موقتەدا سەدر، ڕابەری ڕەوتی سەدر و فراکسیۆنی سائیرون لە پەرلەمانی عێراق  ئەمڕۆ لە بارەی خۆپیشاندانەکانی بەسرەوە پەیامێکی توندی ئاراستەی دەسەڵاتدارانی عێراق کرد.

دوای ئەوەی لەمیانی دوو رۆژی ڕابردووی خۆپیشاندانەکانی شاری بەسرەی باشووری عێراقدا شەش خۆپیشاندەر کوژران و دەیان کەسی دیکەش برینداربوون، سەدر ئەمڕۆ لە تویتێکدا نووسیویەتی ” دڵتەنگین بەوەی کۆژانی لە بەسرە ستەملێکراوەکەماندا دەبینین..ئەوەی توڕەی کردووم بریتیە لەوەی ھەندێک لە ئاژاوەگێڕان لەناو ھێزە ئەمنییەکانەوە بە ناڕەوا دەستدرێژییان کردووەتە سەر خۆپیشاندەرانی بێ چەک کە بێجگە لە پاروویەکی نانی شەرەفمەندانە ھیچی دیکەیان ناوێت.”

ڕاشیگەیاندووە ” بۆیە دەبێت ھەوڵەکان یەکبخەین بۆ دەرھێنانی بەسرە لە دەستی گەندەڵی و تایەفەگەری و میلیشیاکان.”

ھەروەھا ھۆشداریداوەتە دەسەڵاتدارانی عێراق  و جەختیکردووەتەوە “بەسرەکەمان شکۆ و شانازیمانە و ئەو شارە دڵی زیندووی عێراقە بۆیە بەسە دەستدرێژی مەکەنە سەر بەسرە و خەڵکەکەی..ئامۆژگاریتان دەکەم ھەوڵنەدەن ئارامگرتنی ئێمە تاقیبکەنەوە…”

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام