میدیا جیهانیەكان رووماڵی فراوانی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی كۆمار و پەرلەمانی توركیا دەكەن، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە راپۆرتێكیدا رایگەیاندووە، هەڵبژاردنەكە گەورەترین ئاڵنگاری بۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان و ئاكپارتی دروستدەكات.

لە راپۆرتێكدا بەناونیشانی “هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی توركیا تاقیكردنەوەیەكی گرنگ بۆ ئەردۆغان” ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویكردەوە، هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی توركیا گەورەترین ئاڵنگاری بۆ ئەردۆغان و پارتی ئاكەپە دروستدەكات كە زیاتر لە دەیە و نیوێكە لە دەسەڵاتن.

هەڵبژاردنەكان سەرۆكێكی بەهێزی نوێ هەڵدەبژێرن كە ئەردۆغان دەمێك بوو بەدوایدا دەگەڕا و لەریفراندۆمی ساڵی 2017 دا لەلایەن زۆرینەیەكی بچوكەوە پشتیوانی لێكرا، رەخنەگران پێیانوایە گۆڕینی سیستمی سیاسی توركیا لە پەرلەمانیەوە بۆ سەرۆكایەتی دەبێتە هۆی لاوازكردنی زیاتری دیموكراسی لەتوركیا و بەهێزكردنی تاكڕەوی لەو وڵاتەدا..

لە راپۆرتەكەی رۆیتەرزدا هاتووە، “ئەردۆغان كە سەكردەیەكی خاوەن جەماوەری گەورەیە بەڵام سەركردەیەكی دابەشكەریشە لە مێژووی نوێی توركیادا، بڕیاری هەڵبژاردنی پێشوەختیدا لەبەرئەوەی ئەو پێی وابوو كە بەدەسەڵاتی زیاترەوە دەتوانێت باشتر رووبەڕووی كێشە ئابورییەكان و كێشەی كورد لە باشوری رۆژهەڵاتی توركیا و هەروەها كوردەكانی عێراق و سوریا ببێتەوە”.

هاوكات رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی لەبارەی ركابەریەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیاوە، راپۆرتێكی بەناونیشانی “لە هەڵبژاردنەكانی توركیادا، دەنگدەران لەپشت ڕكابەرەكەی ئەردۆغاندا كۆدەبنەوە” نوسیوویەتی، موحەرەم ئینجە، كاندیدی سێكیولار لە پارتی ئۆپۆزسیۆنی گەلی كۆماری توركیا (جەهەپە) كاریزماترین ركاربەرەو دەتوانێت گەورەترین بەرەنگاری بێت بۆ ئەردۆغان و كێبڕكێی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا بباتەخولی دووەمەوە.

لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیادا شەش كاندید ركابەری دەكەن، ئەگەر یەكێك لەپاڵیوراوەكان زیاتر لەسەدا 50ی دەنگەكان بەدەست بهێنێت، ئەوا راستەوخۆ وەكو سەرۆك هەڵدەبژێردرێت.

ئەگەر هیچ كام لە پاڵێوراوەكان نەیانتوانی ئەو ڕێژەیە بەدەست بهێنن، ئەوا دوو بەهێزترین كاندید دەچنە خولی دووەمەوە كە لە 8ی مانگی حەوتدا ئەنجام دەدرێت.

ئەردۆغان دەیەوێت ئەم هەڵبژاردنە لەیەكەم خولدا بباتەوە لەبەرئەوەی لەخولی دووەمدا، رەنگە توشی شكست ببێت یان بە سەركەوتنێكی بچوك هەڵبژاردنەكە بباتەوە، هەروەها پارتەكەی ئەردۆغان (ئاكەپە) رووبەڕووی قورسترین شەڕ دەبێتەوە بۆ پارێزگاریكردن باڵادەستی خۆی لەپەرلەمانی توركیادا.

سایتی بی بی سی لە ڕاپۆرتێكی شیكاریدا لەبارەی هەڵبژاردنەكانی توركیاوە بەناونیشانی “لەكێبركێیەكی قورسدا ئەردۆغان بەدوای خولی دووەمدا دەگەڕێت” دەڵێت، دەنگەكانی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) دەتوانێت یەكلایی كەرەوە بێت لە هەڵبژاردنەكانی توركیادا.

بی بی سی نوسیویەتی، “ئەگەر هەدەپە بتوانێت بەربەستی لەسەدا 10 بشكێنێت و بچێتە پەرلەمان، ئەوا بەدەستهێنانی زۆرینەی پەرلەمانی لەلایەن ئاكەپەوە قورس دەبێت”.

لە ئێستادا ئابوری توركیا رووبەڕووی چەندین كێشە بووەتەوە و لیرەی توركی زیاتر لەسەدا 20 ی بەهاكەی لەبەرامبەر دۆلاردا لەدەست داوە، لەبەرئەوە كێشەی ئابووری یەكێكە لە كێشە گرنگەكان لەلایەن دەنگەدرانی توركیاوە.

بی بی سی ئاماژەی بەوەشكردووە، لەم هەڵبژاردنەدا دەنگدەرانی توركیا بەسەر بەرەی كورد و توركە ناسیۆنالیستەكان لەلایەك و بەرەی ئاینی و سێكیولار لەلایەیەكی دیكەوە دابەش بووە.

لە توركیا و باكوری كوردستان 56 ملیۆن و 342 هەزار و 263 كەس مافی دەنگدانیان هەیە، هەروەها 180 هەزار و 896 سندووق لە بنكەكانی دەنگدان دانراون.

هەڵبژاردنەكانی توركیا لە سەرانسەری جیهانەوە چاودێری دەكرێت، 8 ڕێكخراوی نێودەوڵەتی بە 415 كەسەوە چاودێری هەڵبژاردنەكان دەكەن، كە 234 لەوانە ئەندامی OSCE و 35 كەسیش ئەندامی ئەنجومەنی پەرلەمانتارانی ئەنجوومەنی ئەوروپان.

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام