ئەمڕۆ مۆسکۆ و واشنتۆن گەیشتنە ڕێکەوتنێک بۆ ئەنجامدانی کۆبونەوەیەکی لوتکە لەنێوان ترەمپ و پوتندا.

یوری یوشاکۆڤ، یاریدەدەری سەرۆکی ڕوسیا بۆ کاروباری دەرەوە،  لە دوای کۆبونەوەیەکی نێوان ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕوسیا، و جۆن بۆڵتن، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بە رۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندووە کە کۆبونەوەکە لە وڵاتێکی سێیەم بەڕێوەدەچێت و چەند ھەفتەیەک پێویستە بۆ ئامادەکاری پێویست بۆ ڕێکخستنی کۆبونەوەکە.

” ماوەیەکی زۆرە  پلان بۆ ئەنجامدانی ئەم کۆبونەوەیە داڕێژراوە، کە گرنگییەکی زۆری ھەیە بۆ ڕوسیا و ئەمریکا، بەڵام گرنگییەکی گەورەشی ھەیە بۆ سەرجەم ڕەوشی نێودەوڵەتی، و پێموایە گرنگترین ڕووداوی نێودەوڵەتی ئەم ھاوینە دەبێت،”   یوشاکۆڤ وای وتووە.

کۆبونەوەیەکی لوتکەی لەو جۆرە ڕەنگە ھاوپەیمانانی ئەمریکا لەوانەش بەریتانیا، کە دەیانەوێت ڕووسیا گەمارۆ بدەن، نیگەران بکات.

ھەروەھا ڕەنگە لەسەر ئاستی ناوخۆیی ئەمریکا و دەرەوە لەلایەن ڕەخنەگرانی ترەمپەو بقۆزرێتەوە بۆ خستنەژێر پرسیاری پابەندبوونەکانی ترەمپ سەبارەت بە ناتۆ.

ڕونیشیکردەوە سبەی واشنتۆن و مۆسکۆ کات و شوێنی کۆبونەوەکە ئاشکرادەکەن،  و پێدەچێت کۆبونەوەکە چەندین کاتژمێر بخایەنێت و لەدوای کۆبونەوەکە ترەمپ و پوتن کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ھاوبەش ئەنجامبدەن.

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام