داواكاری گشتی ئەڵمانیا فەرمانی دەسـتگیركردنی نێودەوڵەتی بۆ ژەنەڕاڵ جەمیل حەسەن، بەڕێوەبەری موخابەراتی هێزی ئاسمانی سوریا دەركرد، ئەوەش بە تۆمەتی كوشتن و ئەشكەنجەدانی سەدان كەس.

ڕۆژنامەی دێرشبیگلی ئەڵمانیا دوێنێ هەینی بڵاویكردەوە، ژەنەڕاڵ جەمیل حەسەن، كە یەكێكە لە كەسە نزیكەكانی بەشار ئەسەد، سەرۆكی سوریا، فەرمانی دەسـتگیركردنی بۆ دەرچووە بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی دژی مرۆڤایەتی.

ڕۆژنامەكە رونیكردووەتەوە، “ئەوە یەكەم جارە هەوڵێكی ڕژد لە لایەن وڵاتێكی ڕۆژئاوایـیەوە بدرێت بۆ بەرپـرسیارێتیكردنی ڕژێمی ئەسەد لەو تاوانانەی بەرامبەر خەڵكی سوریا كردوونی لە وەتای ڕاپەڕین و شەڕی ناوخۆ لەو وڵاتە لە ساڵی 2011 وە دەستیپـێكردووە”.

بەپـێی دێرشبیگل داواكاری گشتی ئەڵمانیا لە فەرمانی دەسـتگیركردنەكەی ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، ژەنەڕاڵ جەمیل لە نێوان ساڵانی 2011 و 2013 فەرمانی بە ئەفسەرەكانی كردووە دەسـتگیركراون ئەشكەنجە بدەن و دەسـتدرێژی سێكسیان بكەنەسەر و بیانكوژن.

ڕاپـۆرتەكان باس لەوە دەكەن بەشێك لەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی ژەنەڕاڵ جەمیل كراون بەپـێی كۆمەڵە وێنەیەكە كە لەلایەن كەسێكەوە بە ناوی قەیسەر دزەی پـێكراوە، ناوبراو لە سوپای سوریا بووە و لە ساڵی 2013 وڵاتەكەی جێهێشتووە و لەگەڵ خۆیدا زیاتر لە 55 هەزار وێنەی بردووە كە تیایاندا تەرمی قوربانیـیەكان نیشان دەدرێن و ئاسەواری ئەشكەنجەدانیان پـێوەیە.

هەرچەندە ئەو تاوانانە لە دەرەوەی ئەڵمانیا كراون، بەڵام بەپـێی یاساكانی ئەڵمانیا دەكرێت كەیسی یاسایی بۆ هەموو تاوانێك بكرێتەوە بەبێ گوێدانە شوێنی ڕوودانی تاوانەكە.

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام