وابزانم پێویست ناکات لەخۆمان بپرسین ، ئایا کێ کۆمەڵگاى کوردى سەرتاپا ( فێرەدرۆ ) کردووە ؟ چونکە هەموومان دەزانین کۆمەڵگاى کوردى پێش ڕاپەڕینى ساڵى 1990 سەرەڕاى بوونى چەندەها هەزار جاش و سیخورى حیزبى بەعس پێچەوانەى ئێستا کۆمەڵگایەکى تاڕادەیەک ڕاستگۆ بووە .
ڕاستیەک هەیە نابێت لەبیرى بکەین ، لەجیهاندا هیچ کۆمەڵگایەک نییە سەدلەسەد ڕاستگۆ بێت ، بەڵام ئەکرێت بە ” پەروەردەکردن ” و پەیڕەوکردنى ” یاساوسیستم ” ڕێژەى ڕاستگۆیى مرۆڤ بەرزبکرێتەوە بۆ ڕێژیەک نزیک سەدلەسەد ،  بەپێچەوانەوە لەنەبوونى ” یاساوسیستم ” و “پەروەردەکردنى کۆمەڵگا لەسەردرۆ ”  ڕاستگویى دەبێتە کاڵایەکى دەگمەن وسەرتاپا کۆمەڵگا ( فێرەدرۆ ـ درۆزن) دەکرێت .
لەیادمە پێش ڕاپەرین سەرەڕاى ئەو هەموو دەردەسەرى ونەهامەتى و چەوسانەوەیەى حیزبى بەعسى خوێن ڕێژ وەبوونى چەندەها هەزار جاش و موستەشار و سیخوڕى بەعسى ، کۆمەڵگاى کوردى بەکۆمەڵگایەکى تاڕادەیەک ڕاستگۆ ناسرابوو ، بەلایەنى کەم لەشارەکانى بەغدا وموسل وبەسرەو نەجەف وکەربەلا و شارە عەرەبیەکانى ترى عیراق .
ئەگەر بەعسیەکى بەڕەگەز عەرەب بیزانیایە تۆ کوردیت بەبێ ترس ناخى دڵى خۆى بۆت دەکردەوە ، ئامادەبوو هەموو نهێنیەکەت لابدرکێنێت ، تەنانەت سەرزەنشتنکردنى حیزبى بەعس و ڕەفتارە دڕندەکانى تا ئاستى جنیۆدان بەسەدام ودارودەستە حیزبیەکەى ، لەکاتێکدا نەیدەوێرا لەگەڵ هاوڵاتیەکى بەڕەگەز عەرەبى وەک خۆى ئەگەر باوک وبراو خوشکەکەشى بوایە نەى دەوێرا باسى هیچ شتێک بکات .
ئەگەر بازرگانێکى کورد مامەڵەى بازرگانى لەگەڵ بازرگانێکى بەڕەگەز عەرەب بکردایە وپوڵى تەواویشى پێ نەبوایە ئەوەندەى بەس بوو بڵێت من کوردم تامتمانەى پێبکەن ، بەهەمان شێوە هاوڵاتى کورد لەهەموو شوێنیک جێگەى متمانە بوو بەتایبەتى لەزانکۆکان .
ئەم دوو نمونەیەى سەرەوە سەلمێنەرى ئەو ڕاستیەن کەکۆمەڵگاى کوردى پێش ڕاپەڕێن سەرەڕاى بوونى هەزارەها جاش و موشتەشار و سیخوڕى حیزبى بەعس کۆمەڵگایەکى تاڕادەیەک ڕاستگۆ بووە ، خەباتى ژێرزەمینى چین وتۆێژەکانى کۆمەڵگاى کوردى لەشارو شارۆچکەکانى کوردستانى باشور و بەرەنگاربوونەوەى ڕەفتارە فاشیەکانى سەدام وحیزبى بەعس نمونەیەکى حاشا هەڵنەگرى ترن لەسەر ڕاستگۆیى کۆمەڵگاى کوردی .
بێگومان کاتێک دەگەینە ئەو ڕاستیەى کۆمەڵگاى کوردى پێش ڕاپەرین کۆمەڵگایەکى تاڕادەیەک ڕاستگۆ بووە و ئێستا دواى ڕاپەڕین کۆمەڵگایەکى سەرتاپا ( فێرەدرۆ ـ درۆزن) کراوە بۆمان دەردەکەێت ماوەى کاتى پێش وپاش ڕاپەرین خاڵى وەچەرخانى کۆمەڵگاى کوردى یە لەکۆمەڵگایەکى تاڕادەیەک ڕاستگۆ بۆ کۆمەڵگایەکى (درۆزن ـ فێرەدرۆ) کراو .
ئەگەر ئەمە مانایەک ببەخشى ماناى ئەوەیە حکومڕانى بەرەى کوردستانى بەرپرسى یەکەم وسەرەکى فێرەدرۆکردنى کۆمەڵگاى کوردییە نەک حیزبى بەعس ودوژمنە میژوییەکانى ڕابردووى ، بەرەى کوردستانى ئەو بەرە بەناو شۆڕشگیرەى  دواتر کەوتنە تەخوینکردنى یەکترو شەڕى براکوژیان حەڵال کرد ، دەرئەنجام ژیان وگیانى یەکترو خەڵکى کوردستانیان توشى دەردەسەرى و نەهامەتى و چەوساندنەوە کرد ، وەک ڕەفتارى پێشتریان لەشاخ .
کوردوەتەنى دەنگى دەهۆڵ لەدوورەوە خۆشە کۆمەڵگاى کوردى لەشارو شارۆچکەکانى کوردستان بڕوایان بەشۆڕش هەبوو لەکاتێکدا ڕابەرو سەرکردەو بەرپرسەکانى پاشماوەى خێڵ ودەرەبەگایەتى بازرگانیان بەخۆێنى میللەتەوە دەکرد بەناوى خەباتى نەتەوەیى کورد .
هەڵبەتە پارتى دیموکراتى کوردستان و یەکێتى نیشتمانى کوردستان کەبەشێکى سەرەکى بوون لەبەرەى کوردستانى پشکى شێریان بەردەکەوێت لەتەخوینکردنى یەکترو هەڵگیرساندنى شەڕى براکوژى و دواتر لەپێناو بەرژەوەندی حیزب و بنەماڵەو خێڵ سەرتاپا کۆمەڵگاین (فێرەدرۆ ـ درۆزن) کرد لەپاڵ بەکۆمەڵ حیزبى کردنى کۆمەڵانى خەڵک .

تایبەتمەندییەکان: بابەتی هەڵبژاردە

زیادکردنی وەڵام