ئێمەى فێرەدرۆ وبیرەوەرى کۆمەڵانى خەڵک لەکوردستانى باشور ـ یەکێک لەوتە جوان وبەنرخەکانى “جورج بەرنادشۆ ” نوسەرى بەناوبانگى ئینگلیزى ـ ئێرلەندى ” ئەگەر بیرەوەرى نەبیت میژوو دوبارە دەبێتەوە ” .
بیرەوەى بنەمایەکى سەرەکى ژیانى بونەوەر و بونیاتنانى شارستانى مرۆڤایەتی یە، لەلایەک لەسەرئاستى خانەى بونەوەرەکان cellular level  ، خانەى تایبەت بەبیرەوەرى هەیە پێى دەوترێتmemmory cells   کاریگەریى زۆر هەستیارى هەیە لەسەر پاراستنى ژیان وڕێکخستنى کارى فسیۆلۆجى ئەندامەکانى لەش ، لەیەکى ترەوەوە لەسەر ئاستى حکومڕانى کاریگەرى زۆر گرنگى هەیە لەسەر شارستانى مرۆڤ لەپێناو برەودان بەژیان وژینى بونەوەر و ژینگەى گەردوون .
تاوتوێکردن ووەبیرهێنانەوەى بیرەوەى بەمەبەستى چارەسەرکردن ودووبارە نەبوونەوەى کارەسات وقەیرانى سیاسى ـ ئابوورى ـ مرۆیى کۆمەڵایەتى ـ زانستى ومەعریفى نەک بەمەبەستى ڕوخناندنى کەسایەتى مرۆڤى کورد ئەرکێکى پیرۆزى نیشتمانى گشت کۆمەڵگایە لەپێناو برەودان بەژیان وژین وژینگەى گەردوون .
بۆچوونێکى زۆر نابەجێ ونادروست لەناو کۆمەلانى خەڵکى کوردستان بڵاوبۆتەوە ، گوایە کۆمەڵانى خەڵک زۆر بەئاسانى بیرەوەری لەیاد دەکەن ، ئەمەش پێچەوانەى فسیۆلۆژى جەستەیى ودەروونى ئادەمیزادە ، ئەگەرکۆمەڵانى خەڵکى کوردستان بیرەوەریە تاڵەکانى ڕابردووى لەیاد بکردایە چیدى باسى ڕوباری خوێن وشەهیدانى نەکردایە ، کۆمەڵگاکە نەدەبوونە کۆمەڵگایەکى نەخۆشى پاش زەبر وکۆیلەى دوو بنەماڵە لەژێرناوى حیزبى سیاسى نەتەوەیى نیشتمان پەروەر .
بەداخەوە ئەوە کۆیلەکانى دەسەڵات ونەوەى نوێى ڕابەرو سەرکردەى کوردایەتین ” نەوەکانى بارزانى وتاڵەبانى ” کەلەحەقیقەتداپاشکۆى ئاغا ودەرەبەگەکانى ڕابردووى کوردستانن کۆمەڵگایان سەرتاپا درۆزن کردووە لەپَناو شێواندنى ڕاستى بیرەوەریەکان و جوانکردنیان بەقازانجى بنەماڵەو خێڵ و حیزبە مافیاکانیان .
کاتێک ئەم بیرەوەریە تاڵانە دینەوە یادى هەر هاوڵاتیەکى ڕاستگۆ قێزلەمرڤ بوونى خۆى دەکاتەوە کەنەتەوەکەى خاوەنى بنەماڵەى وەک بارزانى وتاڵەبانى وهاوشێوەکانێتى بۆنموونە: ئەم یادەوەریانە لە” نەبوونى شۆڕشێکى نەتەوەیى مرۆڤایەتى حەقیقى ـ ئاشبەتاڵى ساڵى 1975ـ شەڕى نەگریسکى ناوخۆى براکوژى دواى ڕاپەرینى کۆمەڵانى خەڵک دژى زوڵم وتاوانى حیزبى بەعس ـ کارەساتى 31 ئاب ـ کارەساتى سزاى سیاسى ونانبڕین لەسەر ئینتماى سیاسى ـ کارەساتى 17ى شوبات ـ بڕیارى نایاسایى قەرەقۆشى پاشەکەوتکردنى مووچە ـ قومارکردنى کاک مەسعود وبەرپرسەکانى یەکێتى وپارتى ویەکگرتو وحیزبەکانى ترى کوردستان بەژیانى کۆمەڵانى خەڵک وپرسى ڕیفراندۆم وسەربەخۆیى کوردستان ـ کارەساتى 16ى ئۆکتۆبەر ولەدەستدانى لەسەدا 51 خاکى کوردستان ـ کرداروڕەفتارە دڕندەو نامرۆڤایەتیەکانى ژەنەراڵە شەق وەشێنەکانى یەکێتى نیشتمانى وپارتى دیموکراتى کوردستان بەرامبەر بەکۆمەڵگاى سیڤیلى کوردستان ـ هتد….” یادەوەرى زۆر قێزەوەنن .
مرۆڤى ڕاستگوى کورد بەیادکردنەوە وناوهێنانی ئەم هەموو یادەوەریە قێزەوەنانە شەرمەزار دەبێت لەکاتێکدا ڕۆشنبیرو ئەندامە کۆیلەکانى حیزبى بنەماڵەکان شانازى پێوەدەکەن .
توخودا کارەساتى 31 ئاب ـ کارەساتى سزاى سیاسى ونانبڕین لەسەر ئینتما ـ کارەساتى 16ى ئۆکتۆبەر شایەنى ئەوەن بەبێ شەرمانە شانازیان پێوەبکرێت ، لەبرى مەحکومکردن ودوبارەنەکردنەوەیان بەڕوداویى مێژوویى نیشتمانى وێنای دەکەن ؟ ئا ئەمەیە ترۆپکى مەهزەلەى عەقڵى کادیرى حیزبى کوردى فێرە درۆکراو .
بەداخەوە بیروباوەڕێکى باوى زۆر هەڵە لەناو کۆمەڵگاى کوردى باشور هەیە ، گوایە بیرەوەرى کۆمەڵانى خەڵک زۆر زۆر کورتەو بەئاسانى ڕوداوەکان لەبیردەکەن لەکاتێکدا بیرەوەری مرۆڤى کورد وەک بیرەوەرى هەموو مرۆڤێکى ترلەناخ وعەقڵدا تۆماردەکرێن ولەبیر ناچنەوە ، ئەم بیروباوەڕە هەڵەیە دروستکراوى عەقڵیەتى ڕابەرو سەرکردەى کوردایەتى وەک ” بارزانى وتاڵەبانى ” هاوشێوەکانیانن کەلەڕاستیداپاشکۆى ئاغاو دەرەبەگەکانى ڕابردوى کوردستانن نەک کۆمەڵانى خەڵک .
کێشەکەى ئێمە لەوەدایە کۆمەڵگاکەمان فیرەدرۆکراوە ، بەڵێ درۆزن کراوە بەئارەزوخواستى ڕابەرو سەرکردەى حیزبى ئاغاو دەرەبەگ حەقیقەتى ڕوداوەکان دەشێوێنین نەک لەبیرمان دەچێتەوە ، ڕەش دەکەین بەسپى وسپیش دەکەن بەڕەش لەکاتێکدا سوور دەزانین پێچەوانەکەى ڕاستە ، بەڵام لەبەر بەرژەوەندى خودى خۆمان ئیرادەو کەسایەتى وکەرامەت وهزرو عەقلى خۆمان دەفرۆشین بەڕابەر وسەرکردە نابەرپرسەکان ، دواتر وەک تووتى قسەى ئەوان دەڵێینەوە .
ئەم حیزبە تەقلیدیە کوردیانەى کوردستانى باشور کەپاشماوەى عەقڵیەتى بنەماڵەو خێڵ وئاغاو دەرەبەگن تەنیا بەشێواندن وژێراوژورکردنى ڕاستى ڕووداو وپاکتاوى جەستەیى هاوڵاتیانەوە نەوەستاون ، بەڵکو پەلیان کێشاوە بۆتیرۆرکردنى فیکرى ـ سیاسى ـ ئابوورى ـ ڕۆشنبیرى ـ زانستى ـ کۆمەڵایەتى لەپیناو مانەوەى دەسەڵاتى خێڵ و بنەماڵە .
زۆر ڕاستە “جورج بەرنادشۆ ” نوسەرى بەناوبانگى ئینگلیزى ـ ئێرلەندى وتوویەتى” ئەگەر بیرەوەرى نەبیت میژوو دوبارە دەبێتەوە ”  بەڵام کێشەکەى ئێمەى کورد لەوەدایە بیرەوەریەکانمان لەیادەو لەبیریشى ناکەین ، بەڵام لەبەر ئەوەى فیرەدرۆکراوین حەقیقەتى ڕووداوە مێژووییەکان دەشێوێنین بەخواستى ئاغاو دەرەبەگەکانى کوردستان بۆیە دووبارەى دەکەینەوە ، کەسانى هیچ وپوچ وبودڵە دەکەینە سەرکردەو ڕابەرو پاڵەوان ، بەپێچەوانەوە کەسایەتى مرۆڤ دۆستى نیشتمان وژینگەپارێز تەخوین دەکەین ، بۆیە ئێستا لەهەموو کاتێک زیاتر پێویستیمان بەیاسا وسیستم هەیە  دواى پەروەردەکردنى هزر وعەقڵ ، پەروەردەى حیزبایەتى نا ، بەڵکو پەروەردەى مرۆڤایەتى .

تایبەتمەندییەکان: بابەتی هەڵبژاردە

زیادکردنی وەڵام