ئەمڕۆ سێشەممە ئێران هۆشداریدایە کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکور لەوەی متمانە بکات بە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ووتی لەوانەیە ترەمپ لەچەند کاتژمێرێکدا ڕێککەوتنی داماڵینی چەکی ئەتۆمی هەڵبوەشێنێتەوە.

بۆ ئامۆژگاریکردنی کیم تاران ئاماژەی بەئەزمونی وڵاتەکەی کردووە لەگەڵ ترەمپ-دا دوای ئەوەی کە مانگی ڕابردوو لەڕێککەوتنێكی هاوشێوە لەگەڵ ئێراندا کشایەوە.

لەکۆبوونەوەی لوتکەی نێوان ترەمپ و کیم، کە ئەمڕۆ سێشەممە بەڕێوەچوو، هەردوو سەرۆك بەڵێنیاندا کاربکەن بۆ بەتەواوی داماڵینی نیمچە دورگەی کۆریا لەچەکی ئەتۆمی و لەبەرامبەردا واشنتن پابەندبێت بەپاراستنی ئاسایشی کۆریای باکور.

محەمەد بەگیر نۆبەخت، وتەبێژی حکومەتی ئێران ووتی”ئێمە نازانین سەرکردەی کۆریای باکور لەگەڵ چ جۆرە کەسێكدا دانوستان دەکات. ڕوون نییە کە ترەمپ ڕێککەوتنەکە هەڵناوەشێنێتەوە بەرلەوەی بگەڕێتەوە ووڵاتەکەی.”

هەروەها بەهرام قاسمی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئامۆژگاری سەرکردەکانی کۆریای باکووری کرد کە لە دانوستانەکانیاندا لەگەڵ ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەوریاییەوە هەنگاوبنێن.

هەروەکو ئەوەی کە ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکای لەڕێكکەوتنی ئەتۆمی ساڵی ٢٠١٥ لەگەڵ ئێراندا کشاندەوە، شەممەی ڕابردوو ترەمپ لەڕاگەیەندراوی هاوبەشی گروپی حەوت سەرکردەکە کشایەوە، چەند کاتژمێرێك بەر لە بەڕێکەوتنی بۆ بەشداریکردن لەکۆبوونەوەی لوتکە لەگەڵ کیمدا.

دوای کشانەوە لەڕێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی ٢٠١٥لەگەڵ ئێران-دا، واشنتن بڕیاریدا بەسەپاندنەوەى سزائابورییەکان بەسەر تاران-دا لەناویاندا سزاکانی سەر کەرتی نەوتی ئێران و مامەڵە بازرگانیەکانی بانکی ناوەندی ئێران.

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام