەڵکەکەی گێژو حۆل، تەنها پارەی ماستاوەکەیان دەسکەوتایە، ئیتر هیچیان نەدەویست.

لەخوارەوەی”شارەدێی ماستاوچیانەوە” مەیدانێک هەبوو، پێیان دەووت “مەیدانی ئاژەڵان” ڕۆژانە گاوگۆتاڵ ومانگاو مەڕو بزنیان تیا ئەفرۆشت، زۆر جاران دەبووە مەیدانی پەلەوەرو لە کەناری و کۆتر و قەل و مریشکەوە دەیان هێناو لەوێدا دەیان فرۆشت.

ڕەحیم گەنجێکی زەعیفی باریکی باڵا مام ناوەندی بێکارە بوو، مار چەندە ڕقی لە سیر بوو ڕەحیم هەزار ئەوەندە رقی لە کتێب و مەکتەب بوو،کەچی لەگەڵیشیدا تاقەتی ئیش وکاری نەبوو، مەگەر دایکی پارەیەکی بدایەتێ دەنا هەمیشە گیرفانی خاڵی وەک مێشکی.

بەیانیەک هەڵساو بە دایکی وت،دەچمە مەیدانی ئاژەڵان بزانم کارێک پەیدا ناکەم، دایکی کە ئەمەی بیست لە خۆشیا دەمی بوو بە تەڵەی تەقیوو، کورەکەی ئیتر بیریکردۆتەوەو ئەوەتا بەشوین کاردا دەگەڕێت.

پاش ئەوەی لەماڵ هاتە دەر خۆی گەیاندە مەیدانی ئاژەڵان، ماوەیەک خولایەوەو نەیزانی لە کویوە دەست پێبکات و چۆن بپرسێت، ئاقیبەت کابرایەکی سورفلی تەنگە ئەستور،کە کلاو جامانەیەکی نابوو بەسەریەوە بانگی کردو وتی، ئەرێ کورە بۆ هەر خولکەت دێت بەم ناوەدا؟ ئەویش ڕێوڕاست وتی وەلا بەدوای کارێکا دەگەڕێم، ئەویش پێی وت، وەرە لەم مەیدانەدا ببە بە شوانی گاوگۆتاڵ و مانگاکانی من، ڕۆژانە دەیان هێنمە ئێرەو ئەوەی فرۆشرا دەیفرۆشم و ئەوەیشی مایەوە ئێواران دەیان بەمەوە خانەکەی گەرەکی خۆمان، لەو ڕۆژەوە ڕەحیم بوو بە شوانی کابراو هەموو بەیانیەک هەلدەسا لەخەو دەچوو مانگاکانی دەهێنا مەیدانەکەو ئێوارانیش ئەیبردنەوە.

ماوەیەک ئەمە بڕی کرد، چونکە لە ئەزەڵ ڕەحیم پیاوی کار نەبوو،ڕۆژێ لەگەڵ خاوەن کارە زەبەلاحەکەیدا کردی بەشەرو گۆچانەکەی فڕێداو وتی ئیتر ئیش ناکەم، قسەیش بکەیت دارکاریت دەکەم، کابرای قەلەوسورفلیش قاقا دەستی کرد بە پێکەنین و وتی ڕەحیم گیان تۆ هێندە باریکی بە “ڕەحیم کلکە خاکەناز″ بەناوبانگی تورەم کەیت ئەوگرم وئەوکەم بە قوونی مانگایەکما، ئیتر ڕەحیم ڕۆیشتو نەگەرایەوە.

هەرلە گەڕەکی خۆیان کوڕێکی هەبوو، تۆزێ دەنگی خۆش بوو،پێیان ئەوت” سیرەی چاو پزوە دەرپێ”، گوایە چاوەکانی زۆر قونجاو بچوک و چرچن و هەر لە پزوی دەرپێی ژنان دەچن، ئەمە شەو ڕۆژە شارەدێی ماستاوچیان وەرس کردبوو، بە مەنجەڵ..سینی،قاپ، کەوانتەری ماڵ،بەرمیلی نەوت، هەرچی بەردەستی دەکەوت لێیدەداو گۆرانی دەووت.

“سیرەی چاو پزوە دەرپێ” تا گەورە دەبوو زیاترعاشقی گۆرانی دەهۆڵی دەبوو،هەرچی گەعدەی لا کۆلانی و سەفرەو سەیرانی خەلکی بوو بەو دەکرا، رەحیم راستەوخۆ بووە ڕەفیقی سیرە و ئیشی بۆ ئەدۆزیەوەو لەهەر گەعدەیەک،ژنهێنانێک،سەیرانێک، بەشێکی کەم پارەی پێدەبرا.

سالانێک ئاوا ڕۆیشت و”ڕەحیم وسیرە چا و پزوە دەرپێ” گەورە بوون و ناسران،ئاخر جێگایەک خۆی ناوی شارەدێی ماستاوخۆران بێت و خەڵکەکەی سەرقاڵی ماستاوچیتی وماستاوخواردنەوە بن و پارەیان تەنها بەم ڕیگایە دەسکەوێت،هەر ڕەحیم و سیرە دەبنە دەمراستی.

ڕۆژێک رەحیم خۆی دەگەیەنێتە لای کوڕانی سەرۆکی ئەنجومەنی شار، پێیان دەلی،خۆ ئێوە ئیفلاستان کردوەو هیچ خوێنەوارو ژن و پیاوێکی هوشیار وپاک وشەریف توخنتان ناکەوێت و هەرچی گەجەرو گوجەرو منداڵ بازو شەقاوەو چەقۆکیش ودەم پیس وجوێن فرۆش هەیە،هەرچی خڵتەی شارەدێ هەیە هاوڕێتانن ولای ئێوەن، وەک بیستوویشمە شارەدێی ماستاوچیان ئەنجومەنی خۆی هەڵدەبژێرێت و ئێوە کەستان کاندید نیە، بۆچی چاو پزوە دەرپێ کاندید ناکەن، ئەو دمبەک لێدەرێکی کارامەو دەهۆڵکوتێکی بێ وینەو دەنگ خۆشیشەو هەرچی گەعدەی ئەم شارە دێیە هەیە ئەو دەیکا، دڵنیام هەرچی خەلکی وڕو کاسی ماستاوخۆرو ماستاوچی شارەدێکەمان هەیە دەنگی خۆیانی پێدەبەخشن.

ئەوانیش پاش تاوێ بیرکردنەوە دەلین”وەلا دەمێکە وتویانە قسە یان لە شێت یان لە منداڵ” بەم جۆرە رازی بوون وچاو پزوە دەرپێیان کردە کاندیدو یەکەو ڕاست دەرچوو، ئێستایش کە من ئەم باسە دەگێرمەوە،سیرە لە دەهۆڵ کوتی و عارەق خواردنەوەو زوڕنا لێدان و بەیت بێژیەوە بووە ئەندامی ئەنجوومەنی شارەدێی ماستاوچیان.

تایبەتمەندییەکان: بابەتی هەڵبژاردە

زیادکردنی وەڵام