کاربەدەستانی بەریتانیا ڕایانگەیاندوە “2 کەسی ڕوسی لە پشت هەوڵی کوشتنی سێرگێی سکریپال سیخوڕی پـێشووی ڕووسیا بوون”.
ئەمڕۆ چوارشەمممە نێڵ باسو سەرۆکی دەزگای دژە تێرۆری بەریتانیا ڕایگەیاند “لایەنە پەیوەندیدارەکان سەیری زیاتر لە 11 هەزار کاتژمێر ڤیدیۆی کامێرای چاودێریان کردووە و بە هاوکاری 250 لێکۆڵەر و شیکەرەوە لێکۆڵینەوەکان ئەنجامدراون”.
دەسەڵاتدارانی بەریتانیا ڕایگەیاندوە “هەردوو کەسەکە ڕووسین و بە پاسپـۆرتی ڕەسەن و ناوی ساختەی ئەلێگزاندەر پـێترۆڤ و ڕوسلان بۆشهیرۆڤ لە 2 ی مانگی سێ لە مۆسکۆوە گەیشتوونەتە لەندەن و  پاشان دوو شەویان لە هوتێلێکی ڕۆژهەڵاتی لەندەن بەسەربردووە و بە دوایدا دوو ڕۆژ چوون بۆ شاری سالزبەری و  ڕۆژی یەکەم بۆ دیدەوانی و ڕۆژی دووەم بۆ کوشتنی سێرگێی سکریپال. لە 4 ی مانگی سێ پاش چەند کاژمێرێک لەوەی سێرگێی سکریپال و یولیای کچی لە بەردەم بازاڕێکی شاری سالزبەری لە هۆش خۆیان چوون بەهۆی ژەهراویبوونیان بە ژەهری دەماری جۆری Novichok لە لەندەنەوە گەڕاونەتەوە بۆ مۆسکۆ”.

هاوکات تێرێزا مەی سەرۆک وەزیری بەریتانیا بە پەرلەمانی وڵاتەکەی وتوە ” گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی ئەو دوو کەسە ئەفەسەری دەزگای هەواڵگری لەشکری ڕووسیان، ئەوەی بە ناسراوە”.

پـۆلیسی بەریتانیاش چەند پارچە ڤیدیۆ و وێنەی هەردوو کەسەکەی بڵاوکردووەتەوە کە چۆن گەیشتوونەتە لەندەن و پاشان چوون بۆ شاری سالزبەری و تاوانەکەیان ئەنجامداوە.
هەرچەندە سێرگێی سکریپال و یولیای کچی لە پاش چەند مانگێک لە چارەسەری پـزیشکی، مەترسی لەسەر ژیانیان نەما و لە نەخۆشخانە بۆ شوێنێکی نهێنی گواسترانەوە، بەڵام لە مانگی حەوت ژنێک بە ناوی دان ستەرگێس تەمەن 44 ساڵ لە شارۆچکەی ئەیمسبێری لە نزیک شاری سالزبەری گیانی لەدەست دا. لێکۆڵینەوەکان لە مەرگی ئەم ژنە گەیشتەنە ئەو ئەنجامەی ناوبراو شوشەیەکی عەتری جۆری nina ricci premier jour دۆزیوەتەوە و هەڵگرتووەتەوە کە هەمان ژەهری جۆریNovichok تیایدا هەبووە.
نێڵ باسوی سەرۆکی دەزگای دژە تێرۆر دەڵێت هیچ گومانی تێدا نیـیە مەرگی ئەم ژنە و هەوڵی کوشتنی سێرگێی سکریپال پەیوەندیـیان پێکەوە هەیە.
کاربەدەستانی بەریتانیا وتویانە “داوا لە مۆسکۆ ناکەن ئەو دوو تاوانبارەیان ڕادەستبکات، چونکە دڵنیایان داواکەیان ڕەتدەکاتەوە، بەڵام تێرێزا مەی گوتی ئەگەربێت هەر کامێک لەو دووانە جارێکی دیکە ڕووسیا جێبهێڵن ئەوا هەموو ڕێگەیەک دەگرنەبەر بۆ دەسـتگیرکردنیان و دادگاییکردنیان لە بەریتانیا”.

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام