لە هەرێمی کوردستاندا، فاشیزم وەک سیستەم ئیش دەکات، تەنها ئایدیۆلۆژیایەک نییە. ئەو سیستەمی فاشیزمە، هەڵقوڵاوی مێژوی بزاڤی کوردایەتییە و لە ململانێکانی نێوان ئیبڕاهیم و ئەحمەد و مەلا مستەفادا درێژبۆتەوە بۆ ململانێکانی نێوان ئەو دو باڵەی ناو بزوتنەوەی گۆڕان لە ئێستادا. هەمو بزوتنەوە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، سەرەڕای ئەوەی کە دژ بەو رەوتە فاشیستە دروستدەبن، بەڵام دواتر لەژێر کاریگەریی ئەو رەوتەدا بانگەشەکانی دیموکراسیی لەدەستدەدەن.

قوتابخانەی پارتیی دیموکراتیی کوردستان کۆنترین قوتابخانەی ئەو فاشیزمەی کوردایەتییە کە تا ئێستاش کاریگەریی نەک هەر لەسەر هێزەکانی باشوری کوردستان هەیە، بەڵکو لەسەر پارچەکانی دیکەی کوردستانیش هەیە. لە بەرانبەردا، تەنها قوتابخانەی پەکەکە توانیویەتی دژی ئەو رەوتە فاشیستییە دونیابینییەکی دی پێشبخات. یەکێتیی زو ئاکارەکانی پارتیی هەڵگرت. ئێستا خەریکە، وەک لە بابەتێکی پێشتریش باسمکردبو، گۆڕان دەبێتە یەکێتیی، یان بۆتە یەکێتیی.

  قوتابخانەی پارتیی دیموکراتیی کوردستان کۆنترین قوتابخانەی ئەو فاشیزمەی کوردایەتییە کە تا ئێستاش کاریگەریی نەک هەر لەسەر هێزەکانی باشوری کوردستان هەیە، بەڵکو لەسەر پارچەکانی دیکەی کوردستانیش هەیە

بزوتنەوەی گۆڕان لە ناوخۆی خۆیدا توشی ململانێیەکی بێئەخلاقانە بوە لەسەر بنەمای پوچێتیی. ئەو ململانێیە بێئەخلاقانە هیچ پەیوەندیی بە ململانێی دیموکراسییانەی ناو حیزبێکەوە نییە. گروپێک رەخنەی لە گروپێکی پاوانخواز هەیە، ئەو گروپە پاوانخوازەش هەمو وەسیلەکان بەکاردێنێت بۆ کپکردن و ناشیرینکردنی گروپەکەی تر. ئەو هەوڵی کپکردن و پەراوێزخستن و ناشیرینکردنە، رەگێکی لە فاشیزم دایە. ئەوەی زۆریش مەترسییە، گۆڕان خۆی موقەدەس دەکات. هەر هێزێک رەگی فاشیستانەی تێدا بێت، هەوڵی خۆپیرۆزکردن دەدات. جا پیرۆزکردنی نەژادی بێ، یان میراتی سیاسیی، یان ئایدیۆلۆژیاکەی یان خودی کەسەکان و حیزبەکەی.

ئێستا گۆڕان خەریکی خۆموقەدەسکردنە. لەڕێی ئەو خۆموقەدەسکردنەوە، دەیەوێت نەیارەکانی ناوەوە و دەرەوە ناشیرین بکات. دەیەوێت وا نیشانبدات رەخنەکانی نەیارانی ناوخۆیی و رەخنەگرانی دەرەوەی گۆڕان موئامەرەیەکی یەکێتی و پارتییە. رێک بە هەمان عەقڵییەتی پارتیی کە رەخنەکردنی ریفراندۆمی بە موئامەرەی ناودەوڵەتیی و ئیقلیمیی تەماشاکرد. دەبێت ئەو فاشیزمەی دژ بە نەیارانی ناوخۆ و دژ بە رەخنەگرانی دەرەوەی خۆی لە گەشەکردن دایە، بوەستێنرێت

  ئێستا گۆڕان خەریکی خۆموقەدەسکردنە. لەڕێی ئەو خۆموقەدەسکردنەوە، دەیەوێت نەیارەکانی ناوەوە و دەرەوە ناشیرین بکات. دەیەوێت وا نیشانبدات رەخنەکانی نەیارانی ناوخۆیی و رەخنەگرانی دەرەوەی گۆڕان موئامەرەیەکی یەکێتی و پارتییە. رێک بە هەمان عەقڵییەتی پارتیی کە رەخنەکردنی ریفراندۆمی بە موئامەرەی ناودەوڵەتیی و ئیقلیمیی تەماشاکرد

بزوتنەوەی گۆڕان بە هەستیارترین قۆناغی خۆیدا رەتدەبێت. ئەو قۆناغە قۆناغی گواستنەوەی گۆڕانە لە بزوتنەوەیەکی ماندوی بێسەروبەری خاوەن میراتێک و جەماوەرێکی دەوڵەمەند کە چەندین گروپ لەناویدا ململانێدەکەن. ئەو ململانێیانە یان بزوتنەوەی گۆڕان رزگاردەکەن لەوەی ببێتە هێزێكی وەک یەکێتیی و پارتیی، یان ئەو بزوتنەوەیە ململانێکانی بە هەمان رێگاکانی یەکلاکردنەوەی ململانێکان وەک یەکێتیی و پارتیی کۆتایی پێدێنێت و دەمرێت. پارتیی ململانێ ناوخۆییەکان و دەرەکییەکانی هەمیشە لەڕێی توندوتیژییەوە کۆتایی پێهێناون. یەکێتیی هەم توندوتیژیی بە رادەیەکی کەمتر بەکارهێناوە، هەمیش لەو ساڵانەی دوایی لەڕێی ناشیرینکردن و بەئەهریمەنکردن.
قۆناغی گواستنەوەی گۆڕان هەستیارە چونکە هێشتاش ئەو بزوتنەوەیە وەک بزوتنەوەیەک تەماشادەکرێت کە بۆ ئەو قۆناغە گرنگیی خۆی هەیە بۆ وەستانەوەی دژی چەتەگەرایی حوکمڕانیی ٢٧ ساڵەی هەرێمی کوردستان. ئەو قۆناغەش نابێت درێژە بکێشێت، دەبێت زو کێشەکان یەکلاییبکرێنەوە. هەر بۆیە، ئەو فاشیزمەی لەناو گۆڕاندا لە گەشەکردن دایە، دەبێت بەر لە گەشەکردنی زیاتری بکوژرێت.

تایبەتمەندییەکان: بابەتی هەڵبژاردە

زیادکردنی وەڵام