ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەڕەنسا رەگەزنامەی بەخشییە كۆچبەرێكی نایاسایی كە لەو وڵاتەدا بووە، بەهۆی ئەوەی منداڵێكی لە مردن رزگاركرد.

ئیمانۆئێل ماكرۆن ئەمڕۆ دووشەممە لە كۆشكی سەرۆكایەتی فەڕەنسا (ئیلیزێ) پـێشوازی كرد لە مامادۆ گاسامای، تەمەن 22 ساڵ، كە شەممەی رابردوو توانی منداڵێك لە مردن رزگاربكات، كە نزیك بووی لەوەی لە ئاپارتمانێك بكەوێتە خوارەوە.

مامادۆ گاسامای هاوشێوەی سپایدەرمان بەسەر بینایەكی پاریسی پایتەخت سەركەوت و توانی منداڵێك ڕزگاربكات لەوەی لە نهۆمی چوارەمی بیناكەوە بەرببێتەوە، بەهۆیەوە ماكرۆن مەدالیای ئازایەتی بە مامادۆ بەخشی و پـێی وت، “بوویتە نمونە بۆ ملیۆنان كەس، بۆیە شتێكی سروشتیـیە نیشتمان لە بەرامبەرتدا بەوەفابێت”، هاوكات پـێشنیاریشی بۆ كرد بچێتە ڕیزەكانی تیمی ئاگركوژێنەوەی فەڕەنسا.

ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەڕەنسا ئاماژەی بەوەشكرد، “ئیدی بە شێوەیەكی یاسایی لە فەڕەنسا دەبێت و ئەگەر خوازیاربێت ئەوا لە ئەمڕۆوە دەستدەكرێت بە ڕێوشوێنەكانی پـێویست بۆ ئەوەی رەگەزنامەی پـێببەخشرێت”.

ماكرۆن لەسەر تویتەرەكەی پارچە ڤیدیۆیەكی چاوپـێكەوتنەكەی لەگەڵ مامادۆ بڵاوكردەوە و لەسەری نووسیویەتی، ” ئازایەتی لەو جۆرەی مامادۆ هەموو ڕۆژێك پـێویستمان پێی دەبێت.”

ڤیدیۆی ڕزگاركردنی مامادۆ بۆ ئەو منداڵە لە میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتیـیەكان بڵاوبوویەوە و دەستخۆشیـیەكی زۆری لێكرا كە ئازایانە بەبێ گوێدانە ژیانی خۆی بەهانای ئەو منداڵە چووە.

مامادۆ كە لە مانگی 9ی ساڵی 2017 وە بە شێوەیەكی نایاسایی گەیشتووەتە فەڕەنسا دوای وەرگرتنی مەدالیاكە خۆشحاڵی خۆی دەربڕی و وتی، ئەمە یەكەم جارە مەدالیایەكی لەو جۆرە وەربگرێت.

لە لایەكی دیكە خانم ئان هیدێلغو، سەرۆكی شارەوانی پاریس لەسەر تویتەرەكەی نووسیویەتی، پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ مامادۆ كردووە و زۆر سوپاسی كردووە بۆ ئازایەتیـیەی نواندویەتی لە ڕزگاركردنی ژیانی ئەو منداڵە.

هەروەها نووسیویەتی، مامادۆ بۆی باسكردووە كە ئاواتەخوازە ژیانی لە فەڕەنسا بەسەربەرێت، بۆیە ئەویش بەڵێنی پـێداوە وەك شاری پاریس بەهەموو شێوەیەكی بۆ ئەم مەبەستە پشتیوانی لێبكەن.

منداڵە رزگاركراوەكە هی خێزانێكی فەڕەنسیـیە و باوكی تەمەنی 37 ساڵەو بە تەنیا لە ئەپارتمانەكەیان جێهێشتووە لە كاتێكدا دایكی لە دەرەوەی شار بووە، دواتر پـۆلیس باوكی منداڵەكەی دەسـتگیركردووە.

 

 

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام