محەمەد سادق باوكی یوسف محەمەد سەرۆكی دەستلەكاركێشاوەی پەرلەمانی كوردستان، پەیامێكی بڵاوكردەوەو تێدا وازهێنانی لەیەكگرتووی ئیسلامی راگەیاند، كە یەكێكە لەدامەزرێنەرانی حیزبەكە.

لەپەیامەكە هاتووە: “دوای ئەوەی رۆژی ٢٦ ی ٤ی ٢٠١٨ بەدڵێكی ساف‌و پڕ جۆشی ئیمانی ئامادە بووین لەئیحتیفالی بانگەشەی لیستی 175ی یەكگرتوو، لە میانی لێدوانێكمان بۆ كەناڵی سپێدە بۆ دەڕبرینی پشتیوانیمان بۆ لیستی ١٧٥، بەڵام لەو رۆژەوە لەڕێی فەیسبوك‌و چەند ماڵپەڕێكەوە شیواندنی بۆ كراوە بەئامانجی بەكارهێنانی بۆ بانگەشەی لیستی ١٧٥ لەسەر حسابی  لێدان لە شەخسی كوڕەكەم دكتۆر یوسف”.

هەر لەپەیامەكە هاتووە: “پێمان سەیر بوو، كە تا ئێستا بڕوایان بەئەندامەكانیان نییە بە تایبەت ئەندامانی دامەزرێنەری وەكو ئێمە، دێن پرسیاری ئەوەمان لێئەكەن، كە پاڵپشتی چ لایەنێك ئەكەین و لە میدیاكان و فەیسبوك بۆ مەرامی بانگەشەی هەڵبژاردن بەكاریدەهێنن لەدژی د. یوسفی كوڕم”.

هەروەها رایگەیاندووە “من لە ئێستاوە بێبەری بونی خۆم لەو حیزبە رائەگەینم، كە بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ ئەندامە سەرەكییەكانی خۆیاندا دەكەن ئیتر ئەبێت چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم گەلە ستەمدیدەیە بكەن”.

محەمەد سادق، كە ئەمڕۆ دوو شەممە پەیامەكەی بڵاوكردووەتەوە، راشیگەیاندووە “یوسف پەروەردەی خۆمەو خۆم پەروەردەم كردووە دەزانم چەند پارێزكارە، تەنانەت نەزیهترە لەزۆر لەوانەی، كە خۆیان بە پێشەوا دەزانن، كوڕی من ئەگەر بۆ پلەو پۆست و پارە ئامادە بوایە بەوازهێنان لە بیروباوەڕە سیاسییەكەی, ئێستا بازاڕی ئێوە بەو شێوەیە نەدەبوو، بۆیە متمانەی تەواوم پێیەتی‌و جێگای شانازی من و ئەندامانی خێزانەكەم و تەواوی خەڵكی بە ئەمەكی كوردستانە”.

ئەمە لەكاتێكدایە، چەند رۆژێكەو لەچوارچێوەی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن، یەكگرتووی ئیسلامی لێدوانی محەمەد سادق بەكاردەهێنێت، كە گوایە باوكی یوسف محەمەد كاندیدو سەرۆكی لیستی بزووتنەوەی گۆڕان لەپارێزگای سلێمانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەنگ بەكوڕەكەی نادات‌و دەنگ بەیەكگرتوو دەدات.

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام