بەرپرسانی سعودییە ناڕازین لەوەی ئەڵمانیا پشتیوانیی ئێران دەکات و ریاز بە هۆکارێکی ئاڵۆزبونی دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناودەبن.

رۆژنامەی دێرشپیگێل-ی ئەڵمانیا  ئاشکرای کردوە؛ محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە رێگە بە کۆمپانیاکانی ئەڵمانیا نادات لە وڵاتەکەی بازرگانی بکەن، ئەمەش بەهۆی سیاسەتەکانی بەرلینەوەیە بەرامبەر ئێران و سعودیە.

ئاماژە بەوە کراوە سعودیە گەمارۆی ئابوریی سەپاندوە بەسەر کۆمپانیاکانی (زیمنس، بایەر، بێهرینگەر) کە راستەوخۆ لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی سعودیەدا کار دەکەن، هەروەها رێگریی لەوە کراوە ئەو پاسانەی بۆ گواستنەوە لە سعودیە بەکار دەهێرێن لە کۆمپانیاکانی ئەڵمانیا بکڕدرێن.

لە ساڵی (2017)ەوە تا ئێستا پەیوەندییەکانی سعودیە و ئەڵمانیا بەهۆی وتەی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەوە کە سعودیەی بە هۆکارێکی سەرەکی تێکچونی دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە قەڵەم دا، ئالۆز بوە و لە لایەکی دیکەوە ریاز بە رەسمی ناڕەزایەتیی خۆی لە پشتیوانییەکانی ئەڵمانیا بۆ رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێران و وڵاتانی (5+1) دەربڕیوە.

کاردانەوەکانی سعودیە لە کاتێکدیە پەیوەندییەکانی تاران و ریاز ئاڵۆزیی تێکەوتوە و گەیشتوەتە ئاستی هەڕەشەی سەربازیی لە یەکتر و ئەڵمانیاش زیاترین زیانی بەهۆی گەمارۆکانی سەر ئێرانەوە بەرکەوتوە کە بە نزیکەی هەشت ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام