قادر حاجى عەلى، رایدەگەیەنێت؛ کاتێک رەخنە لەم حوکمڕانانە دەگیرێت و بیریان دەهێنرێتەوە کە گەندەڵ و دزن و کوردستانیان بۆ دواوە گەڕاندوەتەوە و بۆ هەمو ئەوانەش بەڵگە هەیە، ئەوان ئەوە بە ئیرهابى فیکرى ناودەبەن، لەکاتێکدا لاى خۆیان نەک ئیرهابى فیکرى بە حەقیقى هەیە، بەڵکو لەسەر وشە و وتارێک خەڵک تیرۆر دەکرێت.

ئەمڕۆ شەممە، قادر حاجى عەلى، بەرپرسى لیژنەى باڵاى هەڵبژاردنەکانى بزوتنەوەى گۆڕان لەگەڵ ژمارەیەک لە کەسایەتییەکانى سلێمانى کۆبوەوە بۆتاوتوێکردنى دۆخى هەڵبژاردنەکان و هۆکارەکانى گرنگیدان و سەرخستنى لیستى ژمارەى(142)ى گۆڕان و تێیدا لەبارەى تۆمەتبارکردنى خەڵکى سلێمانى بە ئیرهابى فیکرى وتى:”ئیرهابى فیکرى مانایەکى ترى هەیە، بەڵام ئەوان بە وەى دەزانن کە عەیبەکانیان بڵێیت، ئێمە دەڵێین تۆ گەندەڵى خۆ درۆمان نەکردوە بە فیعلى گەندەڵیت، بە هەزار بەڵگە دەیسەلمێنین کە گەندەڵن”.

وتیشى:”کە دەڵێین دزن، بەڵگەمان هەیە، کە دەڵێین دۆخى کوردستانیان (20) ساڵ گەڕاندەوە دواوە بە بەڵگەوە دەیڵێین”.

لەو کۆبونەوەیەدا قادر حاجى عەلى ئاماژەى بەوەکرد؛ کە دەڵێن؛ ئیرهابى فیکرى لێرەیە، بەڵام ئیرهابى فیکرى حەقیقى و ئیرهابى جەستەیى لە هەولێر و لە سایەى دەسەڵاتى ئەواندا هەیە و وتی: “لەسەر وشەیەک و وتارێک خەڵک دەکوژن، لەسەر ئەوەى خەڵک دەنگ بە گۆڕان دەدەن فەلاقەى دەکەن، مامۆستا هەیە تەمەنى (79)ساڵەو هاتوەتە سەر شەقام بۆئەوەى داواى مافى خۆى بکات لە ئاسایش لێى دەدەن و دەستى دەشکێنن، لەسەر شەقام لە مامۆستا دەدەن”.

وتى:”بۆیە ئەگەر ئەمەی ئێرەیان ناوناوە ئیرهابى فیکرى، ئەوا لاى خۆیان ئیرهابى فیکرى حەقیقى هەیە و ئیرهابى جەستەیى-ش هەیە”.

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام