لەو پرسیارانەوە دەستپێدەكەین، كە ئایا ئەركی سیاسیی بزوتنەوەی گۆڕان كۆتاییهاتووە، یاخود هەڵسوڕاوانی ئەو بزوتنەوەیە لە ڕێگای ململانێی ناوخۆیی خۆیانەوە كۆتایی بە ئەركە سیاسییەكەی دەهێنن، یان پرۆژەكە لە ژێر كاریگەریی سیاسەتی یەكێتیی و پارتییدا بەرەو پوكانەوە چووە؟

بێگومان وەڵامێكی تەندروستی ئەو پرسیارانەی پێشوو دەمانگەیەنێتە ڕاستییەكی تاڵ، ئەویش ئەوەیە، كە سەركردەكانی گۆڕان بە دەستی خۆیان خەریكە گۆڕێكی قووڵ بۆ بزوتنەوەكە هەڵدەكەنن. ڕاستە یەكێتیی و پارتیی ئارەزومەندی ئەوەن، كە ئەم حیزبە داروبەردی بەسەریەكەوە نەمێنێت و ببێتە كەلاوەیەكی سیاسیی، یاخود ببێتە دوكانێكی سیاسیی بچووك، وەك حیزبەكانی تر، بەڵام ئەوەی، ڕێگاخۆشكەری دروستكردنی ئەو بارودۆخەی ناو گۆڕانە، بە تەنها حیزبەكانی تر لێی بەرپرسیار نین، هێندەی كێشەكان پەیوەندییان بە ناوخۆی گۆڕانەوە هەیە، كە دەتوانین لەم خاڵانەی خوارەوەدا بیانخەینەڕوو:

یەكهەم: ئەو پەیكەرە سیاسییەی نەوشیروان مستەفا بۆ ئەم حیزبەی داڕشتبوو، یارمەتیدەرێكی باش نەبوو، بۆ ئەوەی میراتگرەكانی بەئاسانیی بتوانن سودی لێوەربگرن و بە ئاراستەی پارتێكی تەندروست و بەهێزی ئۆپۆزیسیۆنی ببەن.

دوهەم: لە ئێستادا سیاسەتی دارایی ئەم حیزبە وەها دەردەكەوێت، كە ڕێك و ڕەوان و ڕوون نەبوە، بەڵكو بە جۆرێك لە جۆرەكان وەك سیاسەتی دارایی پارتە سیاسییەكانی تر لەسەر بنەمای كەسیی و هاوڕێیەتیی و بەرژەوەندیی تایبەت بنیاتنراوە.

سێهەم:
لە ڕوی سیاسییەوە دەبوو خوالێخۆشبوو نەوشیروان مستەفا لە ڕێی وەسیەتێكی سیاسییەوە نەخشەی داهاتووی حیزبەكەی ڕونبكردایەتەوەو بە هۆیەوە ڕێگەی لە كێشمەكێش و ململانێكانی ئێستا بگرتایە.

چوارهەم: ئەو گروپەی، چونەناو حكومەت و پەرلەمان، هێندەی بونە مایەی سەرئێشەی ناوخۆیی بۆ حیزب و دروستكردنی وێنەیەكی وێكچوو بۆ گۆڕان لە گەڵ حیزبە حوكمڕانەكانی تردا بۆ گۆڕان، هیچی تریان نەكرد.

پێنجهەم: دەبێت ڕاستەوخۆ دەستەڵاتەكانی بەڕێوەبردنی  حیزب لە ڕێگای ئۆرگانە ددانپێدانراوەكانی حیزبەوە بەڕێوەببرێت، بۆیە بوونی هەر كەس و لایەنێك لە شێوەی مەرجەع بۆ حیزب دەبێتە شێرپەنجەی جەستەی حیزب و لەناویدەبات. لە ئێستادا ئەوەی، كە دەبینرێت، چەند مەرجەعێكی نائۆرگانیی لە دەرەوەی جەستەی گۆڕان ململانێدەكەن و شەڕی میراتی نەوشیروان مستەفا دەكەن، بێئەوەی هیچ كەسێك لەوانە لە ناو ئۆرگانەكانی گۆڕاندا بەرپرسیارێتیی فەرمییان هەبێت.

شەشهەم: یەكێك لە گەورەترین گرفتەكانی گۆڕان ئەوەیە، كە ڕاڤەی هەڵە بۆ فرەمیمبەریی دەكەن، واتا بونی ملشكاندی یەكتر و بونی ناوەندی بڕیاری جیاواز و مەرجەعی جیاواز بە فرەمیمبەریی لێكدەدەنەوە، لە كاتێكدا ئەوانە خۆركەیەكی ترسێنەرن و حیزب بەرەو هەڵتەكاندن و لەناوچونی هەتاهەتایی دەبەن!

حەوتهەم: ونبونی گوتاری سیاسیی گۆڕان یەكێكی ترە لە گرفتە گەورەكانی بەردەم ئەم حیزبە و پێویستە لە زوترین كاتدا و پێش هەموو شتێك گوتاری سیاسیی خۆی دابڕێژێتەوەو پێناسە و چەمكەكەی دیاریبكات، چونكە ئەگەر حیزبێك بیەوێت لە هەڵبژاردندا براوەبێت، لانی كەم نابێت لە حیزبەكانی تر بچێت و پێویستە خاوەن گوتاری سیاسیی خۆی بێت.

هەشتهەم: بێمتمانەیی نێوان سەركردە دیارەكانی گۆڕان یەكێكی ترە لەو هۆكارانەی، كە بووەتە هۆی ئەوەی وزەی سیاسیی لە بەر جەستەی ئەم حیزبە بڕیوەو لاوازیكردووە، چونكە سەركردەكانی گۆڕان وردەوردە ئامانجە گەورەكەیان، كە سەركردایەتیكردنی شەپۆلی ناڕەزایەتییەكانی كوردستان بووە، لەیادكردووە و دەیانەوێت لە یەكێتیی و پارتیی بچن، نەك لە گۆڕان.

بە لەبەرچاوگرتنی ئەو خاڵانەی پێشوو، بۆماندەردەكەوێت، كە گۆڕان خۆی شێرپەنجەیەكی لە جەستەی خۆیدا دروستكردووەو هەر خۆیشی دەتوانێت ئەم شێرپەنجەیە ببڕێت، یاخود گەشە بە ماكەكەی بدات و تەواوی جەستەی دابڕزێنێت.

تایبەتمەندییەکان: بابەتی هەڵبژاردە

زیادکردنی وەڵام