سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا تۆمەتەكانی ئۆكرانیای رەتكردەوە كە مۆسكۆ لە پشت كوشتنی ئاركادی بابچێنكۆ، رۆژنامەنووسی ئۆپۆزسیۆنی روسیا لە كیڤ بێت.

سێرگی لاڤرۆڤ ئەو تۆمەتانەی بە بەشێك لە هەڵمەتی دژە روسیا ناوبرد.

بابچێنكۆ، ڕۆژنامەنوسێكی ڕەخنەگری ڤلادیمێر پۆتین، سەرۆكی روسیا بوو بەهۆی هەڕەشەكانی سەر ژیانی ڕووی كردبووە ئۆكرانیا، دوێنی سێشەممە لە كیڤی پایتەختی ئۆكرانیا تەقەی لێكراو كوژرا.

ڤۆلۆدیمیر گرۆیسمان، سەرۆك وەزیرانی ئۆكرانیا لە رێی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانەوە دوێنی سێشەممە دڵنیایی خۆی دەربڕی كە حكومەتی روسیا لە پشت كوشتنی ئەو ڕۆژنامەنوسەیەو وتی، “دەسەڵاتی تاكڕەوی ڕوسی راستگۆیی بابچێنكۆی پێ قبوڵنەكراوە”.

بابچێنكۆ لەلایەن سیاسەتمەدارانی سەر بە حكومەتی روسیاوە رووبەڕووی ڕەخنەگرتن و سەركۆنەكردن ببووەوە، بەهۆی ئەوەی كە رەخنەی گرتبوو لە بۆمبارانكردنی حەلەبی سوریا لەلایەن روسیاوە، هەروەها هەڵوێستی روسیای بە دوژمنكارانە لە بەرامبەر ئۆكرانیادا ناوبردبوو.

بەهۆی رووداوەكەوە ژنەكەی بابچێنكۆ تووشی شۆك بووە و پۆلیس نەیتوانیووە قسەی لەگەڵ بكات.

بەرپرسانی ئۆكرانیا وێنەی كێشراوی ئەو پیاوەیان بڵاوكردەوە، كە گومان دەكەن بابچێنكۆی تیرۆر كردبێت كە پیاوێكی 40بۆ 45 ساڵی ڕیشداربووەو كڵاوێكی لەسەر بووە.

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام