مەزلۆم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) رایگەیاند، لەگەڵ نوێنەی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش كۆبوونەتەوەو لە بارەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە سوریا پێی راگەیاندون، لە ئێستادا لە قۆناغی دروستكردنی بڕیار و توێژینەوەو داڕشتنیدایەتی ئەو بڕیارەدان.

لەمیانی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ رۆژنامەی شەرقولئەوسەت، مەزلۆم عەبدی فەرماندەی گشتی هەسەدە رایگەیاند، لە ئێستادا 60 هەزار شەڕڤانیان هەیەو لەو ژمارەیە 30 هەزار سەربازیان پاسەوانی سنوورن.

لە بارەی لێدوانەكەی دۆناڵد ترەمپ بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە سوریا مەزلۆم عەبدی وتی، “لەگەڵ برێت مەكگۆرك، نوێنەی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش كۆبووینەتەوەو لە بارەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە سوریا پێی راگەیاندین كە ئیدارەی ئەمەریكا لە ئێستادا لە قۆناغی دروستكردنی بڕیار و توێژینەوەو داڕشتنیدایەتی”.

مەزلۆم عەبدی، كە بە مەزلۆم كوبانێ ناسراوە بە رۆژنامەكەی وتووە، داعش تا ئێستا رووبەری 10 هەزار كیلۆمەتر چوارگۆشەی لە سوریا لە ژێر دەستدایە، كە ئەوەش هێندەی رووبەری لوبنانە.

مەزلۆم ئاماژەی بەوەشكردووە، “گۆڕینی رژێمی بەشار ئەسەد بە كردەی سەربازی ناكرێت و هەمووان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایە، بۆیە پێویستە لێتێگەیشتن لەگەڵدا بكەین و گۆڕانكاری دیموكراتی ئەنجام بدەین”.

رونیشیكردوووتەوە، هیچ كێشەیەكیان نیە ئەگەر هێزەكانی وڵاتانی عەرەبی بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانان بچنە سوریا و هاوكاریان بكەن.

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام