ئێستا خودا مردووە، ئەی مرۆڤی بەرز، بوونی خودا، مەترسیەکی گەورەبوو بۆ تۆ!فردریک نیچە لە وەهای گوت زەردەشت. دوای گەڕان و سوڕانێکی زۆر بەناو زۆربەی تێکستە ئاینییە کۆنە خۆرهەڵاتیەکان و تێکستە فەلسەفیەکانی پێش خۆی سەرئەنجام نیچە مەرگی خودا ڕادەگەیەنێت. هەموو هەوڵی نیچە لەکارەکانیدا، لەپێناو سەرخستنی مرۆڤە، ڕزگارکردنیەتی لەو نامۆبوون و لەخۆبێگانەبوونەی کە بەدەستی خۆی، خۆی دووچاری کردووە، جا چ لەڕێگەی ئاین یا فەلسەفە بووبێت!، واتە شەڕی نیچە لەگەڵ مرۆڤی لاوازو نزم و کۆیلەیە، کە دواتر لەئاکارەکەشیدا ڕەنگی داوەتەوەو ئەم بێهێزیەی بە ئاکاری خراپ داناوە، کە بەئاکاری کۆیلە ناوزدەی کردووە، بۆ ئەمەش هەوڵدەدات جەنگ لەدژی خاڵی سەنتەر و ناوەندی، میتافیزیک( خودا )بەرپابکات، واتە ئامانجی ئەو بەناوەند کردن و بەرزکردنەوەی مرۆڤ بۆ پلەی باڵا لەشوێنی خودادا، کردنی بەخودا خۆیەتی! بەم واتایە مرۆڤ پڕۆژەیەکی کراوەیە لەلای نیچە، خۆی مانا بە بوونی خۆی دەدات و خۆی، خۆی بەرهەم دەهێنێت، لێرەدا نیچە ڕووبەڕووی میتافیزیکای سوننەتی و لۆجیکی ئاینەکان دەبێتەوە، کە مرۆڤ بە بوونەوەرێکی بێ هێزو دەستەمۆ و ناچارە لەناو مێژوودا ده‌ناسێنن کەتوانای گۆڕینی هیچی نیە، بەپێی ئاینەکان، مرۆڤ جەوهەرێکی نەگۆڕ(ثابت)ی هەیە، وە گوناهکارە و دەبێ خۆی پاک بکاتەوه، و وە خودا لە تابلۆی پارێزراودا مێژوو و چارەنووسی مرۆڤی دیاریکردووە، نیچە ئەم بانگەشانە دەخات ژێر ڕەخنەی توند، کە لەمسەرەوە بە شێوازی ئەدەبی و میتافیزێکی پوچگەرایی لێی دەردەچێت، لەلای نیچە مرۆڤ جەوهەرێکی سابتی نیە، بەلکو دەتوانێت، هەمیشە خۆی بەرهەم بهێنێتەوە و چیەتی ئەو لەسەر خودی ئەو دەوەستێت، نیچە بە پێناسەیەک وەیا چیڕووکی چارەنووسەکان،کە لەدەرەوەی خۆ-مرۆڤ، کراوە ڕازی نابێ، لەبەرئەوە مرۆڤی نیچەیی مرۆڤێکی واقیعیە لەناو مێژوودا، کە توانای هەیە بەرەو ڕووی ئەویتر لەلایەک و خۆیشی لەلایەکی تر ببێتەوە، بەئامانجی شکستپێهێنانی نزمی و ناشیرینی و کەمو کوڕیەکان و وە سەرکەوتن بەرەو لوتکە و باڵابوون.. بەم واتایە مردنی خودا لەلایەن نیچە چەند ڕەهەندێکی هەیە: مردنی خودا لەلای نیچە مردنیکی ئۆنتۆلۆجی و ئەپستمۆلۆجی و ئیتیکیە، واتە خودا وەک سەرچاو و مەرجەعی یەکەم کەبوونی جیهانی لەسەر وەستاوە، پاشان وەکو سەرچاوەی یەکەمی مەعریفەی ڕەها، کە لەوێوە مرۆڤ دەتوانێت مەعریفە سەبارەت بەجیهان بەدەست بێنێت و پاشانیش لەڕووی ئاکارییەوە، ڕەخنەی ئاکاری سوکرات-ئەفلاتۆن دەکات و دواتریش ڕەخنە لەئاکاری کانتی دەگرێت وەکو پاساو بۆ ئاینی مەسیحی دەیناسێنێت، و بەتایبەت تریش هێرشێکی گەورە دەکاتە سەر ئاینی مەسیح، کەپێی وایە هەوڵدەدات لەڕێگەی ڕیتۆریک و گوتاری ئایینی مرۆڤ سڕبکات لەو دۆخەی کە تێیکەوتووە و دەستەوەستان و سوپاسگوزاری ئەمری واقیعی بکات.. مەرگی خودا لەلای نیچە، چەندە هێرش و لەگۆڕنانی یەکێک لەپایە سەرەکیەکانی سێگۆشەی پیرۆزە هێندەش هێرشە بۆ سەر کۆجیتۆ و میراتی دیکارتی کە خودا بەبنەما و هۆکاری یەکەم دادەنێت. ئەم هێرشەی نیچە بۆ سەر میتافیزیکای خۆرئاوا بەگشتی و جەوهەری ئەو میتافیزیکە (خودا)بەتایبەتی، لەدوو ڕێگەوە دەبێت، یەکەمیان: هێرشکردنە سەر ئەو پارادایم و مۆدیلە بوونناسیەی فەلسەفەی خۆرئاوا بەدیکارتیشەوە کە بەدەوری خودادا دەسوڕێتەوە وەکو بابەت و دواتر دەبێتە بنەمای هۆشیاری و ئاگایی لە کۆجیتۆدا، واتە خودا وەکو بابەت لەناو فەلسەفەدا نامێنێت ئیتر مرۆڤ جێگەی دەگرێتەوە و دەچێتە ناوەندی هەموو توێژینەوەکان و وەهەر خۆشی لەخۆی دەدوێت!، دووەم: کەخودا وەکو بابەت نەما ئیتر لەسەر ئاستی میتۆدۆلۆژی و مەعریفیشدا، هەموو ئەو شێوازی تەفسیرکردن خوێندنەوانە کە بەپێی میتۆد و لۆجیکی ئایینەکان و چیرۆکانەی خەلق و درووست بوون، باس کردن لەقەدەرو ژیانی مرۆڤ نامێنن، ئەوەی بە(چیرۆکە گەورەکان)ناسراوە. وە لەکۆتایشدا ئەوەی پێویستە بووترێت، شەڕی نیچە دژی هەموو ئایدۆلۆژیاو سیستەمێکە کە بیەوێت مرۆڤ داگیربکات و لەڕێگەی کۆکردنەوە بەژمارەکردنیان کۆیلەیان بکات، بۆیە دەتوانین بڵێیین نیچە فەیلەسوفێکی تاکگەرا و ئاکار ناباوەڕو و میتافیزیکێکی دژە میتافیزیکە! هەموو ئامانجەکەشی دەرهێنانی مرۆڤە لەدەست گشت تەفسیرە کۆنەکان و خستنەوە دەست خۆیەتی، وەک سەروەرو سەیدی خۆی و گەردوون، بوونە بەمرۆڤێکی واقیعی و مێژوویی. سەرچاوەکان: ١- وەهای گووت زەردەشت: فردریک نیتشە ٢-نیتشەو پاش تازەگەری، د.محمد کمال ٣-میتۆدۆلۆژی، د.احمد محمد پور ٤-فەلسەفەی ئاکار، کۆمەڵێک نووسەر، و: سەعید کاکی

تایبەتمەندییەکان: بابەتی هەڵبژاردە

زیادکردنی وەڵام