ئەگەر زانایەکی دەرونناسی بهێنین ودراسەیەکی گشتگیر بۆ کوردانی باشور بکات، گومانم نیە کە بە بەڵگەی زانستی پزیشکی، ئەیسەلمێنیت کە سەرتاپا نەخۆشە.

کۆمەڵگای کوردی بە پیاو، ژن، دەسەڵاتدارو بێدەسەلات، دەولەمەندو هەژار، ئاقڵ و گەمژەیەوە، لەناو فەزایەکی ناتەندروست و ناجێگیردا ئەژی و کێشەیەکی گەورەو فراوانی دەرونی هەیە.

ئەگەر تەواوی کۆمەلگاکان و نەتەوەکانی دنیا بخەیتە ژێر هەیمەنەی خوێندنەوەو تێگەیشتنەوە، مومکین نیە کۆمەڵگاو گەلێکی ئاوا بدۆزینەوە.

ئەم کۆمەڵگایە لەهەمومەیدانەکاندا،هەتا مەیدانی خودی ژیان، تا سادەترین کارکە نان خواردن و ئاو خواردنەوەیە تێک شکاوە.

سەرتاپای کۆمەلگا رقی لەیەکە،لەناو نەفرەت لەیەکدا ئەژین،ئەوکەسەی بەرامبەرەکەی زۆر خۆش ئەوێت، یەک شتی پوچی بێ ئەرزش بەسە، بۆ ئەبەد پریان کات لە نەفرەت، لە ڕق لێبونەوە.

ئەم کۆمەلگایە هەموی دژی یەکترە،هەموی بەربۆتە یەکتر، تەواو سەرقاڵی یەکتر شکاندن ، یەکتر ئازار ئەدەن، بەدەگمەن تییدا نیە، شەوانە ڕاحەت و بە ئارامی سەرکاتە سەرسەرین وبخەوێت،هەموئەوانەی ئازاری یەکتر ئەدەن خۆیشیان لەناو خودی خۆیاندا ئازار ئەچێژن، کەچی بەرامبەر دنیای دەرەوە بەوجۆرە نین، ئەمەیش جگە لە نەخۆشی و گرێی دەرونی هیچیتر نیە، ئەوەی کە هەموی ئەیەوی ببێ بە سیاسی،هەموی ئەیەوی ببێ بە دەسەڵاتدار، بۆ کەمکردنەوەی فشاری دەرونی وشکستی منداڵی وخراپ پەروەردەکردن.

ئەگەر دیقەت بدەین زۆربەی هەرە زۆری سەرانی پارتی و یەکێتی و حیزبەکانی تریش،هەتا ئەگاتە شاسوارلە منداڵیا بەرەو ڕوی کارەساتی هەمە جۆر بونەتەوە، هەمو ئەمانە بونەتە گرێ و ئێستا ئەیانەوێ، بە سیاسی بون، بە خۆ گەورەکردن، بەوەی بڵێن ئێمەیش هەین تۆڵەی هەموئەو شکست و سوکایەتیە لە بەرامبەرەکانیان بکەنەوە.

ئێستا ئیترکە دیقەت ئەدەم،لام یەقینە، تاکی کورد بە ئازاردانی تاکەکانی تر، بە شکاندنیان، بە سوکایەتی پیکردنیان، لەزەت ئەبات، خۆشحاڵ ئەبێت، تۆلەی نەخۆشیە دەرونیەکانی خۆی لە بەرامبەر ئەکاتەوە.

کۆمەلگاو خێزان و بەیەکەوە ژیان وسیاسەت و ئابوری و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان کەوتۆتە ژێر پرسیار، لەبەریەک هەڵوەشاوە ڕاستگۆیی و درۆ هێندەی تاڵە مویەک بەینیان نەماوە، پاکی و پیسی بە جۆرێک تێکەل بوون، لەیەک جودا ناکڕێنەوە.

دەردی کۆمەڵگای باشور،جگە لەوانەی سەرەوە فرە حیزبیەکی ناتەندروستە، دابەشبونی بەشەرەکانە بەسەر حیزبەکاندا، چونکە حیزبەکانیش لەسەر ئەساسی خێڵە بەراییەکان دروست بون،پێک هاتەی حیزبەکان لەو کەسە تێکشکاو ودۆڕاوانەن، لێرەوە ئەیانەوێ تۆڵەی خۆیان بکەنەوەو یان لەناو خۆیدا شەڕ ئەکات و یەکتری ئەشکێنن، یان لەگەڵ خێڵەکانیتر، ئەگەر سەیری سەرانی پارتی و یەکێتی و حیزبەکانی تریش بکەین،هیچیان هیچ نین، بە حزیبایەتی و شەڕو پەلامارو دزی و تەعدا ئەیانەوێ بونیان هەبێت و شت بن.

وایدابنێ، لە وڵاتێکدا کۆمەڵێ کارگەی بەرهەم هێنانی کارە با هەیەو ئەمانە کارەبا ئەفرۆشنە هاولاتیان، کاتێک تەندروستە کێشمەکێشی ئەمانە دواجار کارەبا زۆرتر بەرهەم بهێنن وهەرزانیش بیفرۆشن بە هاولاتیان، واتە کێشمە کێشم بەقازانجی خەڵک، فرەحیزبیش لەدنیادا ئەگەر وانەبو،ئەگەر جیاوازیان نەبو لە بیرکردنەوە کارکردندا، ئەگەر بە قازانجی کۆمەڵگا نەشکایەوە، ئەوا جگە لە کۆمەڵێ بەڵا هیچیتر نین، فرە حیزبی لە باشوری کوردستان هیچ نیە لە کۆمەڵێ ناوی جیاوازو بە فۆرم چون یەک نەبێت،هەمویان لەیەک ئەچن، تەنها دوکانن و پارە پەیدا ئەکەن بۆ خۆیان.

ئەوەی پارتیە ڕقی لە هەموو حیزبەکانی ترەو وەک ئینسانێکی نۆرمال بۆ ژیان نایبینێ، لەناو یەکیشدا سەرقاڵی یەکتر ڕسواکردنن.

ئەوەی یەکێتی بێت،رقێ لە هەموو حیزبەکانە، سوکایەتی بە دوا دانەیان ئەکات و قبوڵی نیە، لەناو خۆیشیاندا یەکتر خۆری ئەکەن.

هەرچی گۆڕانە ڕقی لە هەرکەسەو لایەنێکە وەک خۆی نەبێت، وەک خۆی بیرنەکاتەوە، لەناو خۆیشیاندا دوژمنی یەکترین و پاشقول بەجۆرێک لەیەک ئەدەن مل ئەشکێنێت.

ئیسلامیەکان،ڕقیان لە هەمو حیزبەکانی ترەو بە عەلمانی و کافرو خراپیان ئەزانێت و لەناو یەکیشدا دوژمنی یەکترینن، لەسەر کۆمێنتێ هەرچی ناشێ ئەیکەن و ئەیڵێن.

بەم جۆرە کەلە دورەوە سەیر ئەکەیت، کۆمەڵگا هەمووی رقی لەیەکترە، لەسەر کۆمێنتێکی خوێڕی، نوسینێ، قسەیەک، ئالای شەڕ هەڵ ئەکەن، درۆ بۆ یەک ئەپێچنەوە، مەلەفی گەورە گەورەی پڕ لە بێحورمەتکردنی مرۆڤ، بۆ یەک دروست ئەکەن.،هەموویشی لە پێناوی ئەوەدایە،عەیبەو شکستەکان و ڕسوابونەکانی خۆیان بشارنەوە.
کۆمەلگایەک تاکەکانی لەسەر ئەساسی ڕق و قین و نەفرەت ئەژی، هەموویان ماندو،گوناح، داماو، زەلیل و بێچارە، ئیش وکاریان بۆتە شکاندنی یەکترین و دواجاریش جگە لەوەی ئازار بەیەک ئەگەیەنن، هیچ قازانجێک ناکەن.

ئەمانە زوو ئەمرن، هەمیشە تەنهان،هەمیشە غەمبارن،وەیلان و وێران،هەمیشە تووشی هەمە جۆری نەخۆشی ئەبن، دواجارهەمویان قوربانیەکی بێگوناهن، دەردی ئەوان نەخۆشیە، نەزانیە،داماویە.

تایبەتمەندییەکان: بابەتی هەڵبژاردە

زیادکردنی وەڵام