هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە رۆژهەڵاتی رووباری فورات كە لە ژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) دایە، پێگەی خۆی بەهێزكردووە، ئەوەش لە رێگای دروستكردنی  18 فڕۆكەخانە و بنكەی سەربازییەوە.

روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاویكردەوە، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بە سەرۆكایەتی ئەمەریكا  18 فڕۆكەخانە، و بنكەی سەربازی لە شارەكانی مەنبج و كۆبانێی سەر بە پارێزگای حەلەب، و عەین عیسا و تەبقا و شاری رەققە لە پارێزگای رەققە، و لە شەدادی و هۆل، تەل بەیدەر، تەل تەمر، رمێلان لە پارێزگای حەسەكە، و كێلگەی نەوتی ئەلعومەر و بەحرە لە دەوروبەری دێرەزوور دروستكردووە، هەروەها شەش لەو بنكە گەورانە فڕۆكەخانەیان تێدایە.

روانگەی سوری ئاشكراشیكردووە، لە مانگی ئاب-ی رابردوودا زیاتر لە هەزار و 450 بارهەڵگر بە ئۆتۆمبێلی گوللە نەبڕ و چەك و تەقەمەنی و كەرەستەی لۆجستی باركراو چوونەتە ناوچەكانی ‌هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) وە.

روونیشكردەوە، هێزەكانی هاوپەیمانان راداری پێشكەوتوویان لە فڕۆكەخانەی كۆبانێ و رمێلان و شەدادی داناوە.

رووبەری ئەو ناوچەیەی لە ژێر كۆنتڕۆڵی هەسەدە-دایە نزیكەی 53 هەزار كیلۆمەتر چوارگۆشەیە و لە سەدا 28.6 ی رووبەری سوریا پێكدەهێنێت.
لە ئێستادا داعش نزیك لە سەدا 1.6 لە خاكی سوریا كۆنترۆل دەكات.

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام