شكست‌و سەركەوتن 
لەناوەڕاستی بانگەشەی هەڵبژاردنەكانی ساڵی ٢٠١٤ بو بۆ پەرلەمانی عێراق، نێوەڕۆییەك لەماڵی كاك نەوشیروان میوان بوین، ژمارەیەك هەڵسوڕاوو كەسانی دیاریش لەو میواندارییە بون، یەكێك لەو بەڕێزانە كە كاندید بو كاك نەوشیروان پرسیاری لێكرد: وەزعتان چۆنە، وتی هەر زۆرباشە، كاك نەوشیروان لێی پرسییه‌وە: چاوەڕێی دەنگی زۆردەكەن؟ كاندیدە بەڕێزەكە وتی: هەر زۆر، چاوەڕێی دەكەین زۆرترین كورسیش ببەین. كاك نەوشیروان پێ وت: تكایە بەوشێوەیە كارمەكە ن، وا كاربكەن براوەن‌و واكاربكەن دۆڕاویشن كە كارتان كرد براوەن بەگڕوتینەوە هەڵمەت دەكەن، كەوا هەستیشتان كرد دۆڕاون بەگروتینەوە هەڵپەی زیاتر دەكەن.
تێڕوانێكی وردو پڕ سەلیقە بو بۆ هەڵبژاردن، كاركردن لەوەی هەم سەركەوتوی هەمیش دۆڕاوی، رۆحێكی تر دەدا بەهەنگاوەكان لەناو هەڵمەتی بانگەشەدا.

ئەمە ئەو پرسیارەمان لا دروست دەكات: ئێستا گۆڕان لەكوێدا گەمە دەكات؟ بە چ رۆحییەكەوە ئەم جارە بەرەو هەڵبژاردن چووە، رۆحی براوە یان رۆحێك دەترسێت لەئەنجامەكەی؟ ئایا دەتوانێت پایەكانی خۆی رابگرێت؟ پرسیاری سەرەكی ئەوەیە: گۆڕان ئەمجارە لەنائامادەیی سەركردەیەك كە ناوی نەوشیروانە دەتوانێت پارێزگاری لەدەنگ‌و سەنگی سیاسیی خۆی بكات؟

 

هەڵمەتێك وەك پاداشت
بەر لەدەستپێكردنی هەڵبژاردن باس لەوەدەكرا كە گۆڕان وەك بزوتنەوەیەكی سیاسیی ناتوانێت هەمدیس جەماوەرو لایەنگرانی بانگێشت بكاتەوە بۆ ناو بازنەی كاركردنەكانی ،پێش بانگەشە ئەو قسەیە باو بوو كە گۆڕان ناتوانێت دروشمی نوێ بەرزبكاتەوە و لایەنگرەكان كۆبكاتەوە بۆ گەرمكردنی بانگەشە و هەڵمەتی هەڵبژاردن . باس لەوە دەكرا كە ناكۆكییە ناوخۆییەكان وایكردوە گۆڕان توشی دابڕان بێت و ناكۆكی سیاسی نێوان ناوە گەورەكانی ئەم بزوتنەوەیە رەنگدانەوەی هەبێت لەسەر سەنگی گۆڕان لە هەڵمەتی هەڵبژاردن .

بەڵام هەموو ئەم گریمانانە پێچەوانەبوونەوە، گۆڕان توانی وەك بزوتنەوەیەكی سیاسی بەنەفەسی بەرگریكردن لەسەنگی خۆی گەرمتر بێتەناو ململانییەكانەوە. ئەوەێ ئێستا دەبینرێت گۆڕانێكە كە هەستی بەرگریكردن لەحزبەكەی پێش رەخنە وتانەكانی گرتوە، ئەوەی لەتابلۆكەدا دەردەكەویت ئەوەیە گۆڕانخوازان (وەك خۆیان ناوی خۆیان دەبەن) هەڵمەتی گەڕان وكۆكردنەوەی دەنگیان كردووە بەئەركێك پێش رەخنەو گلەییەكانیان خستوە لەسەركردایەتی گۆڕان. بۆیە هەناسەیەك لەناو جەماوەری گۆڕاندا لەم هەڵبژاردنەدا دەركەوتوە كە هەم كاردەكەن كە بزوتنەوەكەیان لەژێر مەترسیدایە، هەمیش كاردەكەن كە هێزێكی براوەو خاوەن سەنگ بمێننەوە، بۆیە زۆر جار وادەوترێت كە جەماوەری گۆڕان دەیەوێت پاداشتی نەوشیروان مستەفا بداتەوە بەوەی لە نائامادەیی ئەویشدا ئەم هێزە هەر دەتوانێت بەرگریكارێكی سەرخست بن لەمانەوەی قورسایی دەنگیان.

 

كاندید وەك هێزی راكێشانی دەنگ 
یەكێك لەو خاڵە گرنگ‌و وردانەی كە بزوتنەوەی گۆڕان ئەمجارە كاری لەسەر كرد دانانی ژمارەیەك روخساربوو وەك كاندید كە هێزی راكێشانی دەنگدەرانیان هەیە .یان رونتر بنوسین :گۆڕان لەرێی قورسایی خستن سەر ناوی كاندیدەكان وایكرد كە هەڵمەتێكی گەرمتر و پڕتر پێشكەش بكات .

زۆرن ئەو ناو و ژمارانەی لەهەر سێ شارەكەو بەكەركوكیشەوە كە قبوڵكراون لای خەڵك‌و دەتوانن ژمارە بۆ بزوتنەوەی گۆڕان بچننەوە. بۆیە بەچاو خشاندنێك بەلیستی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ هەڵبژاردن یەكسەر گریمانەی بەهێز دەكەیت بۆ ئەوەی هەندێكیان بە ئاسانی دەربچن و دەنگ بەدەستبهێنن. ئەگەر ئەمە زیاتر وردبكەینەوە گۆڕان ئەم یارییە وردەی لەسلێمانی كرد، من پێشتر لەنوسینێكمدا ئاماژەم بەوەدا كە ئەم بزوتنەوەیە نایەوێت سیمای نیلێتی لەشاری سلێمانی كاڵبێتەوە، بۆیە دانانی كۆمەڵی روخساری خۆشەویست لەناو خەڵكدا هێزدەداتەوە بەبزوتنەوەكە بۆ ئەوەی پارێزگاری لە دەنگی یەكەمی بكات لەناو شاری سلێمانی.

 

خاڵێكی تر دەستنیشانكردنی دكتۆر یوسف وەك سەرۆكی لیست یوسف محەمەد وەك قوربانییەكی سیستەمی تاك حزبی لەم هەرێمەدا ناسێنراوە (وەك گۆڕانەكان دەڵێن: نەیهێشت سەرۆكی هەتاهەتایی هەبێت لەكوردستان)، دیسانەوە قورسایی تەواوی دە بێت بۆ گۆڕان. بیرمان نەچێت دكتۆر یوسف بەر لەهەرشتێك قوربانی دەستی پارتی‌و بنەماڵەیەكە كە لەشاری سلێماندا داری پارتی نەك چرۆ ناكات بەڵكو ئەو هێزو كەسانە هەمیشە براوەن كە بەرامبەر پارتی بە بوێری و هێزەوە وەڵامی دەدەنەوە یان روبەڕووی دەبنەوە.هەموو ئەمانە وایكردوە كە ئەمجارە قورساییەكی زۆر بۆ راكێشانی دەنگ بۆ بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر كاندیدەكان بێت

 

قادری حاجی عەلی هاتەوە ناوگەمەكە
كەمن ئەو رۆژنامەنوسانەی كە قادری حاجی عەلی ناناسن، بەڵكو بەپێچەوانە ئەم كەسە هەمیشە فیگەرێكی دیارو ناسراو بوە لەلای زۆربەی رۆژنامەنوسان (كەمترین دەركەوتن دەركەوتوە، بەڵام زۆرترین دۆست‌و هاوڕێی هەیە لەناو میدیاكاراندا).
قادری حاجی عەلی پیاوێكە لەشیكردنەوەو تێڕوانییدا وردە، هەمیشە زانیاری بەدیقەت‌و پڕی پێیە، دەوترێت: هیچ هەنگاوێكی ناننێت گەر نەزانێت هەنگاوەكەی ئەنجام‌و قورسایی نابێت. بۆیە قادر هەم بەپیاوی سندوقی رەش ناسراوە كە گەنجینەیەكەیە لەمەلەف‌و بەڵگەی گەورە، هەمیش بەو پیاوە ناسراوە كە دەتوانی گێمی یاریی لەبەرژەوەندی ئەو تیپە مسۆگەربكات كە خۆی دەیەوێت.

 

پێش ئەم هەڵمەتە، باسی ناكۆكی گەورە دەكرا كەلەنێوان دوو باڵ یان دو سەركردەی دیار لەناو گۆڕاندا بونی هەیە، ئاڕاستەیەك قادری حاجی عەلی رابەرایەتی دەكات كەسانی وەك عوسمانی حاجی مەحموود كە یەكێكە لەو سەركردانەی پێگەی جەماوەری گەورەی هەیە تێیدایەتی، لەبەرامبەردا ئاڕاستەیەكی تر كە خۆی لەرێكخەری ئێستای بزوتنەوەكە دەبینیەوە. ئەم ململانیی وكێبڕكییە چەندە راست‌و نزیك بووبن لەهەقیقەتەوە ساخنەبوه‌وە، بەڵكو لەم بانگەشەیەدا قوماركردن لەسەر ئەم هێڵە لەناكۆكییە پوچبووە.

تیمی هەردو ئاڕاستەكە بەیەكەوە كاردەكەن، تەنانەت دانانی قادری حاجی عەلی وەك بەرپرسی یەكەمی بانگەشەو هەڵمەتی هەڵبژاردنی گۆڕان ،بڕیارێكی عاقڵانەبو. قادرحاجی عەلی بەدەر لەو سیفاتانەی كە پێشتر باسمان كرد، سیفەتێكی تر هەیە ئەم پیاوەدا سەرسەختانە بەرگری لە بیركردنەوە وهەنگاوەكانی خۆی دەكات. هەربۆیە گۆڕان بەدانانی قادری حاجی عەلی هەم پەیامێكی گەیاند كە ناكۆكییەكان كارناكاتە سەر سیمای دەرەوەی بزوتنەوەكە، هەمیش قادرحاجی عەلی پیاوێكە دەزانێت چۆن پارێزگاری لەسەنگی گۆڕان بكات لەم هەڵبژاردنەدا. (رۆژنامەنوسێكی هاوڕێمان لەباسكردنی ئەم كارئەكتەرە دەڵێت: دەزانێت لەكوێداو كەی‌و چۆن قاوەی تاڵ دەرخواردی نەیارەكانی دەدا).

 

هاڵاوی پرۆژەكان 
شكستی ریفراندۆم‌و كەوتنی هەمو پایەكانی حكومڕانیی رەشید لەكوردستان‌و نەمانی هیچ پێوەرێكی ئەخلاقی‌و سیاسیی‌و ئیداری لەم حكومەتە كوردییە وایكرد گۆڕان هەمدیس ئەو دروشم‌و باوەڕانەی كە هەیبوە دوبارە بەكاربهێنێتەوەو هەمیدیس وەك كارتی فشار وراكێشەربیداتەوە بەهاوڵاتیان.
ئەگەر پێشتر گۆڕان داوای ئەوەی كردوبێت كە هێزی پێشمەرگە ببێتە هێزێكی نیشتیمانی‌و دوربێت لەدەستێوەردانی حزبی‌و داهات وبودجە شەفاف بن‌و گەندەڵی بەیاسا قوەدەغەبكرێت، دەستی حزب لەناو كایەی بەڕێوەبردن ببڕێت، پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم وبەغدا لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش بن، نا بێت بیركردنەوەی تاكەكەسیی ومیزاج زاڵبێت بەسەر هەنگاوی سیاسیی لەم هەرێمەدا .هەموو ئەم پرۆژانە كە گۆڕان كاری لەسەركرد تائێستا نەك جێبەجی نەبوە، بەڵكو دەرئەنجامی جێ بەجێ نەبوونیشی هۆكاری دەیان قەیرانی گەورەبوە كە روبەڕووی هەرێم بووەتەوە، بۆیە بزوتنەوەی گۆڕان دەتوانێت بە ئێستاشەوە ئەو پرۆژانەی كە خۆی بەخاوەنی دەزانێت وەك دروشم بەرزبكاتەوە.
هەربۆیە تائێستاش پرۆژەكانی گۆڕان پرۆژەی گەرمن‌و نەك جێ بەجێ نەبون، بەڵكو ئەگەر جێبەجێبكرێن قۆناعێكی گەورە هەرێم دەچێتە پێشەوە .بۆیە گۆڕانخوازان دەڵێن: ماڵی گۆڕان تائێستاش ماڵێكی گەرمەو خاوەنی پرۆژەی گۆڕانكاری گەورەیە.

تایبەتمەندییەکان: بابەتی هەڵبژاردە

زیادکردنی وەڵام