دەمهات تۆڵهەڵدان، وتەبێژی هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە) رایگەیاند، توركیا دەیەوێت باشوری كوردستان داگیربكات، ئەگەرنا مەبەستی هێرشكردنە سەر قەندیل نیە بۆ لێدان لە پەكەكە.

دەمهات تۆڵهەڵدان، وتەبێژی هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە) كە باڵی سەربازی پەكەكەیە وەڵامی وتەكانی قایمقامی سۆران دەداتەوە و رایگەیاند، “پەكەكە ڕێز لە حكومەتی هەرێم دەگرێت، هەرگیز نایەوێت شەڕی براكوژی بكات، چونكە تەنها كورد لەوەدا زیان دەكات بە پێچەوانەوە پەكەكە پارێزگاری لە هەموو خاكی چوار پارچەی كوردستان دەكات، هەروەك چۆن لەكاتی هێرشی سەرشەنگال و كەركوك و مەخمور گەریلاكانی پەكەكە پارێزگارییان كرد”.

ئەو وتانەی دەمهات تۆڵهەڵدان بۆ دەنگی ئەمەریكا دوای ئەوە هات دوێنێ كرمانج عیزەت، قیمقامی سۆران رایگەیاندبوو، “بەهۆی پەكەكەوە ئەوان موحریجن بەرامبەر خۆیان و وڵاتانی دراوسێ، ئەگەر پەكەكە بەردەوام بێت ئەوا ئەنجامەكەی باش نابێت و رەنگە شەڕی كورد و كورد دروست بێت”.

وتەبێژی هەپەگە رایگەیاندووە، “دەوڵەتی توركیا مەبەستی هێرش نیە بۆ سەر پەكەكە بەڵكو ئەوان مەبەستیانە باشوری كوردستان داگیربكەن، قەندیل سەدان كیلۆمەتر لە سنوری توركیا دوورە، بەڵام ئەوان هاتوونەتە قوڵایی عێراق و هەرێمی كوردستان كە ئەوە بەرپرسیارێتی حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراقە”.

ئاماژەی بەوەشكردووە، “ساڵی رابردوو كاتێك گەلی ئێمە لە باشور ریفراندۆمی ئەنجامدا بۆ داوای سەربەخۆیی و مافی خۆی توركیا هێرشی كردە سەر كوردستان و گەمارۆشی دا خۆ ئەو كات پەكەكە نەبوو، توركیا دەیەوێت باشوری كوردستان داگیربكات هەموو رۆژێك بە تۆپ و فڕۆكە بۆمباران دەكات تا خەڵكی ئێمە توڕە بكات”.

وتەبێژەكەی هەپەگە رونیشیكردووەتەوە، “پەكەكە هی كوردانە، قەندیلیش كوردستانە، پەكەكە هی هەموو خەڵكی كوردستانە نەك بەتەنها هی باكور، لەناو ڕیزەكانی پەكەكەدا هەڤاڵانی باشور-ڕۆژئاوا و ڕۆژەهەڵات هەن، لەهەرشوێنێك پەكەكە هەبێت ئەوان كورد و كوردستان دەپارێزن، پەكەكە لەناو گوند و قەزاكاندا نین بەڵكو لەناو شاخەكاندان كەچی فڕۆكەی توركیا دێت گوندەكان تۆپباران دەكات و خەڵكی مەدەنی دەكوژن”.

هەروەها دەڵێت، “ئەوكاتەی ویستیان كەركوك و شەنگال و دهۆك و مەخمور داگیربكەن گەریلای ئێمە چوون بەرگرییان كرد و خاكی كوردستانیان لە دەست داعش پاراست، واتا گەریلا پاراستنی هەر چوار پارچەی كوردستان-ی لەسەر شانە و هی هەر  چوارپارچەی كوردستان-ە .”

دەمهات تۆڵهەڵدان ئەوەشی خستووەتەڕوو، “ئێمە شەڕی كورد و كورد ناكەین، چونكە لەوشەڕەدا تەنها میللەتی كورد زیان دەكات، بەڵام ئەگەر هاتوو ئەوان ( حكومەتی هەرێم) هێرشیان كرد ئێمە تەنها خۆمان دەپارێزین و بەرگری لە خۆمان دەكەین، وەكو تر ئێمە هەرگیز شتی واناكەین بچین پەلاماری حكومەتی هەرێم بدەین، چونكە لێرەدا تەنها میللەتەكەمان زیان دەكات.”

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام