تا دێت ھەلەکانی بەریتانیا لەوەی ریفراندۆمی دووەم سەبارەت بە جیابوونەوەی لە یەکێتی ئەوروپا (برێگزیت) زیاتر دەبێت.

 

ئەمڕۆ پارتی کرێکارانی بەریتانیا بەزۆرینەی دەنگ سیاسەتێکی پەسەندکرد کە بژاردەی ئەنجامدانی ریفراندۆمێکی نوێ دەھێنێتە ئاراوە ئەگەر تێرێزا مەی، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، شکست بھێنێت لەوەی لەڕێگای پەرلەمانی وڵاتەکەیەوە بگاتە ڕێککەوتنێکی کۆتایی لەبارەی برێگزیت-ەوە.

 

ئەمڕۆ لەمیانی کۆنفرانسی ساڵانەی پارتی کرێکارانی بەریتانیادا، وتەبێژی پارتی کرێکاران بۆ کاروباری برێگزیت ڕایگەیاند ھیچ کەسێک ئەوە بەدوور نازانێت کە بژاردەی مانەوە لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا لە ڕیفراندۆمی دووەمدا زیادبکرێت.

 

رۆژی ٢٠ی ئەم مانگە تێرێزا مەی، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، سەرانی یەکێتی  ئەوروپای ھاندا  لەماوەی دوو مانگی داھاتوودا ھەوڵەکانیان چڕبکەنەوە لەسەر رێککەوتنێک لەبارەی چوونەدەرەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپاوە، و ئاشکرایکرد ئەو ماوەیە درێژناکرێتەوە.

مەی لەمیانی ئێوارە خوانێکدا لە شاری ساڵسبێرگ-ی نەمسا، بە ھاوتاکانی خۆی لە ٢٧ وڵاتی یەکێتی ئەوروپا ڕاگەیاند کە ئەولەوییەتی ئەو بریتیە لە بەردەوامی پەیوەندییە ئابوورییەکان.

لەمیانی وتەکانیدا جەختیکردەوە لەسەر پێشنیارەکانی خۆی بۆ ھاوکاری ئایندەیی نێوان بەریتانیا و یەکێتی ئەوروپا و دڵنیابوونەوە لە پەیوەندییەکی باشی ھاوبەش.

لەمیانی بەرنامەیەکی ڕادیۆی بی بی سی-دا، دوو سەرکردەی یەکێتی ئەوروپا ڕایانگەیاندووە کە ھیوادارن بەریتانیا ریفراندۆمێکی دیکە سەبارەت بە چوونەدەرەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپاوە (بریگزیت) ئەنجامبداتەوە، و بەو ھیوایەی ئەنجامەکانی ریفراندۆمەکانی ساڵی ٢٠١٦ ی خەڵکی بەریتانیا، کە بە زۆرینە دەنگیاندا بۆ جیابوونەوە لەیەکێتی ئەوروپا ھەڵبوەشێنرێتەوە.

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام