هادی عامری سەرۆكی لیستی فەتح، لەسەر راسپاردەی قاسم سلێمانی فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی هاوپەیمانی لەگەڵ موقتەدا سەدر سەرۆكی رەوتی سائیروون هاوپەیمانی پێكهێناوە.

هادی عامری رۆژی سێ‌ شەممەی رابردوو لەگەڵ موقتەدا سەدر دەركەوتن‌و پێكهێنانی هاوپەیمانی نیشتمانیان راگەیاند، بەوەش بوونە گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.

بەپێی سەرچاوەكان پێش پێكهێنانی ئەو هاوپەیمانییە، قاسم سلێمانی چەند كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ هادی عامری كردووەو ئامۆژگاری كردووە، گفتوگۆ لەگەڵ موقتەدا سەدر بكات‌و هاوپەیمانی لەگەڵ پێكبهێنێت.

هەر بەپێی سەرچاوەكان، ئامۆژگاری سلێمانی بۆ عامری لەپێناوی كۆكردنەوەی دەنگە ناڕازییەكانی ناو ماڵی شیعە بووە لەهاوپەیمانییەكی نوێ‌، بۆ ئەوەی حكومەتی داهاتووی عێراق پێكبهێنن.

ئەمە لەكاتێكدایە لە 12ی ئایاری رابردووەوە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەرێوەچووە، بەهۆی ئەوەی هیچ لیستێك زۆرینەی پەرلەمانی نییە، دەبێت كۆبوونەوە بكەن بۆ ئەوەی هاوپەیمانی دروست بكەن.

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام