کە زانیم سەرەک وەزیرانی عێراقی شیعستان دەیەوێت بچێت بۆ سولێمانی و بۆ هەولێر لەو باوەڕەدا بووم، کە خەڵکی ئەم دوو شارەی باشووری کوردستان، لە دژی سەردانی عەبادی رەگەزپەرست و شیعەپەرست، لە دژی داگیرکەرێکی خوێنڕێژ، کە دەستەکانی بە خوێنی دەیان کورد سوورن، گەورەترین خۆپێشاندانی ناڕەزایی سازدەکەن وبە دەیان لافیتەش بەرزدەکەنەوە و کردەوەکانی عەبادی شەرمەزاردەکەن.. چونکە هێشتا ساڵێک بەسەر ئەو تاوانانەی لە رۆژی (١٦ی/ ئوکتۆبەر/ ٢٠١٧) دا لە دژی گەلی کوردمان ئەنجامیدان تێنەپەڕیون.. بە بڕیاری عەبادی (سوپا دڕندە) کەی و (حەشدی وەحشی) و (تەرەسی سەوری ئێرانی) بە زەبەلاحترین هێزەوە پەلاماری کەرکوک و دوز و خانەقین یان دا، ناشبێت (کەواسوورانی پێش لەشکری داگیرکەر ـ کەرکوکفرۆشان) لەبیربکەین، کە رۆڵێکی زۆر ناپاکیان هەبوو لە بە دەستەوەدانی کەرکوک. ئەی ئەو هێزەی عەبادی نەبوو کە بە دەیان کوردی سفیلیان لە کەرکوک و دوز و خانەقین کوشت؟ بەسەدان ماڵ و کۆگای کوردیان تاڵانکردن و سوتانیان و تەقاندیانەوە، زیاتریش لە پەنجا پێشمەرگیان شەهیدکردن و زۆریش بێڕەوشتانە بە تانکی ئەمریکی لاشکانیان پانکردنەوە؟ ئەی ئەو هێـزەی عەبادی نەبوو دەستدرێژیان بۆ ئابڕووی کورد کرد؟ تا ئەمڕۆش نزیکەی دوو سەد هـەزار کوردی خەڵکی کەرکوک و دوز لە ترسی (حەشدی وەحشی) ی بێڕەوشت، ناوێرن بۆ کەرکوک و دوز و شەنگار بگەڕێنەوە، چونکە ئەمانە لە داعش پیستر و دڕندەتر و بێڕەوشترن. سەرانی کورد هەموو ئەمانەتان لەبیرکرد؟! ئەی هەر هێزەکەی عەبادی نەبوو کە لە کەرکوک و دوز و خانەقین، بێرێزییان بە ئاڵای کوردستان و بە بەهـا پیرۆزییەکانی کورد کرد؟ عەبادی رەگەزپەرستیش دەستخۆشی لە ئەنجامدانی ئەم تاوانانە کرد و بە سەرکەوتنێکی گەورە ناوی بردن و ناویان دەبات.. ئەی هەر عەبادی نییە کە درێژە بە سیاسەتە گڵاوەکەی نوری مالیکی هاوبیر بۆگەنی دەدات و موچەی فەرمانبەرانی کوردستانی بڕی، بۆ برسیکردنی گەلەکەمان؟ ئەم بڕە پارەیەش کە لەم دوو مانگەدا وەکو خێرپێکردن بۆی ناردوون، تەنها بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنە.. هەر کاتێکیش ملکەچی بڕیارە تاکڕەوییەکانی نەبن، دووبارە ئەم چەکەی بەرانبەر بە گەلی کوردمان بەکار دەهێنێت.. ئەمەش تەنها لە دیکتاتۆرێکی رەگەزپەرست دەوەشێتەوە.  

عەبادی رۆژی چوار شەممە (٢٥ی/ ئەپریل/ ٢٠١٨) سەردانی شاری سلێمانی کرد و لە فڕۆکەخانەی سلێمانی لە لایەن سەرکردە باڵاکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و حیزبەکانی ترەوە پێشوازی لێکرا.. رۆژی پێنج شەممەش (٢٦ی/ ئەپریل/ ٢٠١٨) سەردانی هەولێری کرد، سەرۆک وەزیرانی کوردستان فەرشی سووری بۆ عەبادی کە داگیرکەرێکی کوردستان راخست و دەستی خستە نێو دەستی و زۆر بە گەرمی پێشوازی لێکرد.. بەڵی دەسەڵاتدارانی باڵای کوردستان فەرشی سووریان بۆ داگیرکەرێکی رەگەزپەرستی کوردستان راخست.. عەبادی بۆ ئەوە نەهات کە مژدەی کارێکی باش یا کردنەوەی دوو پرۆژەی ئاوەدانی لە سلێمانی و هەولێر بدات، بۆ ئەوە نەهات داوای لێبووردن لە گەلی کوردمان بکات لەمەڕ ئەو تاوانانەی لە کەرکوک و دوزدا دەرهەق بە کورد ئەنجامیان دان.. جا نازانم سەرانی کوردمان بۆ هێندە نەفس نزمن و خۆیان بە کەم و دەزانن؟ هەر بۆ ئەوەی لە دەسەڵات و لە پۆستەکانیاندا بمێننەوە؟ کەچی پارتی بڕیاری ئەوەی دا کە لە کەرکوک دا بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی پەڕلەمانی عێراقـدا ناکەن.. چونکە بەشداریکردنیان دانانە بە رەوایی داگیرکردنی کەرکوک.. ئەی باشە پێشوازیکردنتان لە سەرەک وەزیرانی عێراق و راخستنی فەرشی سوور بۆ داگیرکەری لە (سەدا پەنجا)ی خاکی باشووری کوردستان، دانان نییە بە رەوایی داگیرکردنی کەرکوک و دوز و خانەقین و مەخمور و شەنگار..؟؟ ئەی بارەگاکانتان لە شاری کەرکوک و لە دوز و خانەقین لایەن حەشدی وەحشییەوە تاڵان نەکـران؟ تا ئەمڕۆش حەشدی وەحشییان تێدان، ئێوە ناوێرن بچنەوە بۆ کەرکوک، ئەی ئەمەتان دانان نییە بە داگیرکردنی کەرکوک؟ کەرکوکفرۆشانیش لە سولێمانی و لە هەولێردا پاڵیان لێداونەتەوە و بە سەردانەکەی داگیرکەری کەرکوک بۆ سولێمانی و هەولێر رووخۆش و دڵخۆشن.

عەبادی لە ئەمڕۆدا درێژە بە پیلانە گڵاوەکەی رژێمی بەعس دەدات، بە شێوەی چڕتر درێژە بە بەعەرەبکردن و بە شیعەکردنی پارێزگای کەرکوک دەدات.. ئەمەش یەکێکە لە ئامانجە سەرەکییەکانی بەرنامەی لیستەکەی.. عەبادی بۆ ئەوە سەردانی سلێمانی و هەولێر کرد، رەنگە سەردانی دهۆکیش بکات، بۆ پشتگیریکردن لە کوردە خۆفرۆشانەی خۆیان لە لیستەکەیە عەبادی دا کاندید کردوون.. ئەو کوردە خۆفرۆشانەی کە لە لیستی داگیرکەرێکی کوردستاندا خۆی کاندید کردوون و دەیەویانەوێت ببن بە جاش پەڕلەمانی و بە نۆکەرێکی داگیرکەرێکی کوردستان، بە لای ئێمەوە زۆر ناپاکتر و نامەردترن لەو جاشانەی کە چەکیان لە دژی کورد هەڵگرتن.. تا ئێستا جاشی پەرلەمانیمان نەبوو، وا خەریکە ئەم جۆرە جاشانەش لە کورد دا پەیداببن.

دەبوایە بە سەدان کورد، لە بەردەم فڕۆکەخانەی شاری سلێمانی و هەولـێرد دا، لە دژی سەردانەکەی عەبادی بوەستبانایە و هاواریان بکردایە و عەبادییان شەرمەزار و رسوا بکردایە، دوایان بکردیان کە بدرێتە دادگا بۆ دادگایی کردنی، چونکە تاوانی جەنگی لە دژی سفیلی کورد ئەنجام داوە.
عەبادی دەیەوێت درزی ناکۆکییەکانی ریزەکانی کورد گەورەتر بکاتەوە، چونکە باش لە خاڵە نەرێنی و لاوازەکانی سەرانی کورد گەیشتووە، باش هەڵیسەنگاندوون کە هیچیان لەباردا نییە و هیچیان لە دەست نایات.. ئەوەش دەزانێت “لایەنە کـوردییەکان لەسەر ئەوە رێکەوتوون کە رێنەکەون”
سەرکردە کوردە عێراقچییەکان، هێندە لە رووی داگیرکەرانی کوردستان خۆیان بەکەم و بە بێدەسەڵات دەزانن، بۆیە عەبادی بە هەندیان نازانێت .

راخستنی فەرشی سوور بۆ داگیرکەرێکی کوردستان، زۆر شەرمەزارییە بۆ سەرانی کورد.. عەبادییەکی رەگەزپەرست، کە بە دەیان کێشەی بۆ کورد دروستکردووە، رۆژ لە دوای رۆژیش کێشەی زیاتری بۆ دروست دەکات و، دانیش بە مافە رەواکانی کورد دا نانێت، دەیەوێت فیدرالی باشووری کوردستان لە ئەتۆنۆمییە کارتۆنییەکەی سەدامیش کەمتر بکاتەوە.

عەبادییەک ئەمە کردار و نیازی گڵاوی بێت.. بۆ دەبێت سەرۆک وەزیرانی کوردستان و بەرپرسانی حیزبە کوردستانییەکان، بە گەرمی پێشوازی لێبکەن و فەرشی سووری بۆ رابخەن و دەستبخەنە نێو دەستی داگیرکەرێکی کوردستانەوە؟!

تایبەتمەندییەکان: وتارو بیروڕا

زیادکردنی وەڵام