ئەندرێ مانوێل لۆپێز، کاندیدێکی چەپڕەو، دوێنێ لە ھەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی مەکسیک-دا سەرکەوتنی بەدەستھێنا.

مەکسیک  کۆمارێکی فیدراڵییە و دەکەوێتە باشووری کیشوەری ئەمریکای باکوورەوە، و کێشەی باندەکانی قاچاخچێتی ماددە ھۆشبەرەکان گەورەترین کێشەی ئەو وڵاتەیە.

لماوەی ١٢ ساڵی ڕابردوودا سەرۆکی پێشوو و دەسەڵاتدارانی پێشووی مەکسیک، سیاسەتی ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداری لەگەڵ باندەکانی مادە ھۆشبەرەکاندا پەیڕەو کردووە، بەڵام لۆپێز بەنیازە ئەو ستراتیژە بگۆڕێت بۆ سیاسەتی دانوستاندن و گفتوگۆ.

“ستراتیژییەتی شکستخواردووی رووبەڕووبوونەوەی تاسەقامگیری و توندوتیژی دەگۆڕێت،” لۆپێز دوێنێ شەو لە وتاری سەرکەوتنی خۆیدا واتی ووت.

ئاماژەشیکرد بە چارەسەرکردنی ئەو نەخۆشییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییانەی کە وا لە خەڵک دەکەن پەنابەرن بۆ بازرگانی کردن بە  مادە ھۆشبەرەکان و ئەنجامدانی تاوانەوە.

ووتیشی ” زیاتر لەوەی لەڕێگای بەکارھێنانی ھێزەوە، ئێمە بەنیازین بەدوای ئەو ھۆکارانەدا بڕۆین کە دەبنە ھۆی توندوتیژی و ناسەقامگیریی.”

جەختیشیکردەوە کە تیمەکە ئەو دەستبەجێ دەستدەکەن بە ڕاوێژ لەگەڵ گروپەکانی مافەکانی مرۆڤ وسەرکردە ئاینییەکان و نەتەوە یەکگرتووەکاندا بۆ پەرەپێدانی “پلانێک بۆ ئاشتبوونەوە و ئاشتەوایی.”

بەلام ھێشتا وودەکاری پلانەکەی لۆپێز نازانرێت بەوەی بەرەو ئەوە دەڕوات لە قاچاخچییەکانی مادە ھۆشبەرەکان خۆشبێت،کە لەو حاڵەتەدا ڕووبەڕووی ڕەخنەی ڕای گشتی و ڕکابەرەکانی لە کۆنگرێسی مەکسیک و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەبێتەوە.

لەساڵی ٢٠٠٦ ەوە مەکسیک نەیتوانیوە بە ھێز کۆتایی بە باندەکانی قاچاخچییەکانی مادە ھۆشبەرەکان بھێنێت و ھەتا ئێستا بەو ھۆیەوە ٢٠٠ ھەزار کەس کوژراون.

لۆپێز، تەمەن ٦٤ ساڵ، سەرۆکی پێشووی شارەوانی شاری مەکسیکۆسیتی پایتەخت،بووە و

یەکەمین چەپڕەوە کە سەرۆکایەتی  مەکسیک لەماوەی چەندین دەیەدا بگرێتەدەست.

لۆپێز پێشتر لە ھەڵبژاردنەکانی ساڵانی ٢٠٠٦ و ٢٠١٢ دا خۆی کاندید کردووە، و لۆپێز خۆی بە تاکە کەس دادەنێت کە بتوانێت وڵاتەکەی لە بەرزبوونەوەی ئاستەکانی تاوان- بەتایبەت باندەکانی مادە ھۆشبەرەکان- و گەشەی ئابووری سست ڕزگاربکات.

دانا تەیب مەنمی

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام