كه‌ناڵێكی ئیسرائیلی نهێنی بردنی سه‌دان كیلۆگرام له‌به‌ڵگه‌نامه‌ی تایبه‌ت به‌به‌رنامه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی ئێران له‌لایه‌ن هێزێكی تایبه‌تی مۆساده‌وه‌ ئاشكراكرد.

تۆڕی هه‌واڵی حه‌داشوت-ی ئیسرائیلی بڵاویكرده‌وه‌، كه‌ ده‌زگای هه‌واڵگری ئیسرائیل (مۆساد) سه‌دان كیلۆگرام له‌به‌ڵگه‌‌و دۆسیه‌ی ژماره‌یی نهێنی كه‌ تایبه‌ته‌ به‌به‌رنامه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی ئێران، له‌ئۆپه‌راسیۆنێكدا له‌نێو خاكی ئه‌و وڵاته‌وه‌ گواستوه‌ته‌وه‌ نێو ئیسرائیل.

میدیا ئیسرائیلییه‌كه‌ وێڕای ئه‌وه‌ی چالاكیه‌كه‌ی مۆسادی به‌گه‌وره‌ترین چالاكی له‌مێژووی ئیسرائیل وه‌سفكردووه‌، هاوكات ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌ كه‌ ئه‌و چالاكیه‌ی وڵاته‌كه‌ی بوه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی ژێرخانی زانیارییه‌كانی ئێران له‌باره‌ی به‌رنامه‌ ئه‌تۆمیه‌كه‌ی ئه‌و وڵاته‌وه‌، بكه‌وێته‌ ده‌ست ئیسرائیل.

له‌ساڵی 2016ه‌وه‌ ئیسرائیل چاودێری ئه‌و شوێنه‌ ده‌كات كه‌ به‌ڵگه‌نامه‌و دۆسیه‌كانی تیادا هه‌ڵگیراوه‌، كه‌ له‌ناوچه‌یه‌ك له‌شۆرابادی باشووری ئێران بوه‌، تا له‌مساڵدا ئیسرائیل زانیارییه‌كانی له‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌دا گواستووه‌ته‌وه‌ خاكی وڵاته‌كه‌ی.

له‌باره‌ی ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌وه‌ یسرائیل كاتس وه‌زیری هه‌واڵگری ئیسرائیل ڕایگه‌یاند، كارێكی مه‌حاڵیان ئه‌نجامداوه‌، توانیویانه‌ به‌ڵگه‌نامه‌ ڕاسته‌قینه‌كان نه‌ك كۆپیكراوه‌كان، بگوازنه‌وه‌ بۆ ئیسرائیل.

هه‌ر به‌گوێره‌ی ئه‌و میدیا ئیسرائیلییه‌، ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ سه‌خت بووه‌، به‌ڵام مۆساد توانیویه‌تی ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ به‌بێ هیچ زیانێك بگوازێته‌وه‌ بۆ نێو ئیسرائیل.

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام