«کچی گول»

کچێ …گوڵێ …
تۆ پێم بڵێ
بەو ناشوێنەوە
چۆن شوێنت بۆ خۆت کردەوە !
ئا لەو شوێنە
نەدەشتێک باسکی دەکاتە سەرین و
نەقەدپاڵێ لە سەرسنگی
بە سۆزەوە ڕاتدەژەنێ …
نە شنەیەک تاڵە سەوزەکانت نەوازش دەکا
نە هاوسێ گوڵێکت چاوێکت لێ دادەگرێ
تۆ پێم ناڵێ ی ؟
چ دەشت و قەدپاڵ و چ گیایەکی نەفرەتی
وای لێکردی متمانەت بە خاک نەمێنێ و
ڕەگت بە سەختترین ی بلۆکەکان٭ ئاشنا کەیت ؟
کچێ … گوڵێ …
زۆر ئەترسم بایەک بێت و
بە یەکجاری لە ڕەگەوە هەڵتکێشێ و
ئێمەش بێ بەشبکا لە ڕامان .
کچێ … گوڵێ …
تۆ پێم بڵێ
بە چپەیەکیش بێ
پێم بڵێ .

لەسەر ڕێگای مەرزی مووسەک (چۆمان )

تایبەتمەندییەکان: هۆنراوە

زیادکردنی وەڵام