لێکس ئارنسن (Lex Aronson) ، یا ئەلیکسەندەر لەیندەرت ئارنسن (Alexender Leendert Aronson)، مرۆڤێکی خێرخوازی ئایدیالیستی هۆڵه‌ندی بوو. له‌ ماڵوێرانیو‌و کاره‌ساته‌کانی شه‌ڕی دووه‌می جیهان، خۆی‌و که‌س‌و کاری، قوربانی ڕاسته‌وخۆ بوون، سه‌رچاوه‌ی مرۆڤدۆستیی بێسنوری ئارنسن بوون. ئه‌و بە ڕەچەڵەك جوو بوو، بۆیه‌ خۆی‌و خێزانه‌که‌ی له‌ ساڵانی شه‌ڕی دووه‌می جیهانیدا به‌ر ڕق‌و کینه‌ی نازییه‌کان که‌وتن‌و جه‌زره‌به‌ی زۆریان به‌ ده‌ستیانه‌وه‌ بینی.
ڕۆژانی پڕ له‌ تۆقاندن، دڵه‌ڕاوکێ، برسێتی، سه‌رماو مه‌رگی ئۆردوگای نازییه‌کانی بینیبو. لێکس بڕیاریدا هه‌موو ژیانی بۆ یارمه‌تی لێقه‌وماوان‌و قوربانیانی شه‌ڕو کاره‌سات ته‌رخان بکات،

بیرۆکەی یارمەتیدانی لێقەوماوان‌و قوربانییانی جەنگ بیرو هۆشی به‌ته‌واوی داگیرکردبوو. له‌ هه‌ر کوێ شه‌ڕو شوڕ ڕویبدایه‌و کاره‌سات بقه‌ومایه‌ لێکس ئۆقره‌ی لێئه‌بڕاو گه‌ره‌کی بوو له‌وێ بێت. له‌م کارانه‌یدا ئه‌وه‌نده‌ سه‌ره‌ڕۆ بوو زۆر گوێی نه‌ ئه‌دا به‌ سنوری ده‌وڵه‌تان‌و قانونه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان.
لێکس لە ٢٠ دیسەمبەری ١٩٣٥ لە بنەماڵەیەکی جولەکە لە ئەمستەردام هاتە دونیاوە.

خێزانەکەی بە بنەچە خەڵکی “فریزڵاند”بون لە باکوری هۆڵەندا. لە ساڵی ١٩٤٣ لە تەمەنی هەشت ساڵیدا لە گەڵ دایکی (سارا فان ستراتن – کۆهێن) و باپیرە وداپیرەی لە لایەن دایکیه‌وە ڕەوانەی کەمپی نازییەکان کرا لە “بێرخن- بێلسن”.
دوو ساڵی ته‌مه‌نی منداڵی لە باری سه‌خت و دژواری ئەو کەمپە بەسەر برد، دوو لە سەر سێی جولەکەکانی هۆڵەندا، کە ڕەوانەی ئەو کەمپە کرابوون، هه‌ر لەوێ سه‌ریان نایه‌وه‌. باپیرە وداپیرەی لێکسیش هەمان چارەنوسیان هەبوو. باپیره‌ی لە کەمپەکە کۆچی دواییکرد، نەنکشی لە کۆتایی جەنگدا بەدەم ڕێگاوە مرد.
لێکس و دایکی لە مه‌رگ ڕزگاریان بوو، کاتێ لە نیسانی ١٩٤٥ هێزی هاوپەیمانان لە کەمپەکە نزیكبونەوە، ئەڵمانەکان بڕیاریاندا هەموو ئەوانەی هێزیان تێدا مابوو بە شەمەنفەر لە گەڵ خۆیان ببەن، ئەوانەشی لە پەلوپۆ کەوتبون بەجێیان هێشتن. ئەوانەی گوێزرانەوە خزێنرانە ناو دو شەمەنەفەرەوە، سوپای نازی لە گەڵ کشانەوەی خۆیدا وەکو بارمتە و سپەر بەکاریهێنان.

ئەو شەمەنفەرەی لێکس و دایکی تێدا بوو بۆ ماوه‌ی سێزده‌ ڕۆژ بە ئەڵمانیادا سوڕایەوە تا لە نزیك لایپزیگ (لایپتزیش) لە ڕۆژهەڵاتی ئەڵمانیا، سوپای سۆڤیه‌ت دەستی بەسەردا گرت‌و بارمته‌کانی ڕزگار کرد. هه‌ر لەو گەشتە پڕ لە ئازاره‌دا نه‌نکی لێکس سەری نایەوە. دایکیشی تیفۆی گرت، بەڵام لێکسی تەمەن دە ساڵ هەوڵی دونیایدا دایکی بە زیندویی بمێنێتەوە، لە هەوڵەکه‌یدا سەرکەوت و دایکی چاكبوەوە.

لە هاوینی ١٩٤٥ خۆی و دایکی گەیشتنەوە نزیك ماسترێخت له‌ باشوری هۆڵه‌ندا. هەر لەو کاتانەدا بو لێکس لە ئەنجامی ژیانی کەمپدا توشی نەخۆشی سیل هات، بۆیه‌ دەبوایە لەو تەمەنە بچوکه‌دا بە تەنیا و دوور لە دایك و باوکی لە نەخۆشخانەیەك لە سویسرا بۆ ماوه‌ی ساڵ و نیوێک بمێنێته‌وه‌ تا چاکبوه‌وه‌. دوای چاکبونەوەی گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ هۆڵه‌ندا و له‌ ئه‌مسته‌ردام لە قوتابخانەی نامادەیی ده‌ستی کرد به‌ خوێندن. ئەمە لە ساڵانی ١٩٤٨ بۆ ١٩٥١ بو. لێکس حەزی نەدەکرد باسی ژیانی کەمپ و نەهامەتەکانی بکات، تەنها جارێك بۆ باوکی ئەو باسەی کرد. له‌ دواییدا باوکی خانمێکی تری خواست و دایکشی شوی بە پیاوێکی دیکه‌ کرد، لێکسیش هەواری گواستەوە بۆ لەندەن. لەوێ لە نەخۆشخانەی جوەکان ڕاهێنانی پەرستیاری بینی.
لێکس خاوەن کەسایەتییەکی زۆر تایبەت بوو، لە ناخەوە بێ ئارام بوو، لە هیچ شوێنێك بۆ دەمێکی درێژ نه‌ده‌سره‌وت و ئۆقره‌ی نەدەگرت. کەسێکی سەرەڕۆ و کەلەڕەق بو، نەیدەتوانی لە گەڵ که‌سانی تردا کار بکات. هه‌میشه‌ پەیوەندی لە گەڵ بەرپرساندا باش نەبو، نه‌یده‌توانی پابه‌ندی ڕێنماییه‌کان بێت و سەرئێشەی بۆیان دروست دەکرد. بۆیه‌ زو زو لە کار دەرئەکرا. لە هەر شوێنێك کاری کردبێت بۆ ماوەیەکی کورت بوە. ئەگەر بەرپرسەکانیشی لێی وەڕس نەبونایە، خۆی لە کارەکە و شێوازی بەڕێوەبردن وەڕس دەبو و وازی ئەهێنا.
لە ئیسرائیلیش بۆ ماوەیەك لە کیبوتزێکدا کاریکرد، لەوێش بەرپرسان لە هەڵس‌و کەوتی بێزاربوون‌و دەریانکرد. لە کیبوتزی دوەم تەنها یەك مانگ خۆی پێگیرا. بە هۆی هەڵس‌و کەوت‌و شێوازی ژیانیه‌وە، باوکی لە ئیسرائیل‌و دایکی لە هٶڵەندا زۆر لێی توڕەبوون، ئەویش بڕیاریدا پەیوەندییان لە گەڵدا ببچڕێت. ساڵێکی دیش لە ئیسرائیل مایەوە، نازانرێ لەو ساڵەدا بە چییەوە خەریكبووە. ئەمە بوە مایەی هەندێ پرسیار و گومان، بە تایبەتی دوای ئەوەی لە لایەن کاربه‌ده‌ستانی به‌عسی عیراقەوە بە سیخوڕی بۆ ئیسرائیل تۆمەتبار کرا. ئایە لەو ساڵەدا لە سوپای ئیسرائیل خزمەتی سەربازی کرد؟ یا بۆ کاری سیخوری ڕاهێنرا؟.
وەڵامی ئەم پرسیارانە گرنگبوون بۆ چارەنووسی لە کاتی گرتن‌و لێکۆڵینه‌وه‌و دادگاییکردنیدا لە عیراق. ئەوەی زانراوە لەو ساڵەدا بۆ ماوەیەك لە نەخۆشخانەیەكی ئیسرائیل کاری کرد، ئەو کارەش ئارامی دەروونی پێ نەبەخشی. لە ئیسرائیل هەستی بە نامۆیی ئەکردو پێیوابوو کە شتی هاوبەشی لە گەڵ هۆڵەندییەکان زۆرترە، وەك لەوەی لە گەڵ جوەکان لە ئیسرائیل. لە نامەیەکدا بۆ دایکی به‌ ڕوونی باسی ئه‌و هه‌سته‌ی کردوە.

ئه‌و له‌ ساڵی ١٩٥٥ چوبوە ئیسرائیل و لە ساڵی دواتر ڕەگەزنامەی ئیسرائیلی وەرگرتبوو. لە پاسپۆرتە ئیسرائیلییەکەی ناوی ئەلیکسەندەر بن ئەهارۆن ( Alexander Ben Aharon) بو. لە ئیسرائیلەوە چو بۆ هیندستان، لە کەلکوتا توشی دیزانترییەکی گران بو، بەڵام دوای ماوەیەك چاكبوەوە. لە کۆتایی شەستەکانی سه‌ده‌ی ڕابردودا لە گەڵ خاچی سور لە چه‌ند ولاتێکی ئه‌فریقی وه‌ک ( گابۆن، بیافرا، نایجیریا) کاری کرد.
دایکی حه‌زی ئه‌کرد لێکس خێزانێك پێکەوە بنێ‌و ژیانێکی ئاسایی بەسەر ببات‌و واز لە ژیانی سەرگردانی‌و بێلانەیی بێنێت. لە بەرامبەردا لێکس باوەڕی بەوە هەبو کە ئەو لە ژیاندا بێ پلان و ئامانج نییە، بەڵام نەك بەو شێوەیەی دایك و باوك و کەسانێکی زۆر لە کۆمەڵگەدا بیری لێدەکەنەوە، بەڵکو ژیانێکی دەوێ پڕ بێت لە ڕوداوی نائاسایی و چاوەڕواننەکراو، کە بە وتەی خۆی، ژیانێ ڕۆحی مرۆڤ دەوڵەمەند بکات.

لە فەرەنسا ئاشنایەتی لەگەڵ ئەلیزابێت فان دیێخین پەیدا کردو لە ساڵێ ١٩٦٤ خێزانیان پێکەوەنا. لە هەمان ساڵدا کوڕێکیان بوو ناویان نا ئەلوین. ئەو کوڕە خەسڵەتی نائارامی‌و سرەوتنەگرتنی لە باوکی بۆ ماوەتەوەو ئێستا لە گەڵ دایکیدا لە تایلەند ژیان به‌سه‌ر ئه‌بات. هاوژینه‌که‌ی کریستیان بوو، لێکسیش جارێك ویستی ببێت بە پڕۆتستانت، به‌ڵام دایکی به‌ توندی ڕەخنەی لێگرت و ئەوەی بە خیانەت ده‌زانی لە جولەکایەتی.

لە بیافرا یارمەتی قوربانیانی شەڕی بیافرای لە دژی نایجیریا ئه‌دا. لە گابۆنیش لە گەڵ هەڵگری خەڵاتی نۆبلی ئاشتی دکتۆر ( ئەلبەرت شڤەیتزەر) هاریکاری هەژاران و لێقه‌وەماوانی ئەکرد. لەوێش هەڵینەکردو شێوازی شڤەیتزەری بەدڵ نەبوو، گەڕایەوە بۆ ئیسرائیل و لەوێشەوە چوە فەرەنسا. هەر لەوێش بوو ئەو ژنەی بینی کە پاشان بوە هاوسەری.
له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی ئەلیزابێت، که‌ زیاتر بە بێتس دەناسرا، کرستیان بوو، لێکس وەکو دەچوە سینەگۆگی جوەکان، بە هەمان شێوەش سەردانی کەنیسەی کرستیانەکانی ئەکرد. هەر لە فەرەنساشەوە یەکەمین منداڵی بێلانەی گرتە خۆی و بەبێ هیچ بەڵگەو کاغەزێکی فەرمی بردی بۆ هۆڵەندا. بڕۆیشتایەتە هەر شوێنێك منداڵێکی بێ لانەی بە ڕێگەی ناقانونی لە گەڵ خۆیدا دەبرد بۆ هۆڵەندا، ئەو گوێی بە قانون و ڕێنمایی نەدەدا و تەنها بیری لە قانونی ئینسانی ئەکردەوە.
دوای گەڕانەوەی بۆ هۆڵەندا لە دەزگای منداڵپارێزی کاری کرد، بەڵام لەوێش پابەندی ڕێنماییەکانی ئەو دەزگا گرنگەی هۆڵەندا نەبو، بۆیە له‌وێش لە کار دەرکرا. ئەویش لە ماڵەکەی خۆی پەناگەیەکی منداڵپارێزی کردەوەو هەشت منداڵی تێدا کۆکردەوە. لە هەمو ئەم کارانەیدا ئەرکی سەرەکی دەکەوتە سەر هاوژینه‌که‌ی، چونکە بۆ خۆی لە شوێنێك ئارامی نەدەگرت. هەمیشە بەدوای ئەو شوێنانەدا دەگەڕا کە شەڕ و کارەساتیان تێدا دەقەوما.
لە ساڵی ١٩٧٥ لە کاتی گەڕانەوەیدا لە هیندستانەوە بۆ ئێران و کوردستان، کچێکی هەرزەکاری بێلانەی هیندی بە دوو خانم و پیاوێکی گەشتیاری دانیمارکیدا ناردەوه‌ بۆ باڵیۆزخانەی هۆڵەندا لە تاران و خۆیشی هاتەوه‌ بۆ کودرستان، پاسپۆرتە هۆڵەندییەکەشی داوە ئەو گەشتیارە دانیمارکییانە بۆ ئەوەی باڵیۆزخانە کچەکە بنێرێتەوە بۆ لای ئەلیزابێتی هاوسه‌ری لە هۆڵەندا.
ئەگەر لە کاتی گرتنیدا لە کەرکوك، پاسپۆرتە هۆلەندییەکەی پێبوایە ڕەنگبێ چارەنوسی بە شێوەیەکی تر بوایە. پیاوانی مافیا دەستێکی ئەو کیژۆڵە هیندییەیان سوتاندبو بۆ ئەوەی له‌ ڕێگه‌ی سواڵکردنه‌وه‌ پارەی زۆرتریان بۆ پەیدا بکات. باڵیۆزخانەی هۆڵەندا لە تاران کچەکەیان ڕەوانەی لای خێزانەکەی له‌ ئه‌مسته‌ردام کرد.

چیرۆکی هاتنی بۆ کوردستانیش سه‌رنجڕاکێشه‌. لە بەهاری ١٩٧٤ کاتێ ته‌ماشای تەلەفزیۆنی هۆڵەندی ئه‌کرد، چاوپێکەوتنێكی لە گەڵ موحسین دزەییدا ‌بینی که‌ باسی لە باری سەختی قوربانیانی شەڕ ئه‌کرد له‌ باشوری کوردستان. لەو چاوپێکەتنەدا دزەیی باسی لە سەدان هەزار کەس ئه‌کرد کە پەنایان بردوەتە بەر چیاکان‌و پێویستیان بە هاریکاری بەپەلەی تەندرستی‌و خێرخوازی هەیە. ئەو بارە لە دوای هەڵگیرسانەوەی شەڕ لە ئازاری ١٩٧٤ لە باشوری کوردستان هاتبوە کایەوە. لێکس هەر لە دوای پرۆگرامەکە پەیوەندی بە موحسین دزەییەوە ئەکات و بڕیار ئەدات بێتە کوردستان بۆ یارمەتیدانی قوربانیانی شەڕ.

ارسیدسێکی کۆنی هەبوو، هەندێ گۆڕانکاری تێدا کرد بۆ ئەوەی وەکو ئەمبولانس بەکاری بێنێ‌و هەندێ دەرمانی کۆکردەوەو بەرەو کوردستان بەڕێکەوت. ویستی لە ڕێگەی ڕێکخراوی منداڵپارێزی جیهانییه‌وه‌” Terre des Hommes” بێته‌ کوردستان. بەڵام لە بەر ئەوەی دەیویست کچێکی پازدە ساڵان وەکو پەرستیار لە گەڵ خۆیدا بێنێ، ئەو ڕێکخراوە ئامادە نەبوو بەرپرسیارێتی هەرزەکارێك لە دەڤەرێکی شەڕ و شوڕ بگرێتە ئەستۆ، بۆیە داخوازییەکەی ڕەتکرایەوە. لێکس بڕیاری خۆی دابو و بە مێرسیدسە کۆنەکەی کەوتە ڕێ بەرەو تورکیا و لەوێشەوە بۆ ئێران. لە تاران چووە بارەگای نوێنەرانی کوردو خۆی بە دکتۆر پێیان ناساند، ئەوانیش باسی باری خراپی خەڵکیان لە چیاکان بۆی کرد. لێکس لە ئابی ١٩٧٤ گەیشتە باشوری کوردستان. گەلێ کەس له‌ کوردستان بە مێرسیدسە سەوزەکەی دەیانناسییەوە. لە کوردستان بە دکتۆر لێکس و دکتۆر شەکراو دەناسرا، چونکه‌ هه‌ر به‌ شکراو هه‌وڵی ئه‌دا نه‌خۆشه‌کان چاره‌سه‌ر بکات. ئەو دکتۆر نەبوو و تەنها بۆ کاری پەرستیاری لە نەخۆشخانەی جوەکان لە لەندەن ڕاهێنرابوو. هه‌ندێ ئەزموونی لەو بوارەدا پەیدا کردبوو، چونکە بۆ ماوەیەکی کورت لە یەك دو نەخۆشخانە کاری کردبو. کاتێ لە کوردستان زستان دەستیپێکرد و ڕێگە و بان گیرا و ده‌رفه‌تی هاتوچۆی نه‌ما، بەرەو هیندستان و پاکستان بەڕێکەوت.

گەڕانەوەی لێکس بۆ کوردستان هاودەم بوو لە گەڵ ڕێکەوتننامەی جەزائیر (6 مارتی 1975) لە نێوان شا و سەدام حوسێن. ڕابه‌رانی کورد داوایان لە پزیشك و خێرخوازە بیانییەکان کرد کوردستان بەجێبهێڵن. دکتۆر داڤید نەبارۆ کە یەکێ بو لەو دکتۆرانەی ئه‌و ده‌مه‌ له‌ کوردستان بوو، دەگێڕێتەوە کە چیاکانی کوردستان ببون به‌ ناوچەی پڕ لە مەترسی و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ترسناكتر دەبو، هەمو پزیشکە بیانییەکان ناوچەکەیان بەجێهێڵا، بەڵام لێکس ئامادە نەبو کوردستان بەجێبێڵێت. داڤید دەڵێ زۆر هەوڵی لە گەڵ داوەو پێشنیاری ئەوەی کردوە بیگەیەنێتە ئێران، بەڵام لێکس پێی ڕاگەیاندوە کە ده‌یه‌وێت بچێ بۆ بادینان بۆ ئەوەی له‌وێ یارمەتی لێقەوماوان بدات. له‌ ڕێگه‌ی گه‌شته‌که‌یدا بۆ بادینان لە ٢٥ مارتی ١٩٧٥ لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانی عیراقەوە لە کەرکوك گیرا.

دکتۆر داڤید نەبارۆ دوا کەسی بیانی بوە کە لێکسی بینیوە. هەر لەو ڕۆژانەدا و به‌ر له‌ ده‌ستگیرکردنی لێکس توانیبوی نامەیەك بۆ کەس و کارەکەی بنوسێ و پێیان ڕابگەیەنێ کە ئەو بەرەو بادینان لە نزیك سنورەکانی تورکیا به‌ڕێ ئه‌که‌وێت. لە نامه‌یه‌کدا که‌ له‌ ١٢ دیسەمبەری ١٩٧٥ لە سەر پارچه‌ کاغەزێکی پاکەتی جگەرە ناردبوی بۆ باڵیۆزخانەی هۆڵەندا لە بەغدا نوسیبوی ” لە ٢٥ مارت لە کەرکوك کوردێك خیانەتی لێکردم و بەدەستەوەی دام”. ڕه‌نگبێ ئه‌مه‌ ڕاستبێ و کوردێکی خۆفرۆش بۆ خۆ ڕزگارکردن یا خۆ بردنه‌ پێشه‌وه‌ له‌ به‌عسی دڕنده‌ ئه‌مه‌ی کردبێ، به‌ڵام له‌ لایه‌کی تره‌وه‌ مایەی سەرسوڕمانێکی زۆر ئەبوو ئه‌گەر کابرایەکی بیانی وەكو لێکس ئارنسن لەو کاتەدا لە ڕێگەی کەرکوکەوە بگەیشتبایەتە بادینان بێ ئەوەی دەزگا ئەمنییەکانی عیراق پێی بزانن و ده‌ستگیری بکه‌ن.
دوای ئه‌وه‌ی لێکس لە 25 مارتی 1975 لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانی عیراقەوە لە کەرکوك دەسگیر کرا، گوێزرایه‌وه‌ بۆ به‌غدا و درا بە “دادگای شٶڕش”ی به‌عس و تۆمەته‌که‌ی “سیخوڕی بۆ ئیسرائیل و هەڵگرتنی دەمانچە و بەڵگە و دەکیومێنتی نهێنی سه‌ربازی و سیاسی” بو. هه‌ر وه‌کو چاوه‌ڕوان ئه‌کرا له‌و به‌ناو دادگایه‌دا‌ بڕیاری لە سێدارەدانی لێکس ئارنسن ده‌رکرا و لە 15 دیسەمبەری 1975 دا جێبه‌جێ کرا.
کەس و کاری لێکس لە هاوینی ١٩٧٥ ڕایانگەیاندبو کە لێكس بێ سەر و شوێنە و کەس نازانێت لە کوێە. له‌ دوای دیارنەمانی خێزانەکەی پەیوندییان بە هەموو کەسێکەوە کردبو کە لەو دو ساڵەی دواییدا سەردانی کوردستانی کردبو. خێزانی لێکس وەکو هەمو هۆڵەندییه‌کان لە ٣ نۆڤەمبەری هەمان ساڵدا شتێکیان لە بارەی چارەنووسێوه‌ زانی، گوایە لە بەغدا بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل لە سێدارە دراوە.
حکومەتی عیراق ئەو هەواڵەی به‌درۆخسته‌وه‌ و ڕایگەیاند کە ئەو لە سێداره‌ نه‌دراوه‌ به‌ڵام له‌ زیندانە لە بەغدا. بەڕێکەری کاروباری هۆڵەندا لە عیراق ( خێرت مەیهاوزن) بۆ ماوەی شەش مانگ لە ڕێگەی دیبلۆماسی بێدەنگەوە لە هەوڵی ڕزگارکردنی لێکسدا بوو، هەوڵی زۆریدا سەردانی بکات، به‌ڵام حکومەتی عیراق ئامادە نەبوو ڕێگە بەو یا بە هەر کەسێکی تری هۆڵەندی بدات سەردانی بکات، چونکە ڕایگەیاند کە ئەوان لێکسیان به‌ هاوڵاتی هۆڵەندی دانه‌ناوه، بەڵکو بە هاوڵاتی و سیخوڕی ئیسرائیلی دادەنێن. بە پێی ئاژانسی دەنگوباسی عیراقی لە کاتی دەستگیرکردنیدا لێکس پاسپۆرتی ئیسرائیلی، دەمانچە و بەلگە ودەکیومێنتی سەربازی و سیاسی نهێنی پێ گیراوە. تا ئێستاش نازانرێت ئەو تۆمەتانەی درانە پاڵ لێکس چەندیان ڕاستن و چەندیان هەڵبەستراو بون. زۆر لەوانەی ناسیویانە دەڵێن کە لێکس حەزی لە سیاسەت نەدەکرد و ئەو تەنها بیری لە یارمەتیدانی لێقەوماوان ئەکردەوە و بیرۆکەی سیخوڕی بە توندی ڕەتئەکەنەوە.

که‌س باوه‌ڕ ناکات سیخوڕی ئیسرائیل ئه‌وه‌نده‌ نه‌فام و بێئاگا بێت، به‌ ناقانونی هاتبێته‌ ناو عیراقه‌وه‌و به‌ بێ ئه‌وه‌ی هیچ به‌ڵگه‌نامه‌یه‌کی فه‌رمی عیراقی پێبێت، بیه‌وێت به‌ ڕۆژی نیوه‌ڕۆ به‌ که‌رکوکدا بچێت بۆ بادینان و لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانی بەعسەوە نەگیرێت. کەسیش لەو باوەرەدا نەبوو کە کەسێکی سه‌ره‌ڕۆی وەک لێکس بتوانێ پیاوی دەزگای هەواڵگری بێت، ئەوەی خەریکی کاری سیخوڕی بێت بە شێوازی لێكس کار ناکات و هیچ دەزگایەکی سیخوڕیش، بە تایبەتی مۆساد کەسێکی وەکو لێکس ناگرێتە خۆ. ئەو بەڵگەنامە و پێناسەی کەسێتی پێنەبو، هەرچی هەبو دەیخستە سەر گوێدرێژێك و بە گوند و چیاکانی کوردستاندا وه‌ک دێوه‌ره‌ دەسوڕایەوە و شکراوی ئەدا بە منداڵان و نەخۆشەکان .
لێکس لەو ماوه‌یه‌دا کە لە زیندانەکانی به‌عس بو، گەلێ جار دەبووە مانشێتی ڕۆژنامەکانی هۆڵەندا. زۆر کەس هەوڵیاندا شتێك لە بارەیەوە بزانن. ڕۆژنامەنوسێکی هۆڵەندی لە مانگی کانونی دووەمی ١٩٧٦ میوانی خاڵۆی سه‌دام، خەیروڵلا تڵفاح بوه‌، کاتێ باسی لێکسی له‌ گه‌ڵدا ئه‌کاته‌وه‌، تڵفاح پێی دەڵێت واز لەو مه‌سه‌له‌یه‌ بێنە و هەواڵی ” ئەو سیخوڕە جوە” لە دەزگاکان مه‌پرسه‌، چونکە ئەوان بەوە زۆر قەڵس دەبن، ئەو دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و لە سێدارە دراوە و کار لە کار ترازاوە، بۆیە واز لەوە باسە بێنی باشتره‌، ئەویش لە ڕۆژنامەیەکی هۆڵەندیدا هەواڵی له‌ سێداره‌دانی لێکس ڕادەگەیەنێ، بەڵام کەم کەس باوەڕ بەو هەواڵە ئەکەن و هەر لە هەوڵی ئەوەدا ئەبن شتێك لە بارەی لێکسەوە لە حکومەتی عیراق ببیستن.
لە ١٥ ئازاری ١٩٧٦ باڵیۆزی عیراق لە لاهای ڕایگەیاند، کە لێکس لە ١٥ دیسەمبەری ١٩٧٥ لە زیندانی ئەبوغرێب لە سێدارەدراوە. دوای ڕاگەیاندنی هەواڵی لە سێدارەدانی بە ماوەیەکی کورت دایکی بڕیاریدا بچێتە بەغدا بۆ ئەوەی تەرمی کوڕەکەی وەربگرێتەوه‌. دوای ئه‌وه‌ی دو هەفتەی پڕ له‌ ئازاری له‌ به‌غدا به‌سه‌ر برد ناچار بوو بە بێ تەرمەکەی لێکس بگەڕێتەوە بۆ هۆڵەندا. لە ناکاو حکومەتی عیراق بە فرۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی هۆڵەندی تەرمەکەی لێکسی ناردەوە بۆ ئەمستەردام. لە ٢١ ئایاری ١٩٧٦ لە گۆڕستانی جولەکەکان لە ماودەربێرخ لە هۆڵەندا بەخاك سپێردرا.

لێکس ئارنسن یەکەمین و ڕەنگبێ تەنها قوربانی هۆڵەندی ڕژێمی سەدام حوسێن بێت. ئەو کەسێکی ئیدیالیست، سەرەڕۆ و کەلەڕەق بوو. لە کوردستان دەرمانی پێ نەما بوو، باوەڕی وابوو بە شکراو منداڵان و نەخۆشانی کورد لە مەرگ ڕزگار ئەکات. وه‌ک ده‌ڵێن لە دژی شەپۆڵ مەلەی دەکرد. لە چەند نامەیەدا کە لە کوردستانەوە بۆ کەس و کاری ناردونی گەلێ ڕوداوی سەرنجڕاکێش دەگێڕێتەوە. هەندێ لەو کوردانەی لە ١٩٧٤ و ١٩٧٥ لێکسیان بینیوە، به‌ کەسێکی شێتۆکە له‌ قه‌ڵه‌میانداوه‌. ڕه‌نگبێ ئه‌م بۆچونه‌یان له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتبێت که‌ دید و بۆچونه‌کانی لێکس و که‌سانی وه‌ک ئه‌و نامۆن به‌ بژارده‌ی سیاسی کورد. به‌ بۆچونی هه‌ندێکیان لێکس ببوه‌ هۆی کێشە و تەنانەت کاربەدەستان ڕادەستی دەسەڵاتدارانی ئێرانیان کردبو و داوایان کردبو ڕێگەی نەدەن بگەڕێتەوە بۆ کوردستان، بەڵام لە ڕۆژانی پشێوی ڕێککەوتننامەی ٦ ئازاری ١٩٧٥ جەزائیردا، لێکس خۆی کردەوە بە کوردستاندا .
لەو نامانەی کە لە سەر کاغەزی پاکەتی جگەرە دەینوسین و لە به‌ به‌رتیل له‌ ڕێگەی پاسەوانەکانی زیندانەوە، نابێت قه‌ت به‌ دوری بزانین که‌ بە ئاگاداری دەزگا ئەمنییەکانی عیراق گەیاندراوه‌ته‌ باڵیۆزخانەی هۆلەندا لە بەغدا، لێكس بە توندی ئەوە ڕەتدەکاتەوە کە ئەو کاری سیخوڕی بۆ ئیسرائیل یا هیچ دەوڵەتێکی تر کردبێت. دوا نامەی لێکس ئارنسن له‌ 12 دیسەمبەری 1975 کە بۆ خێزانەکەی ناردویەتی و دوای ئەوە هەواڵی نامێنێ.
پێموایه‌ لێکس ئارنسن شایسته‌ی ئه‌وه‌یه‌ له‌ ‌بیری خه‌ڵکی کوردستاندا بمێنێته‌وه‌، ده‌بێت یادی له‌ بیر نه‌کرێت. ڕه‌نگبێ دروستکردنی په‌یکه‌رێک و دانانی له‌ گۆڕه‌پانێکی یه‌کێ له‌ شاره‌کانی کوردستان یا ناونانی شه‌قامێک، قوتابخانه‌یه‌ک یا هه‌ر شتێکی تر به‌ ناوی ئه‌وه‌وه‌ کارێک بێت که‌ یاده‌وه‌ری ئه‌م خێرخوازه‌ مرۆڤدۆسته‌ به‌ زیندویی ئه‌هێڵێته‌وه‌.

تایبەتمەندییەکان: هەمەڕەنگ

زیادکردنی وەڵام