تەواوی ئەم کێشانە دەگەڕێتەوە بۆ یەکەم ئاگر، ئاگری پەلاماری عێراق بۆ کوێت و هاتنی ئەمریکاو هاوپەیمانەکان، بۆ لەبەر یەک هەڵوەشانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرلەنوێ بونیات نانەوەی. بەلام ئەمە بەجۆرێک چووە بەناو یەکا، بە ئاسانی بونیات نانرێتەوەو ئەم هاوکێشەو جەنگە بچوک و گەورانە درێژە دەکێشێت.

من لێرەدا لەسەر ئەوە ناڕۆم، پێشتر باسم کردووە، ئەوەی هەیە ئەو ناوچەیە دابەش بووە بەسەر دوو هێزی زەبەلاحدا کە لە هەرەمدا راوەستاون ” ئەمریکا + چین ” دوای ئەوان “کۆریای باکور، ڕوسیاو ئێران” دەخزێنە سەنگەری چین.

تورکیاو بەرەی سونەش لە ناوچەکە دەچنە سەنگەری ئەمریکاوە، حیزبە کوردستانیەکانی هەر چوار پارچە، بە پێی هاوکێشەکە دابەش بوون بەسەر ئێران و تورکیادا، جا ئەمە خۆیان بیانەوێ یان نەیانەوێ داسەپاوە بەسەریان. وەک پێشتر باسم کرد هاتنی ترامپ، بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی ئیسرائیلە لە ناوچەکەدا،هەنگاو بۆ هەلواسین و هەلوەشانەوەی ڕێکەوتنی ئەتۆمە لەگەڵ ئیران لەسەر داوای ئیسرائیل.

چونی بەشار ئەسەد بۆ کۆریای باکور بۆلای (کیم جۆنگ ئون)ئەم سەنگەر بەندیەیە.

تا ئێستا ئەمریکا یاریزانێکی باش بووە لەم هاوکێشەیەدا، بەلام سەرکەوتنی بە دەستنەهێناوە، تورکیاو بەرەی سونە کە دروستکەری داعشن گاهێ لەسەنگەری ئەمریکادان وگاهێ لە سەنگەری ڕوسیادا، لە بابەتی پێشودا لەوە دوام، کە شەڕی خلیج بۆهاتنی هیزەکانی هاوپەیمانان بوو،بۆهەڵوەشانەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو، بۆ ئەوەبوو کە ئیسلام وەک دین یان وەک ئیسلامی سیاسی لەناوبەرن. ئەوان ناویان ناوە “لەرەگەوە دەرکێشانی فاشیزمی دینی”، هەڕچەندە ئەم ڕوانینە ناخەنە سەرزمان و میدیاکان، بەلام هەولەکان بۆ ئەمەیە، شان بەشانی مەسەلە ئابوریەکان، بردنی سامانی ژێرخانی ئەو ناوچەیەو دانانی کەسانێک بە ناوی دەوڵەتداریەوە کە دەسکەلای خۆیان بن.

لە بابەتێکمدا ئەو پرسیارەم کردووە کە
” ئایا ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی سەرەتا شەڕی سونەکان دەکەن یان شیعەکان؟” ئێستا سەرەتاکانی دەرکەوتوە، کە سەرەتا شەڕی شیعەکان دەکەن، لەم هەرەمەدا ئێران ڕاوەستاوەو ڕوسیایش پشتیوانی دەکات، بەلام ئەمە ناکاتە ئەوەی کە تورکیا لەم پێشکەوتنەدا سەرکەوتن بەدەست بهێنیت، وەک دەبینین ڕۆژ بەرۆژ لە بارەی ئابوریەوە دادەڕزێت.

بەدەر لە قسەو قسەڵۆکەکانی لەشکری پارتی و یەکێتی، بۆ تاوانبارکردنی یەکتری لەسەرکەرکوک، لەشکرکێشی بەغدا بۆ گرتنەوەی کەرکوک هەلکردنی گڵۆپی سەوزی ئەمریکا بوو، تورکیا لەبەر تورکمانەکان و ئەوەی لەدەستی کورد دەربێت، پێی خۆش بوو، ئێران لەبەر شیعەکان پشتیوانی کرد، یەکیتی و پارتیش لەبەر ئێران و تورکیا وەک دوو هیزی کرێگرتە ڕازی بوون، “پەکەکە”ش کە پێشتر داعش بهاتایە خێرا ئامادە دەبوون،بۆ هاتنی داعش لە ناوچەی شەنگاڵ ئامادەگیان هەبوو، بەڵام بۆ هاتنی حەشدی شەعبی بۆ کەرکوک، خۆی نەدا لە قەرەی مەسەلەکە، ڕوونە ئەویش لەسەرداوای ئێران بوو. هەموو ئەم هێزە کوردیانە،ئەگەر ڕازیش نەبوونایە هچیان بۆنەدەکراو هەولیرو سلێمانیشیان دەدۆراند.

لەشکرکێشی تورکیا بۆ عەفرین وگرتنی، بەرهەمی سیاسەتی ئەمریکا بوو، من وایدەبینم ئاقیبەت منبەجیش دەدەنە تورکیا،ئەمەیش بۆ کۆتاکردنی دەستی ئێرانە تا نەچێتە عەفرین ومەنبەج، تورکیا لەبەینی دوو بەرداشایە، بگەڕێتەوە هەر زەرەریەتی، نەگەڕیتەوە هەر زەرەریەتی، هاتنی تورکیا بۆ ناو منبەج،ئەونەیتر قوڕەکەی تورکیا خەستتر دەکاتەوە.

هاتنی تورکیا بۆ باشور بە درێژایی 27 کیلۆمەتر بۆ شەڕ لەگەڵ قەندیلە، بەغداو پارتی بەمە ڕازین، ئەگەر یەکێتی ڕازیش نەبێت لەبەر خۆی نیە،لەسەر داوای ئێرانە، بەلام کاردانەوەی نابێت، ئێران نایەوێ شەڕ بگاتە سنورەکانی، هەرکات بزانێت شەڕ دێتە بەردەرگای،،ئەوا دوور نیە هیزەکانی تا سلێمانی نەھێنێت، پارتی بەتەواوی لەگەڵ ئەم لێدانەدایە ،ژێر بەژێر چەکدارەکانی لە ناوچەی موسڵ، بەعشیقەو دەستەکانی خوارووی هێناوەتە بالەکایەتی، بەتەمایە لە هەموو چیاکانی بالەکایەتی هێزەکانی جێگیر بکات، بۆ هاوکاری تورکیاو لیدان لە پەکەکە، لە چیاکانی حەسەن بەگ، گۆشینە،برادۆست، دەوروبەری چۆمان،حەسارۆست،بناری هەڵگورد،دەیەوێت ئەو خەتە قەپات بکات،کەلە قەندیلەوە دەچێتەوە برادۆست و دەڤەری بارزان.

 

بەکورتیەکەی تورکیا خەونی گرتنی قەندیلی هەیە، ئەو خەونەی دێتە دی یان نا، ئەوە دەبێت چاوەروان بکەین، چونکە شتی موتڵەق نیە، قەندیل یان چۆڵ بکرێت لە لایەن پارتی کرێکارانەوە، یان لە لایەن تورکیاوە دەستی بەسەردابگیرێت،هەر هەوڵێک بە ئاستانەی گرتنی یان چۆڵکردنی، بە واتای شەڕێکی گەورەو گرانە، ئەم شەڕانەیش دەڤەری سلیمانی دەگرێتەوە،بۆ یەقین بوونی ئەمە دەبێت چاوڕێی ئەوە بکەین ئایە تورکیا دەچێتە ناو منبەج یان نا،هەرچەندە ڕای خۆمم وتوە کە دەچێت،ناکرێ گرتنی عەفرین و منبەج بە ئاسایی بزانین و گرتنی قەندیل بە نائاسایی، پێچەوانە کردنەوەی ئەم هەلومەرجەیش لەدەستی کوردا نیە،مەگەر هێز گەلیتر بێتە نا وهاوکێشەکەو سیاسەتی جیهانی وناوچەکە، گۆرانکاری بەسەردا بیت وەک تەرازووی هێز،ئەمەیش محاڵ نیە و دەشێت.

بە خوێندنەوەی من،دەبێت ببینە شاهیدی چەندین جوڵەیتری شەڕی هیزە دیارو نادیارەکان، کوردیش بەتایبەت لە باشور بۆی ئامادە نیە، بەلام بنەماڵەی بارزانی لەناو چەقی تورکیادایەو بنەماڵەی تالەبانی لەناو چەقی ئێراندا، ئەوجوتە ناتوانن سانتیمەترێ لە قازانجەکانی ئەو دوو دەولەتە دەربچن،وایدەبینم ڕوخاندنی ئێران لە دوای حوکمرانی چل سالەی بێت لە تاران.

تایبەتمەندییەکان: بابەتی هەڵبژاردە

زیادکردنی وەڵام