ئەمڕۆ هەینی، بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا لە ئەنقەرە کۆبوونەوە، و تاوتوێی سزا سەپێنراوەکانی ئەمەریکایان کرد بۆ سەر ئێران.

دەرئەنجامی لێکتێگەیشتنەکانی نێوان واشنتن-ئەنقەرە، دەبێتە خاڵێکی وەرچەرخان لە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان ئەو دوو هاوپەیمانەی ناتۆ، مارشاڵ بلینگسلیا، یاریدەدەری سکرتێری بەشی ” پێدانی ئابونە و یارمەتی دارایی بە تیرۆرستان”ی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا سەرکردایەتی شاندەکەی واشنتن-ی دەکرد، کۆبوونەوەکەی بە ئەرێنی  ناوزەند کرد و وتی” هیچ  بەرهەڵستی و دژایەتییەک لە هیچ لایەکمانەوە نەبوو”.

لایخۆشییەوە، مەولەوت چاوشئۆغلو،  وەزیری دەرەوەی تورکیا  رایگەیاند،  گفتوگۆکانی ئەوان بۆ دڵنیابوون بووە لەوەی تورکیا هیچ کاریگەرییەکی خراپی لەو سزا سەپێنراوانەی سەر ئێراندا بەر ناکەوێت.

پێشتر، برایان هووک، بەڕێوەبەری پلاندانانی سیاسەتەکانی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، تورکیا هیچ مۆڵەت و رێگەپێدراوییەکی نییە بۆ کڕینی نەوتی ئێران، ئەو لێدوانەی هووک لە میانی کۆنفراسێکی رۆژنامەوانی  و لە وەڵامی پرسیارێکدا بوو کە، “ئایا هیچ سزایەکی تورکیا و وڵاتانی دیکە دەدرێت لە ئەگەری پێشێلکردنی سزا سەپێنراوەکانی سەر ئێراندا”.

هوک وتی” دوای نوێکردنەوەی سزا سەپێنراوەکانی سەر ئێران، ئەمەریکا مۆڵەت و رێگەپێدانی بە تورکیا و هیچ وڵاتێکی دیکە نەبەخشیوە بۆ بەردەوامیدان بە بازرگانیکردنی نەوت لەگەڵ ئێراندا”.

سێ رۆژ لەمەوبەر و رێکەوتی ١٧ی ئەم مانگە(تەموز)، هەمان شاندی واشنتن سەردانی هیندستانیان کرد و بۆ هەمان بابەت لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆبوونەوە، ئەو کۆبونەوەیەی شاندەکەی ئەمەریکا دوای لێدوانێکی رۆژی پێشوتری ستیڤن منوچین، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا  هات، کە وتی “پێدەچێت واشنتن چاوپۆشی لەهەندێک وڵات بکات و لێخۆشبوونیان بۆ دەربکات سەبارەت بە سزاکانی ئەمەریکا لە دژی ئەو وڵاتانەی کە بازرگانی نەوت لەگەڵ ئێران دەکەن”.

ویژای گۆخالی، وەزیری دەرەوەی هیندستان لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بەوەداوە، پەیڕەوی ئەو کارانە دەکات کە لە بەرژەوەندی نیشتیمانیی وڵاتەکەیدایە، بەڵام نازانرێت ئایا ویژای گۆخاڵی داوای لە شاندەکە کردووە کە لە سزاکانی ئەمەریکا چاوپۆشی بکەن یاخود نا.

رێکەوتی ٨ ی ئایاری ئەمساڵ، دۆناڵد ترەمپ کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران راگەیاند، هەر لە سەرەتای دەستبەکار بوونیەوە، وەک سەرۆکی ئەمەریکا، دژایەتی ئەو رێککەوتنە دەکات،کە  وڵاتانی  ئیتاڵیا، چین، فەرەنسا، روسیا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، یەکێتی ئەوروپا و ئەمەریکا، بە سەرۆکایەتی باراک ئۆباما  لەسەری رێککەوتن، بەوەی ئێران بەرهەمهێنانی چەکی ناوەکی کەم بکاتەوە، لە بەرامبەردا سزا و ئابڵوقەی ئابووریی سەپێنراوی سەر ئێران کەم بکرێتەوە.

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام