ڕەنگە ئەمە ساویلکەترین پرسیارو سادەترین تەکنیکی گێلاندنی ڕای گشتی و گۆڕانخوازان بێت.

پرسیارێکی ئاوا سەخیف و ڕیزکردنی پاساونامەیەکی خورشیدی تەواو چەواشەکارانە، ڕەنگە شایەنی ئەوەبێت لەبری کەراندنی بەرامبەر ناونیشانی خۆگەمژەکردنی پێببەخشی.

ئاخر یەعنی چی گردی زەرگەتە هی کێیە!!!لەکاتێکدا ئەو پرسیارە نەک لەکەسێکی ئاقڵ، لەکەسێکی ناقسوئەقڵیشی بکەیت لەوەڵامدا دەڵێت گردەکە هی ئەوەیە کەتاپۆکەی بەناوەوەیە.

جا ئەوە باشم لە بیرە،لەساتەوەختی مردنی کاک نەوشیروانیشدا دوای ئەوەی مەسەلەی تاپۆکردنی گردەکە ئاشکرابوو زۆرێک نوسیان (گردەکە هی منیشە) بەڵام دواتر دەرکەوت لەهی ئەو دووکوڕەی کاک نەوشیروان زیاتر مافی عەبدی خوای پێوە نیەو هەرچیش ئەچێتە ئەوێ وەک ئەوە وایە چوبێتە حەوشەی ماڵی ئەوان.

بەر لەوەی بچمە سەر وردەکاری شێواندنی ئەو ڕاستیانەی کە هۆشیارعەبدوڵا لە پاساونامەکەی چەند ڕۆژی کردویەتی، گوایە وەک شاهیدێکی ئەمین ڕاستیەکانمان بۆ دەگێڕێتەوە، دەمەوێت ئەوەی بیر بخەمەوە، کاتێک ڕۆژنامەی ئاوێنە تاپۆکردنی گردەکەی ئاشکراکرد، تۆو جەماعەت لەماڵی کاک نەوشیروان کۆبونەوە بۆ وەڵامدانەوە، چەندتان داوا لە(چیاو نما)کرد تا لە وەڵامەکەدا بنوسن گردەکە هەرهی گۆڕانە، بەڵام ئەوان ڕازینەبوان لەوە زیاتر بنوسن کە بۆ خزمەتی گۆڕان بەکاریدەهێنن.

من قسەم لە روە،ئینجا بابێینە سەر بەدرۆخستنەوەی هەموو ئەو قسانەی هۆشیار عەبدوڵا بەناوی کاک نەوشیروانەوە کردونی و گوایە نیەتی هەبوو بیگڕێتەوە بۆ حکومەت.

جارێ پێش هەموو شتێک هەموو ئەو پاساوانەی هۆشیاروهاو کۆلکەکانی بۆ تاپۆکردنی گردەکە دەیهێننەوە بۆ یەکێتی و پارتیش ڕاستەو بارزانی و نەوەکانی تاڵەبانیش دەتوانن بەهەمان پاساو لایەکی کوردستان لەسەر خۆیان و منداڵەکانیان تاپۆ بکەن.

-کوڕێک هەیە ناوی (هاواری شێخ ڕەئوف)ە، ئەوەی گۆڕان بێت دەیناسێت، هەڵە نەبم بەڕێوەبەری گشتی بانکە ئەهلییەکان بوو لە وەزارەتی دارایی، لەسەروبەندی خۆپیشاندانەکان ۱۷ی شوبات و ڕەخنەکانی گۆڕان لەبەرهەم ساڵح، بەرهەم ساڵح گێڕانەوەی پرسی موڵک و ماڵی گشتی وروژاندو لەو چوارچێوەیەشدا باسی گردی زەرگەتەی کرد، دوای ماوەیەک كەناڵیKNN ئەم هاوارەی بانگێهێشتکرد بۆ قسەکردن لەسەر گێڕانەوەی موڵک و ماڵی گشتی، لەچاوپێکەوتنەکەداو لەوەڵامی پرسیاری پێشکەشکارەکەیKNN هاوار وتی “ئەگەر یەکێتی و پارتی دەباشان و سەری ڕەش ڕادەستی حکومەت بکەنەوە گۆڕانیش ئامادەیە گردەکە تەسلیمی حکومەت بکاتەوە”، بۆ ڕۆژی دوایی کە کاک نەوشیروان هاواری بینیبوو زۆر لێی توڕەببوو پێی وتبوو گردەکە چۆن تەسلیم دەکەینەوە، جارێکی تر لەخۆتەوە باسی گردەکە نەکەیت.

