بی بی سی داوای لێبوردن لە سەرنوسەرێكی ئافرەتی باڵای خۆی دەكات، بەهۆی ئەوەی بەشێوەیەكی دادپەروەرانە لەگەڵ هاوپیشە پیاوەكانی خۆیدا مووچەی پێنەدرابوو.

دامەزراوەی پەخشی بەریتانی ( بی بی سی) دامەزراوەیەكی ڕاگەیاندنی گشتییە و لەسەر بودجەی گشتی دەوڵەتی بەریتانیا بودجەی بۆ دابیندەكرێت، و هەمیشە بانگەشەی یەكسانی دەكات لەنێوان كارمەندەكانیدا.

بەپێی هەواڵێكی سی ئێن ئێن، كاری گراسی، لەماوەی كاركردنی وەكو سەرنووسەری چین، بەبەراورد لەگەڵ ئەو هاوپیشە پیاوانەی هەمان پۆستیان هەبووە  بەڕێژەی لەسەدا پەنجا مووچەكەی كەمتربووە.

ئەمڕۆ هەینی گراسی و بی بی سی لەبەیاننامەیەكی هاوبەشدا ڕایانگەیاندووە ” كاری پێشتر و ئێستاش بەشدارێكی گرنگی بی بی سی بووە. لەماوەی كاركردنی وەكو سەرنووسەری چین، كاری چەندین ڕاپۆرت و شرۆڤە و كاری دیكەی كردووە و كارەكانی هاوشێوەی سەرنووسەر نێودەوڵەتییەكانی دیكە لەو ماوەیەدا گرنگ بووە.”

بی بی سی ڕازی بووە بڕێكی دیارینەكراو پارە بداتەوە بە گراسی، و ئەو رۆژنامەنووسەش لەلایەن خۆیەوە بڕیاریداوە پارەكە بداتەوە بە كاری خێرخوازی.

وەكو یەكێك لە رۆژنامەنووسە دێرینە باڵاكانی بی بی سی، گراسی لە مانگی كانوونی دووەمی ئەمساڵدا دەستی لەپۆستی سەرنووسەری چین كێشایەوە، و بەئاشكرا ڕایگەیاند بەوەی هاوكارانی خۆی لە ڕەگەزی نێرینە كە وەكو سەرنووسەری نێودەوڵەتی كاریان كردووە بەڕێژەی لەسەدا 50 مووچەیان لە ژنان لەهەمان پۆستدا زیاتربووە.

گراسی بەردەوامبوو لەسەر ئەوەی كە سیستمی مووچەی بی بی سی “نهێنی و نایاساییە” ، و بۆ ئەم مەبەستە لەبەردەم پەرلەمانی بەریتانیادا شایەتی خۆیدا، و كەیسەكەی هەرایەكی گەورەی لەناو بی بی سیدا نایەوە.

ئەمڕۆش گراسی ڕایگەیاندووە ” خۆشحاڵم بەوەی توانیمان جیاوازییەكانی ڕابردوومان تێپەڕێنین و پێكەوە كاربكەینەوە، و ئێستا دەتوانین بەرەو ئایندە بڕوانین.”
گراسی لەبارەی سووربوونی خۆیەوە لەسەر داواكەی ڕایگەیاندووە “ئەوە هەمیشە سەبارەت بە پرنسیپ بووە، نەك پارە.

هەروەها جەختیكردووەتەوە ” خۆشحاڵم بەوەی كارەكەم وەكو سەرنووسەری چین ئێستا بەشێوەیەكی گونجاو لەلایەن بی بی سییەوە ددانی پێدانراوە و خۆشحاڵم كە ئەو ماوە سەختە كۆتایی تێپەڕی.”

بەپێی یاسایەكی نوێ كۆمپانیا گەورەكانی بەریتانیا دەبێت داتای مووچەی كارمەندانی خۆیان ئاشكرابكەن و یاساكە چەندین جیاوازی لەنێوان مووچەی پیاوان وژناندا دەرخستووە، وئاشكرایكردووە لە كۆمپانیاكانی ئەو وڵاتەدا، لەنێوانیشیاندا میدیا، پیاوان لە ژنان زیاتر وەردەگرن.

هەروەها یاساكە دەریخستووە، لە ئۆفیسی لەندەنی كەناڵی سی ئێن ئێن-ی ئەمریكی جیاوازی مووچەی یەك كاتژمێری نێوان ژنان و پیاوان لەسەدا %24 بووە.

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام