هێنانە پێشەوەی ئەم یاسایە لەم کاتەدا لەلایەن گۆڕانەوە شتێکی ئاسایی نیە بەتایبەت کە پارتیش پڕۆژەیەکی هاوشێوەی پرۆژەکەی گۆڕانی ئامادەکردبو، ناکرێت ئەمە سوتفەبێت.

بەپێی زانیارییەکانی من لەئێستادا ئەم مەسەلەیە ناکۆکییەکی گەورەی لەناو جڤاتی نیشتمانی گۆڕان دروستکردوە و داوائەکەن لەبارەی هۆکاری هێنانە پێشەوەی ئەم یاسایەو بایەخ و قازانجەکانی بۆ گۆڕان لەم کاتەدا ڕونکردنەوەیان پێبدەن ،پرسیاری ئەوەشیان هەیە چۆن ئەکرێت لەپرسێکی واگرنگدا حساب بۆ جڤاتی نیشتمانی نەکرێت کە شوێنی دروستکردنی بڕیاری سیاسی بزوتنەوەکەیە.
بەپێی زانیارییەکان ، پرۆژەکە یاساکە (یوسف محەمەدو دکتۆرە بەهار)نوسیویانە ، تەنها جەلال جەوهەرو عومەری سەید عەلی ئاگادارن، تەنانەت ژوری یاسایی بزوتنەوەی گۆڕان نیگەرانی دەربڕیوە لەوەی پرسی پێنەکراوەو یاساکە هەڵەی کوشندەی تیادایەو ئەگەری زۆرە لەئایندەدا کێشەیەکی وەک ئەوەی 30 حوزەیرانی ساڵی 2013 لێبکەوێتەوە، کە یەکێتی و پارتی دەسەڵاتی بارزانیان درێژکردوەو دواتر قەیرانێکی سیاسی گەورەی لەکوردستان خولقاندو بەداخستنی پەرلەمان بۆ ماوەی دوساڵ کۆتایهات.

ژمارەیەکی زۆر لەئەندامانی فراکسیۆنی گۆڕانیش ئاگاداری پرۆژەکە نەبون و تەنانەت هەندێکیان دەنگیشیان پێنەداوە.

بەپێی زانیارییەکان، عەلی حەمەساڵح پەرلەمانتاری گۆڕان ڕێکخەری پەیوەندییەکانی پارتی و گۆڕان بوە بۆ تێپەڕاندنی ئەم یاسایە لەپەرلەمان، گومانی زۆر هەیە پارتی لەڕێی (عەلی حەمەساڵح)وە، ئەم پڕۆژەیەی هەڵدابێتە ناو گۆڕان و لەبەرامبەر ئەوەدا پارتی ئەو ڤیتۆیەی لەسەر یوسف محەمەد هەیەتی کە ڕێگەنادات هیچ پۆستێک لەعێراق وەربگرێت ، هەڵبگرێت.

هاوکات گومانی گەورەش هەیە کە ئەمە ڕێکەوتنێکی ژێر بەژێربێت لەگەڵ پارتی کەتەنها عومەری سەید عەلی و جەلال جەوهەرو یوسف محەمەدو عەلی حەمەساڵح ئاگادارن سەبارەت بە قۆناغی دوای هەڵبژاردنی، پەرلەمانی کوردستان بەوپێەی پارتی لەزاری چەندین بەرپرسیەوە نیگەرانی لەیەکێتی دەربڕیوەو دەیەوێت بەکێشکردنەوەی گۆڕان بۆ حکومەتی داهاتوی هەرێم، شەڕی نێوان یەکێتی و گۆڕان گەرمتربکات و ناوچەی سلێمانی بەردەوام پڕبێت لەململانێ.

*مادەی سێیەمی یاساکە کەجەوهەریترین خاڵی یاساکەیە،هەرکەسێک تۆزێ بەدیقەت بیخوێنێتەوە( پێویستە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کورستان لەیەکەم وەرزی گرێدانیدا لەژێر ڕۆشنایی بنەما گشتیەکانی دەستور، بڕیار لەسەر چارەنوسی دامەزراوەی هەرێم بدات)دەگاتە ئەو بڕوایەی کە ئەوەی ئەمەی نوسیوە یان نەزان بوە یان بەفێڵ و بەقازانجی پارتی نوسیویەتی.
جارێ پێش هەموشتێ کام دەستورە؟ پاشان لەخولی پێنجەم پارتی زۆرینە دەبێت و یەکێتیش بەبەرژەوەندی ڕازیدەکات و یاساکە بەوشێوەیە تێدەپەڕێنێت کە قازانجی خۆی تێدایە و گۆڕانیش با بۆخۆی هەر تەپڵ لێدات، پارتی ڕێز لەئیمزای خۆی ناگرێت حساب بۆ پڕۆژە یاسای گۆڕان دەکات؟ جگە لەوەش هیچ ئاماژەیەکی تیادانیە کە ڕێگری بکات لەخۆ کاندیدکردنەوەی بارزانی ، ئەوەی دەشوترێت کە ڕێگە لەبارزانی دەگرێت کاندیدبێتەوە ئەوە ئەسڵ و ئەساسی نیە مەگەر خۆی نەیەوێت کاندیدبێتەوە.

ئەوانەی ئەم یاسایەیان نوسیوە بەحسابی خۆیان کێشەیان بۆ یەکێتی و پارتی دروستکردوە لەسەر پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، کە ئەمەش دیسان ئیدعایەکی پوچ و بێبنەمایە.

*ئەو پرسیارە جدییەی کە هەمو گۆڕانخوازێکی ڕاستەقینە لەئێستادا پێویستە لە سەرانی گۆڕانی بکات ئەوەیە، بەدرێژایی چەند ساڵی ڕابردو شەڕی بارزانی و پۆستی سەرۆکی هەرێمتان کرد،کە باشترین بوو، خێرە ئێستا بەشەو ڕۆژێک ڕێکەوتن؟ چۆن قەناعەتمان پێئەهێنن کە بەبێ هەماهەنگی لەگەڵ پارتی هەردوکتان خاوەنی پرۆژەیەکی هاوبەش بون لەسەر پرسی سەرۆکایەتی هەرێم کە خاڵی جەوهەریی ناکۆکییەکانتان بوەو بەوهۆیەوە سەرۆکی پەرلەمان و چوار وەزیرتان بۆدانا؟ ئایا کێشەکە نەوشیروان مستەفا بو لەڕابردودا بۆیە ڕێنەدەکەوتن؟، ئێستا ئەو نەماوە کێشەتان لەگەڵ پارتی نەماوە؟ ئەی دەنگدانیشتان بەیاسای تیرۆر هەر سوتفەو بێ هەماهەنگی بو؟ ئەگەر وایە ئێوە ڕەنگە ڕێکخراوی خێرخوازیبن نەک حزبی سیاسی خاوەن ئەجێنداو ڕوئیا، ئەگەر واش نیە پێمانبڵێن ئەوە هیچ بەدرێژایی چەند ساڵی ڕابردو پارەتان لەهێزێک” یەکێتی” وەرگرتوە کە بەڕۆژی ڕوناک سامانی گشتی دزیوە، ئێستا لەژێرەوە لەگەڵ پارتی لەسەر چی ڕێکەوتون و بەتەمان گۆڕا چی لێبکەن؟.

ئارام ئەحمەد
15/07/2018

تایبەتمەندییەکان: بابەتی هەڵبژاردە

زیادکردنی وەڵام