_یەکێک لە هاوڕێ نزیکەکانی کاک نەوشیروان بۆی گێڕامەوە” لەدانیشتنێکدا پێشنیارم بۆ کاک نەوشیروان کرد، بۆ دەستپێشخەرییەک ناکەیت و گردەکە تەسلیمی حکومەت بکەیتەوە، ئەویش لەوەڵامدا پێی وتم،،تۆ زەویەکت لە یەکێتی وەرگرتوە، بڕۆ تەسلیمی بکەرەوە،من گردەکە تەسلیم ناکەمەوە.

_ هەمو ئەوانەی لەگردەکەن ئاگادارن کە کاک نەوشیروان بۆچی ئازاد چالاکی لەڕۆژنامەی ڕۆژنامە دورخستەوە، هەر لەسەر باسکردنی خاوەندارێتی گردەکە بوو.

_عوسمانی حاجی مەحمود لەسەرەتای ساڵی پار و بەچەند مانگێک بەر لەکۆچی نامەیەکی بۆ کاک نەوشیروان ناردبو، تیایدا داوای لێکردبوو کێشەکانی ناوخۆی گۆڕان و بەتایبەتیش خاوەندارێتی گردەکە و موڵک و پشکەکانی گۆڕان یەکلایی بکاتەوە بەڵام جوابی نەدایەوە.

ئەمەو دەیان نمونەی تریشم لایە و ئەگەر پێویست بکات لەدەرفەتی تردا باسی دەکەم.

ڕەنگە هەندێک بپرسێت ئەگەر پێشتر ئەمانەت دەزانی بۆ بێدەنگ بویت و هەڵوێستت نەبوو، لەکاتی خۆیدا خاوەندارێتی گردەکە لەلایەن نەوشیروان مستەفاوە خاڵی هێز بوو، واتە ڕێک پێچەوانەی دوای مردنی، چونکە هەموو کەس قەناعەتی وابوو کە لەوجودی خۆیدا گردەکە پارێزراوە، پاشان نەوشیروان مستەفا تائاستێکی زۆر لەهەموو بیروڕا جیاوازەکان بەیەک مەسافە دەوەستاو ڕێگەی بەم هەموو ماستاوچیە قات لەبەرە نەدەدا کە ئێستا یەکێک جل بۆ کاک چیا ئوتو ئەکات و یەکێک پێڵاوی بۆ دادەنێ و شانازیشی پێوە دەکات و یەکێکی تر (ترش)دەکات بەکەبابەکەیەوە، لەناو ماڵەکەیدا هەستن و دانیشن و تەکبیری بۆ بکەن.

بەڵام ئێستا کوڕەکانی بونەتە بەشێکی سەرەکی کێشەکەو پێیانوایە باوکیان گردەکەی بەگۆڕانەوە لەسەر تاپۆ کردون و بەهەوەسی خۆیان عومەری سەید عەلی و خانەی ڕاپەڕاندن هەڵدەسوڕێنن.

پاشان بۆچی هۆشیار عەبدوڵاو هەمو ئەو پاساوچیانەی بەشێکی سەرەکی گەورەکردنی کێشەکانی ناو گۆڕانن بۆ بەتەنها قسە لەسەر گردی زەرگەتە دەکەن، باشە ئەی موڵک و پشکەکانی تر؟.
هۆشیار عەبدوڵا و عەلی حەمە ساڵح دەتوانن حسابی خیتامی ئەو ۲ ملیۆن دۆلارەمان پیشان بدەن کە کورەکانی کاک نەوشیروان لەکارگەی چیمەنتۆکە وەریانگرتوە، چونکە خۆتان زوو زوو داوای حسابی خیتامیتان لەیەکێتی و پارتی دەکرد.

جا بۆ چەواشەکردنی خەڵک و گۆڕینی ئەسڵی مەوزوعەکە، دەڵێن ئەوانەی داوای یەکلاکردنەوەی چارەنوسی گردەکەیان کردوە تەماعیان هەبوە تیایداو ویستویانە پشکیان هەبێت و قەسری تیادا دروستبکەن، باشە بۆ ناپرسن ئەگەر ئەمانە ( قایەری حاجی عەلی و عوسمانی حاجی مەحمود)قەسریان بویستایە لەناو یەکێتی دەستیان نەدەکەوت؟پاشان کاک نەوشیروان ڕێگەی بەکەس نەدابێت قسە لەسەر خاوەندارێتی گردەکە بکات، خەڵک دەکات بەشەریکی خۆی لەگردەکەدا؟.

کاک هۆشیار دەڵێت بەرپرسێکی یەکێتی تەماعی کردبوە گردەکە داگیری بکات کاک نەوشیروان نەیهێشت، هەرچەندە ئەم پاساوە زۆر هەزەلی و هەزیلە، بەڵام براکەم جیاوازی چیە؟ ئێستا لەبری چیاو نما بۆ منداڵەکانی ئەو بەرپرسە دەبو، ئەی پێمانناڵێی جیاوازی چی لەنێوان نوشیروان مستەفاو ئەو بەپرسەی یەکێتیدا ماوەتەوە؟ ئەی کەواتە چیمان گۆڕی؟.

ئەی باسی میدیا بۆ نەکەین، لەوە گەڕێ ئەو تەلەفیزیۆنەیان چەند بێنرخ و بێبەهاکردوە تەنانەت خۆشیان سەیری ناکەن، لەبری قسەکردن لەسەر یەکێتی و پارتی، پەلاماری سەرکردە دیارەکانی گۆڕان و میدیاکانی تر دەدات.

دەمەوێت لەباسی میدیادا جارێکی تر بگەڕێمەوە بۆ مێژوی نزیک و ئاشکراکردنی ئەو ڕۆڵە خراپەی هۆشیار عەبدوڵاو یوسف محمەد و عەلی حەمەساڵح و عەدنان عوسمان و حەمە تۆفیق گێڕایان بۆ دەستگرتن بەسەر میدیای گۆڕان بەبیانوی ئەوەی سەر بەکۆمپانیای وشەیەو مافی گۆڕانی پێوەنیە.

_لە نزیکەوە ئاگادارم،هەفتەیەک دوای مردنی کاک نەوشیروان کۆبونەوە و پیلانگێڕی لەگەڵ کوڕەکان لەماڵی کاک نەوشیروان دەستیپێکرد، هۆشیار پیلانی دەستگرتنی میدیای گۆڕانی دانا وەک هەنگاوی یەکەم بۆ دەستبەسەراگرتنی تەواوەتی بزوتنەوەی گۆڕان ، هۆشیار بڕوای وابو ئەگەر میدیا لەدەست خۆیاندابێت وەک ئەوە وایە بزوتنەوەکە لای خۆیان بێت، هەوڵەکانیان چڕکردوەو ویستیان عەدنان عوسمان بکەن بەبەڕێوبەری تەلەفیزیۆن بەڵام بەهۆی ئەوە لەژێرەوە ناڕەزایی دروستبوو لەبەر تازەیی مەرگی کاک نەوشیروان بابەتەکە بێدەنگی لێکراو پیلانەکە کەمێک دواکەوت، لەوکاتەدا نماو چیا لای چەندین کەس وتبویان پەلەمان کردوە ئەبوایە بەهێواشی بمانکردایە بەڵام هۆشیارو برادەران پەلەیان لێکردین.

دوای ئاشکرابونی تاپۆکردنی گردەکەو ئاشکرابونی نیازی کورەکانی کاک نەوشیروان و جەماعەتەکەیان هەوڵەکانی دەستبەسەراگرتنی میدیا دەستیپێکردوەو ئەمجارە لەڕێی (عومەری سەید عەلی)وە، کردیان، عەبدولڕەزاق شەریفیان لابردو کەسێکی نزیکی خۆیان کرد بەمودیری KNN کە لەتەواوی بواری ڕاگەیاندندا تەنها هەڵەچنی دەزانێت.

بەکورتی و کرمانجی، ئامانجی نهێنی و ئاشکرایان لەهەمو ئەو هەنگاوانەی گرتیانەبەر دەرپەڕاندنی قادری حاجی عەلی و عوسمانی حاجی مەحمودو هەمو ئەوانەیە کە بەبنەماڵە بونی گۆڕان ڕازینابن، یوسف محەمەد لای چەندین کەس بەئاشکرا وتویەتی کودەتای سپیمان کردو قایەر و عوسمان کۆتاییانهات، ئەگەر ئێمە نەمانکردایە ئەوان ئەیان کرد.

جا لەهەموشی مەخسەرەتر ئەوەیە، تائێستا کەس نازانێت لەناو یەکێتی جێگرەوەی تاڵەبانی کێیەو لەناو پارتی جێگرەوەی مەسعود کێ دەبێت، بەڵام لەناو گۆڕان هێشتا عومەری سەید عەلی زرت و زیندوەو ساڵێکیش ماوەی ماوە، بەڵام هەمو گۆڕانەکان دەزانن کە کورەکانی کاک نەوشیروان، مستەفای سەید قادرو یوسف محەمەدیان بۆ جێگرەوەی دەستنیشان کردوە، خۆشیەکەی لەوەشدایە داوای هەڵبژاردنی پاک و بێگەردو دەستاودەستی ئاشتیانەی دەسەڵات لەیەکێتی و پارتی دەکەن.

ئەمە مشێێکە لەخەرواری ڕاستیەکان و ئەگەر پێویست بکات دەیان هێندەی تریش ڕاستی مێژویی دەنوسم، ئیتر باهۆشیار عەبدوڵاکان لەپێناو مەسڵەحەتی شەخسی خۆیان وەک گۆڕانیان خستە سەرساج، مێژوش نەشوێنن و دەستهەڵگرن لەم یارییە نائەخلاقییەی ناویان ناوە سیاسەت.

تایبەتمەندییەکان: بابەتی هەڵبژاردە

زیادکردنی وەڵام