وەک ئێستا بیرمە، قوتابی چواری سەرەتایی بووم، ئەو پرسیارەی هاتە مێشکم ئەوەبوو، باشە! خودا ئێمە، زەویەکان و ئاسمانەکانی دروستکردوەو هەمووشتێک ئەو خولقێنەریەتی، ئەی “کێ خودای دروستکردوە؟” لە دایکم وباوکمەوە دەستم پێکرد تا مامۆستای قوتابخانەو مامۆستای ئاینی لە مزگەوتی حاجی ڕەشید لە پێنجوین، مامۆستایەکمان هەبوو بە ناوی حسین خەلکی حەسەن ئاوا بوو، لەسەر ئەو پرسیارە زۆری لێدام و سوکایەتی زۆر کرد.

ئەوە تەنها پرسیارێک بوو، منی منداڵ خوم پێوە گرتبوو، ئێستایش نازانم بۆچی بوو بووە کەڵکەڵەی مێشکم، بەدوای وەڵامەکەیدا ئەگەرام، پرسیارەکەیشم بێجێ نەبوو، کفریش نەبوو، چونکە منداڵ کاتێک نەیزانی کامە کفرەو کامە کفر نیە، کامە چاکەو کامە خراپە،ناخزێتە خانەی تاوانباریەوە.

بەڵام ڕۆژ هاتوو چوو،هیچ کەس وەڵامی نەدامەوە،هەمووی یان لێیان ئەدام، یان دەریان ئەکردم، یان سوکایەتی و ئیهانەیان ئەکردم، یان ئەیان وت ڕۆڵە کفر مەکە، پیاو بەو ئاقڵ بە، واتە پرسیار کردنیان کردبووە نائەقڵانیەت، ئێ من نەم ئەزانی بۆیە ئەمپرسی!. ئێستایشی لەگەڵدا بێت، یەکێکم لەوکەسانەی کە ئەوەی نەیزانم بە ئاشکرا ئەڵێم نازانم، ئاخر بڕوام وایە، نەزان ئەو کەسەیە وا ئەزانێ ئەزانێت، لە کاتێکا نازانێت، زانایش ئەوکەسەیە کە نازانێ و ئەزانێ کە نازانێ، ئەمانە ئەکرێ بگەڕێن بەدوای ئەو پرسەدا کە بۆ نازانن!.بەڵام ئەوەی کە بەڕاستی نازانێ و وائەزانێ ئەزانێ، ئیتر نە ئەخوێنێتەوە، نە پرسیار دروست ئەکا، نە گومان ئەخولقێنیت، ئەو ئیتر بەستویەتی و هەرگیز نایکاتەوە”دوگم”ە.

ئیترپرسیارم نەئەکرد، خۆم بەدوای وەڵامەکانا ئەگەڕام، لە پێنجی سەرەتاییەوە تا چواری ئامادەیی بوومە خاوەنی زیاتر لە 2400 کتێبی باش و بێ کەڵک، لەوکاتەوە ئەوەی مێشکی خۆم بیڵێ هەر ئەوە ئەکەم،هەموو دنیا بڵی فڵانە شت مەکە، هەر ئەوە ئەکەم کە مێشکم پێم ئەڵێ، ئەگەر سوور بیشزانم بەزەرەرمە، هەرچەندە زۆربەی ئەوانەی کردوومە و وتومەو نوسیوومە، سەرتاپای بە زەرەری گیانم، ژیانم، بنەمالەم، راوەدونانم، زیندانم، بێکاری وهەژاری و برسێتی و ئاوارەیم بووە، بەلام دیسان هەر ئەوەم وتوە کە بروام پێی هەبووە، تا ئەم ساتەوەختە، هیچ بەرژەوەندیەکی مادی و مەعنەوی نەیتوانیوە وشەیەکم، بڕوایەکم لەق بکات یان بیگۆڕێت.

لەوکاتەوە ئیترحەوسەڵەی چوونە شایی، پرسەو سەرەخۆشی، سەیرانی بەکۆمەڵ، سەفەری بە کۆمەڵ، کۆڕو کۆبونەوە، پەیوەندی کۆمەڵایەتی فراوانم نەبوە،هەمیشە ئارەزووی تەنهایمە.

بۆ هەموو شتێک یاسای خۆمم هەیە، هەرچی نارەحەتی هەیە بێتە ڕێگام هەتا خوا حەز کات کەمتەرخەم و ساردم، هەموو ئایدۆلۆژیاکانم دا لەیەک، پەیوەندیەکانیان، تێگەیشتم لێکچونێکی تەواو لە بەینیانا هەیە، جا چ زەمینی بن یان ئاسمانی، لەوەیش تێگەیشتم، گرێکان، کێشەکان، لە ئینساندایە نەک ئایدیاکان.

هەمیشە بیرکردنەوەم لای ئەو کارانەیە، کە خۆم بروام پێیەتی، ئەمەیش گەورەترین زەربەی لە کاری ڕۆژانەو ژیانم داوە، ئیهمالترین پیاوم بۆژیانی تایبەتی خۆم،هیچ کات بیرم لەوە نەکردۆتەوە، چۆن بکەم ژیان خۆشەو چۆن بکەم ناخۆشە، یان چیت هەبێ ژیان خۆش ئەکات و چیت نەبێ ژیان ناخۆش ئەکا.

لەوەیش تێگەیشتووم، بیرکردنەوەی ئینسان هەر ئەوەیە تا ئێستا هەیەو بە دەگمەن تییدایە تۆزێ زیاتر بیر ئەکاتەوە، ئەویش زانا گەورەکان، کە داهێنانیان کردوە لە ئاستە جیاجیاکاندا، زۆرینەی بەشەریەت بە ڕەهایی تا ئەو سنورە بیر ئەکەنەوە کە ئێستا هەن، چەندین ملیارد بەشەر هەیە لەم سەردەمەدا، تەنها چۆنیەتی ژیان گۆڕانکاری بەسەردا هاتوەو چۆتە پێشەوە شان بەشانی پێداویستیە هەمە جۆرەکان ، بەلام مێشکیان هەمان مێشکی ئەو ئینسانانەیە، کە لەسەردەمی جەنگیز خان یان سەردەمە کۆنترەکان ژیاوون.

کاتێک دیقەت لە تیژترین چاو ئەدەین کە تا چەندە مەودا ئەبینێت، با وایدابنێین،پێنچ کیلۆمەتر، ئەزانین لەو بەر توانایی ئەم بینینەوە دنیا هەر هەیە، ڕوبارەکان، شارەکان، شاخەکان ولێرەوارەکان وهتد، ئێمە نایان بینین وهەستیان پێ ئەکەین، بەڵام لە بیرکردنەوەیشدا تەنها چەند مەترێک بیر ئەکەینەوەو هەستیش ناکەین کە لەو دیوو ئەم کەمە بیرکردنەوە،شتگەلێکی تر بوونیان هەبێت.

ئەگەر دیقەت لە ئینسانی خۆمان بدەین، ئەونەی لەسەر رابردو ئەژی، بۆ ئایندە ناژی، ئەونەی بیرکردنەوەی لای رابردوە،لای داهاتوو نیە، ئەمەیش تەنها نەبونی بیرکردنەوەیە، نەبوونی داهێنانە،ئەوتەنها سەرقاڵی ڕوداوەکان،نوسینەکان، بیرکردنەوەکان،هونەرەکان وهتد ڕابردووە،ڕۆژانە سەدان ڤیدیۆو نوسینم بۆ ئەنێرن هەمووی قەوانەو کۆنەو ئیکسپایەرە، هەمیشە باسەکان لە رابردوە نەک لە داهاتوو، ئەمەیش جگە لە دەبەنگی هیچیتر نیە.

 

تایبەتمەندییەکان: بابەتی هەڵبژاردە

زیادکردنی وەڵام