بەدرێژایی هەزاران ساڵ ئەم چەمکی سنورە (حدود ) هۆکاری ڕشتنی خوێنی ملیارات مرۆڤ بووە . هەر لەهەڵمەتەکانی فراوان خوازی هۆزو خێڵە دڕندەکانی وەک مەغۆل و تاتار،سەلجوقی…..هتد. ئیمبراطوریەتە کۆنەکانی وەکو ئاشورو ئەکەدی و میدیەکان فیرعەونیەکان و هاخامانشی و ئەسکندەرو ساساسانی و ئیمبراطوریەتی ئیسلامی و ڕۆم و بێزەنطی و پاشان هەڵمەتەکانی ناپلیۆن پۆنابارت ….هتد . ئەمانە زیاتر بیری تاڵانچێتی سامان ، دەسکەوتی ژن و کچی جوان ، فراوان کردنی نفوزی دەسەڵات ، هەندێکیان بڵاو کردنەوەی بیری ئاینی هۆکاری فراوان خوازی سنورەکان بووە. لەسەد ساڵی ڕابردووداد ئەتوانین بڵێین بیری شۆڤێنیەتی ڕەگەز پەرستی (ناسیونالیزم )، هۆکاری خوێن ڕشتنی سەدان ملیۆن مرۆڤ بووە .ئامانجەکەشی یان پاراستنی سنور یان فراون کردنی سنور بووە . ئەم سنورە هێندە پیرۆز کراوە وبەرگی خۆشەویستی لە ڕادەبەدەری ناسیونالیستی بەبەردا کراوە ئیتر خوێن ڕشتن لەپێناویدا وەک واجبێکی نەتەوەیی و نیشتیمانی بینراوە .
گەلان وا تێ دەگەیەنرێن بۆپاراستنی سنوری وڵات ئەبێت سنوری وڵاتانی تر ببەزێنیت و خوێن بڕژیت . ناسیونالیزمەکان موتوربەکراون بەبیری شۆڤێنی هەندێک جار جگە لە قەومچێتی بیری ئاینی توندڕەو و مە زهەبیشی دێتە سەر. ئەمانە هێندە چەمکی سنور پیرۆز دەکەن کە خوێن ڕشتن وەکو ئاوڕشتنی لێ دێت لەپێناویدا . ئەم کارەکاتێک زۆر نائاخلاقی نائینسانیە تۆ بێیت سنوری دەوڵەتێکی تر داگیر بکەیت بڵێیت من سنورەکانم دەپارێزم . بیری ناسییونالیزم ی قەومچی مرۆڤی سنور پەرست، چاو چنۆک، تەعداکەر، داگیرکەر، تاڵانچی، خود پەسەند، دکتاتۆ، فاشست، خوێن ڕێژ، دژە ژینگە توڕە توندڕەو دەئافرێنێت . بۆیە دەکرێت بڵێین سنور هیچ پیرۆز نیەو هەموو مرۆڤەکان دەتوانن لەناو جوگرافیا جیاوازەکاندا بژین بە هەموو جیاوازیە ڕەگەزی و ئاینی و مەزهەبیەکانیانەوە بەمەرجێک بیری ناسیونالیزم وەلا بنێن .
چەمکی نەتەوەی دیموکرات و کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی بەبنەما بگرن کەلەداهێنانە فەلسەفیەکانی بەڕێز ئۆجالانە لێرەوە ئیتر سنور پیرۆزی نامێنێت و نیشتیمان پەروەری سنور پاراستن نابێت، خوێن ڕشتنیش دەوەستێت، پێکەوە ژیانی ئاشتیانە و دیموکراتیانەی گەلان جێگای دەگرێتەوە. بێ ئەوەی ڕەنگی پێست، ڕەگەزی جیاواز و ئاین و مەزهەبی جیاوازخۆی بسەپێنێت . لەناوجوگرافیا فراوانەکاندا گەلان بەجیاوازیە جۆراوجۆرەکانی خۆیانەوە دەژین بێ ئەوەی کەس دەست درێژی بکاتە سەر مافەکانی ئەوی تر. مرۆڤی دڵ فراوان ی بێتەماع، لێبوردە، پڕ مۆراڵ، یەکتر قبوڵ کەر ،ژیر ، هێمن ،ژینگە دۆست ، ئازادی و دیموکراتی خواز …… هتد . دروست دەبێت لەڕێگای پەروەردەی بەردەوامی کۆمەڵگاوە. ئەگەرسنورپەرستن و ناسیونالیزم بەردەوام بێت، سەپاندنی بیری ئاینی مەزهەبی بەردەوام بێت. تەماع بازی و چاوچنۆکی سیستمی سەرمایەداری بەردەوام بێت . خوێن ڕشتن و ژینگە سوتان و تێکدان هەرگیز کۆتایی نایەت . شۆڕشێکی پەروەردەیی گشتگیرو سیاسی وئەخلاقی جیهانی کارێکی پڕ گرنگە. زانکۆ گەورەکانی جیهان ئەبێت سەرمەشقی ئەو شۆڕشە پەروەردەییە فکری و فەلسفیە بن . بۆ ڕزگا رکردنی گۆی زەوی لەبیری پیس و بۆگەنی ناسیونالیزم ، بیری تیرۆریستی ئاینی مەزهەبی توندڕەو، بیری چاوچنۆک و تەماعاوی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری . بەوشێوازە مرۆڤەکان و زیندەوەران دەتوانن لەفەزایەکی فراوان و ئازاد پێکەو بژین .
تایبەتمەندییەکان: وتارو بیروڕا

زیادکردنی وەڵام