مرۆڤ لەهەر کۆمەڵگایەکدا ژیا و ئیشیکرد ماف و ئەرکی تایبەتی و گشتی هەیە، هیچ مرۆڤێک نییە تەنها مافی هەبێ و ئەرکی نەبێت، هەروەک چۆن هیچ مرۆڤێکیش نییە مافی بەتەنها ئەرکی هەبێت و مافی نەبێت. ئەو مرۆڤانەی پێیان وایە تەنها مافیان هەیە و نابیت ئەرکیان پێ بسپێردرێت گەندەڵترین جۆری مرۆڤن و خۆیان بەرزتر لەهەر مرۆڤێک دەزانن، ئەوانەشی لەخەیاڵیان تەنها خۆیان بەشایستەو خاوەنی ئەرک دەزانن و هیچ مافێک بەڕەوا نابینن بۆ خۆیان و بەجۆرە پەروەردەکراون یەک پارچە لەکۆیلە و ملکەچ و سەرشۆر زیاتر هیچی تر نین کە بەردەوام لەخزمەت مرۆڤی زاڵم و کۆمەڵگای ستەمکاردا دەژین، گشت بەهایەکی مرۆڤ بوونیان لێ داڕنراوە. ڕەنگبێت پرسیاری هەقیەقەت چییە؟ ئازادی چییە؟ لەم کۆنەڵگایانە جۆرێک بێت لە ووشیاری بەڵام هیچ کەس و کۆمەڵگایەک ناتوانێت بانگەشەی وەڵامدانەوەی ئەم دوو پرسیارە سەمەرەیە بکات، بڵێت ئەوەتا من، ئێمە هەم خاوەن هەقیقەتین و هەمیش ئازادیمان وەک ئەگەری گەشتی سەرکەوتن بەسەر یاسا پەنهانەکان بەدیهێناوە، ئەتوانین چۆڕێک لەم کانییە بەئێوەش عەوداڵانی ببەخشینەوە. خۆ گەڕانیش بەدوای جەوهەر  و کرۆک یا تەلیسم و شەپۆلە وونەکانی ئەم دوو پرسیارە لەم مەملەکەتە زۆرجار مرۆڤ لەنێو چەمی تەنهایی و بێهیوایی گیردەکات، بەتایبەت ئەگەر هەست بکەی لەناو کۆمەڵگایەکی لێوانلێو لەناماقوڵییەت سەرت دەرهێناوە، شعوری پەیامبەرێکی تەنهاو بێکەس لەناختدا گینگڵ بدات، بەجۆرێک لەناو کۆمەڵگایەکی ناماقوڵدا کە میراتگری بیرو یاسایەکی درێژخایەن و دێرینەی کولتوریی مەملەکەتی مەرگە. وە دواتر دەبێت بەدوای چرکە ساتەکانی شکۆی ژیان و جوانی و ئازادی بگەڕێیت، لەهەناوی نیهلیزمێکی تاریکدا عەوداڵی شکۆی ئەو هیواو ئومێدانەبیت لەسەرەمەرگدان. بەپێچەوانەی تەوژمی کوشندەی بەندایەتی سەردەم گەشتی ژیان دەستپێبکەی، گومانی تێدانییە، بەبێ دەستکەوتنی وەڵامی ئەم پرسیارانە لە ماوەیەکی کەمی ژیانی خۆتدا، ڕەشبینی مرۆڤ بەرەو کەناری پڕ لەشپرزەیی شێتی پەلکێش دەکات یا وەک سۆفییەکی کز و تێکشکاو و خەڵوەتکێش لەکونجی ژوورێکی ئەنگوستەچاودا خۆ دیل دەکەین. لەنێو جوگرافیای ئازار و ژانێکی فەوتێنەر زیندانی دەبین، تا ئەو سنورەی ماناکانی جوانی و مرۆڤ و ئازادی وەک بەفری ژێر تیشکی گەرمی نائومێدی دەتوێتەوەو ئاوێتەی خاک و خۆڵ ئەبێت، ئیدی کەس لەچیرۆکی سوێی توانەوە و ڕەشبینی ناگات. لەنێو تابلۆی ژیان دەسڕێینەوە. ڕەنگێکی بەد و ناشرین جێگەی دەنەخشێنێ.بۆ چرکە ساتێک من دیمەنی ئەم پڕۆسەیە لەناخمدا خۆی بزواند، خاپورکردنی کۆمەڵگایەکی ناماقوڵ ئەرکی من نییە، بۆ دەبێ خۆم دووچاری ئەم گێژاوە ڕۆح کوژە بکەم، ئەگەر تەنهام کەن، دامببڕن و دەستبنێن بەڕوومەوەو هاواری وەستانم بکەن. بۆدەبێ هەناسەکانم لەپێناو نەوەیەک بفەوتێنم کە بەرهەمی مێژوویەکی پڕ لەگەندەڵی و نا شارستانی، میراتگری نەریتی ژن کوژی و بێنرخکردنی کەرامەتی مرۆڤ، میراتگری کولتوری بێبەهاکردنی مرۆڤبوون و  دەیەها شۆڕشی لاوازو شکستخواردووی یەک لەدوای یەک، میراتگری نەوەیەکی خۆخۆر کە تووشی هیستریا و شێتییەکی سەیر بووە، ڕۆژ دوای ڕۆژ مەودایی نێوان ئازادی و ژیان و سەربەستی  و جیهانی سەردەم و ئەم نەوەیە فروانتر و دوورتر دەبێت، بەجۆرێک ئەتوانم ناوی بنێم لێکترازانی جیهانی ئەم کۆمەڵگای مەرگە.

من وەک تاکە ژنێکی خاوەن بیرو باوەڕێکی بوێر گەشتی سەربەستی خۆمم دەستپێکرد، دەمویست پێش هەموو شتێک پیشانی ئەم نەوەیە بدەم کە ئەمان بەرهەمی ناشرینییەکانی سەردەمی شۆڕشی شاخن، نەوەیەکی تێکشکاو و بێزاری دوونیای دوای خەونە ئاڵو واڵاکانی شۆڕش و ئەخلاقی ژنکوژی شۆڕشگێڕین. کە من ناوی دەنێم نەوەی کۆمەڵگایەکی پڕ لەناماقوڵییەت. کە خاوەنی هیچ ئایدیایەکی بەرز و بەهای ئەخلاقی مرۆڤ دۆستانەی جوان نییە. ئەو میتۆدەیەی من کردم بە ئامرازی ڕەخنەکاری لەژیانی ئەم کۆمەڵگا ناماقوڵە، ڕەخنەگری ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی و سیاسییە دوور لەهەر ڕق و کینەیەکی پەنگخواردوو یا هەستی کینەی قوربانییەک. هەرسێ لایەنم لەنێو هاوکێشەی ڕەخنەکاری عەقڵانی گرێداوە. کاتێک عەقڵ دەبێتە زمانی حاڵی هەنووکەیی و ئێستایی مرۆڤ، ڕۆحە ڕۆشنگەرییە یاخییەکەی خۆی بەرجەستە دەکات بەلام خاڵی لە ڕک و کینە، مرۆڤ هەست دەکات خاوەن بەهاو نرخێکی گەورەو مەزنە لەبووندا، بەڵام کاتێک لەناو کۆمەڵگایەکی ناماقوڵدا دەژین دەچینە ژێر باری کۆیلایەتی و ڕێز نەگرتن و بچوکبوونەوەی مرۆڤبوونمان لەگشت لایەنە جیاوازەکانی ژیان، ئیدی بەناچاریبێت یا بەویستیکی ووشیار دەبوایە خۆم بکەم بە ژنێکی تەواو ڕووت لەگشت بەها فیزیکی کە جل و بەرگ و بەها ئەخلاقیی و وەهمە ژیان کوژەکان وەک خەیاڵی ئایدۆلۆژیا و بنەمای ڕەووشتی و ئاینی و سیاسی و کۆمەڵایەتیکان. لەبەرئەوە کرۆکی مەبەستی من بڵندکردنی ئاوازی نا ، نەخێر، بەرامبەر ئەم کۆمەڵگا ناماقوڵە بوو کە بیست ساڵ ژیانمی وەک خۆرکە داخوراند. بەئومێدی گۆڕینی جیهانە بچکۆلانەکەمان. لەڕێگەی یاخیبوون و ڕووت بوونەوە لەم کۆمەڵگا ناماقوڵەی میراتگری بەهاو ئاکاری نەوەی سەرشاخە و وەک گەردن بەندی خنکێنەر لەملی نەوەی دواتر ئاڵاوە. من هاتم یاخیگەری و یاخیبوون بکەم بە فۆڕمی ژیانێکی تازە، دووبارە بەهای بەرز ڕاگرتنی کەرامەتی مرۆڤ و ئاکاری کۆمەڵایەتیی ئەم کۆمەڵگا ناشرین و ژن کوژەمان بگۆڕم بۆ ئەخلاقی مرۆڤی یاخی، بەڵام یاخیگەری دوور لە ڕق و کینە، هەڵگری پڕۆژەی بونیادنانەوە، جیاواز لە سەدەکانی ڕابردوو لە شۆڕش و یاخیگەری بنۆڕین و بیکەین بە فۆڕم و شێوازی ژیان کردن.

هەستمکرد ئەم دۆخە لەناماقوڵییەت دەرئەنجامی ساتێکی دیاریکراو نییە ، دۆخێک نییە لەیەک خاڵەوە هاتبێ، بەڵکو کێشەکە لەو پنتەوەیە کە لەماوەی بیست و پێنج ساڵی ڕابردوو هیچ گروپ و هێز و ئایدۆلۆژیایەک نەیتوانییوە لانی کەم چالاکانە لەسەر ئاستی گۆمەڵگا دۆخێک بڕەخسێنن کە ئینسانی کورد بتوانێت تیایدا ئیش بکات، دواتر بتوابین دەرئەنجانی ئەو ئیشە لەسەر خودی کۆمەڵگاکەمان دەربکەوێ، بەجۆرێک دوای ٢٥ ساڵ کاتێک کۆمەڵگاکەمان بە ووڵاتانی دەورووبەر بەچەند قات گەورەو قەبەتر بەراورد دەکەین تێدەگەین ئێمە لەناو چ کەشێکی ناماقوڵدا دەژین و لەچ ئاستێکین بەرامبەر دواکەوتووترین ووڵاتی ناوچەکە، کە خۆمان زۆرترین هێزو سەرمایەی مرۆییمان هەبوەو هەیە هاوشان لەگەڵ سەرمایەی ژێر زەوی و سەرزەوی.

بوارەکان ڕۆژ دوای ڕۆژ تەسکتر و بچوکتر بوونەتەوە سەرەڕای تیرۆرکردنی ڕۆشنبیر و بەشەیتانیکردنیان، ئێستا پیاوی ئاینی و سیاسییە جاهیل و ورگ زلەکان کاریگەریان لە ڕۆشنبیر و چالاکوانێک بەچەند گەورەتر لەم کۆمەڵگایەی خۆمان، زەینییەت و بیری میللەتەکەمان لەئاستێکی کورت و لۆکاڵییە، توانای بڕینی سنورە ووردەکانی دەورووبەری خۆی نییە، توانای گۆڕینی کۆمەڵگای ئیستای نییەو نابێت ، کۆمەڵگایەک لافی ئەوە لێدەدات ژن نیوەی کۆمەڵگایە، کەچی ژن وەک ڕەگەز و پێکهێنەرێکی سەرەکی بەژداریان پێنەکراوە لەبەرهەمهێنانی کولتورو نەریت و  سیاسەت ، خوڵقاندنی کۆمەڵگا و مێژوو، هاوشانی پیاوان. لەبنیادنانی دیموکراسی و جیهانی تازەی کۆمەڵگا. کۆمەڵگایەکە مرۆڤەکانی لێوانلێوە لە درۆ و دووڕووی و تەشهیر و سوکایەتیکردن بە یەکتر، هەڕەشەکردن، بەردەوام لەسەنگەردان ئەگەر هەر تاکە کەس و گروپێک لێبڕاوانە بێتە مەیدانی تێکۆشانی سەربەستی بێ هیچ ویژدان و بەهایەکی مرۆڤانە و بەدڕندانەترین شێوە پەلاماری دەدەن، تا ئاستی چۆک پێداهێنانی، خۆم سادەترین نموونەم کە نەک تەنها لەلایەن هێزێکی دیاریکراو بەڵکو تەواوی کۆمەڵگاکەم دژم وەستانەوە، تەنانەت ژنان زیاتر لەپیاوان بوون بە دوژمنی سەرسەختم لەکاتێکدا من تەواوی ژیان و بوونم خستە سەردەستم بۆ سەر ڕێگاخستنی خەباتێکی یاخیگەری تازە لەپێناو بەدەستهێنانی سەربەستی و گەیاندنی پەیامی پڕ لەناڵەو ژان و ئازاری ژنانی میللەتەکەم، بەڵام من بەگوڕتر لەجاران دەستم کرد بە تیکۆشان، ئەمە بۆ من چەند بەسوێ بوو کە هاو ئازارەکانم دژم بووەستنەوە، بەڵام بێئومێدی نەکردم و جیگەی سەرسوڕمانیش نەبوو، کاتێک پیاو پشتئەستور بە هێزی ئاین و نەریت و کولتوری سەدەها ساڵە بێگومان توانای ئەوەی دەبێت ژنان کۆنتڕۆڵبکات و لەپڕۆسەی دەستەمۆکردنی تاکەکانی ئاسانتر ژن کۆیلەتر بکات. ئەم دۆخە کە جیگای خەم و ئەسەفە ئەمە بۆ ژن سەدان جار نالەبارترە، چونکە ژن لەم کۆمەڵگایە پێناسەیەکی تەواو جیاواز لەمرۆڤی بۆ دەکرێت، کاتێک بییەوێ بێتە ئەم چوارچێوەیە و خەبات بۆ ئازادییەکانی بکات، نەک تەنگا گروپێک بەڵکو کۆمەڵگا بەدرێژایی هەزار ساڵە لەگشت سێکتەرەکانەوە بە لێشاو جەلادی بۆ ئامادە کردووە لەگەڵ دەرکەوتنی بکەونە وێزەی و شین و شیتاڵی بکەن، تا هەرگیز جارێکی تر هیچ ژنێک زەفەری نەبێت قسە لەسەر سەربەستی و مرۆڤبوونی خۆی بکات بەبێ ئیزنی کۆمەڵگا. هەتاوەکو ئەمڕۆش ژنی کورد وەک تاکێکی سەربەخۆ خاوەنی هیچ جۆرە ئازادییەکی ڕاستەقینە نییە کەلە ڕەفتارو بیرکردنەوەی ژنانەی خۆی سەریهەڵدابێت، گشت جوڵان و کردارو گوفتار و ڕەفتارێکی ژن لەژێر وردبینی و دووربینی کۆمەڵگاو سیستەمی پیاو سالاریدا بووەو هەیە، ژنان توانای هەڵبژاردن و بڕیاردانیان لێ زەوترکراوە، هێز و گوڕی ئەوەیان نییە بڕیار لە دواڕۆژ و بەرنامەی ڕۆژانەیان بدەن لەژیاندا. تا ئەو سنورەی کە گرنگترین ڕەهەند لەکۆمەڵگا دەبێتەهۆی گۆڕینی ژن و هاتنە ناو کۆمەڵگا بەشێوەیەکی ئەکتیڤ بریتییە لە خۆ بوونیادنان لەباری فیکری و مەعریفی لەڕیگەی خوێندن و خوێندنەوە و خۆڕۆشنبیرکردن لەسەرجەم بوارەکان تا ووردتر ئاگاداری ژیان و سەردەمەکەی بێت، لەبەر چاوی ناشرین و قێزەون کراوە. ئازادی بووە بە ووشەیەکی بێزراوی سەرزاری سیاسیی و پیاوانی ئاینی، وەک گرتوخانەیەکی مەترسیدار ژیانمانی پێ دەنەخشێنن، کە هیچ نییە جگەلە لە فۆڕمێکی تری کۆیلایەتی، ئیتر کۆمەڵگاکەمان بەدرێژایی مێژووی ٢٥ ساڵی ڕابردوو بووە ب کارخانەیەکی سەیرو سەمەرەی بوونەوەری مشەخۆری کۆپیکراوی یەک لەدوای یەک، کە لەلایەکەوە لەناو زیندانی سەختی ترادسیۆن و دیندا ڕزیوەو لەلایەکی ترەوە بووە بە قەراول و پاسەوانی یەم زیندانەی کەخۆشی دیلیەتی، لەم ناماقوڵیەتەدا جیاوازی فیکر و ئایدیاو شێوازی ژیانکردن بە ترسناکترین دیاردە دەستنیشان دەکرێ کە دەرکەوتنی تەواوی ئاسایش و ئەمنی کۆمەڵگا دەخاتە مەترسییەوە، لەبەر ئەوەیە جەنگی من وەک ئەستێرە جەنگیکی عەقڵی و شێوازێکی تەواو سەربەستانەیە لەگەڵ کولتورو نەریتێکی دێرینی نا عەقڵانی و ناماقوڵییەت، دەرکەوتنی جیاوازی شەڕ و ململانێی من بۆ دووبارە مانا بەخشینە بە بێمانای ژیانمان و بەخشیینی بڕێک لەماقوڵییەتە بەم کۆمەڵگا و ژیانە سەرشارە لەناماقوڵییەی، نیگەران و ڕەشبین نابم گەر ڕووبەڕووی تەواوی کۆمەڵگا ببمەوەو لەگەڵ دەیەها نەوەی دێرین تا ئیستا بکەومە جەنگی سەربەستی مرۆڤبوونم و ژنبوونم. لەبەرئەوە تەوەری سەرەکی خەبات و یاخیبوونی من پرسی ئازادی عەقڵییە بۆ ووشیاربوونەوە، چرکە ساتێکە ژیری مرۆڤی کورد جارێکی تر خۆی لەتەواو زنجیر و قاوغی ڕزیوو ژەنگگرتووی سەدەها ساڵە دادەماڵێ و دواتر خۆی لەسەر بنەمای ووشیارییەکی ژیرانەتر و سەردەمیانەتر و سەربەستانەتر خۆی دروست دەکاتەوە، لەم گۆشەنیگایەوە ژن ، پیاو ، جیاواز لە جاران خۆیان بە وویست و ئیرادەی ئازادانەی خۆیان وێنەی مرۆڤ بوون دەنەخشێنن، مرۆڤ بوون پێگەو شوناسیان دیاریدەکات نەوەک هیچ هێز و ئاین و ئایدۆلۆژیایەک لەسەر بنەمای جیاکاری جەستەیی. ژنی کورد لەوە ووشیار دەبنەوە کە ئارایشی سیما و قۆندەرەی بەرز نیشانەی سەربەستی و عەلمانی بوون نییە. بەداخەوە کە ئێستا لەکوردستان ڕەوتێکی جاهیلی بەناو عەلمانییە ئەوەندەی ئارایشی ڕووخساریان وەک سەربەستی نیشانداوە نیو هێندە گرنگیان بە ئارایشی فیکر و دەروون و خۆڕۆشنبیرکردنی ژن نەداوە. بۆئەوەی ژن بتوانێت لەباو ئەم گۆماوە ڕزگاری ببێت وا پیشان دراوە کە دەبێت ژیانی بکات ئارایشی ڕووخساری و لەبیری بچێت کە خاوەن ژیری و عەقڵێکە تەنها بەهۆی ئەم ژیرییەوە دەتوانێت خۆی و جیهانی بگۆڕێت، هەموو هەموو خەمی ژنی کورد جوانترین جل و بەرگ و گران بەهاترین زێڕ و مۆبایلە و خۆڕازاندنەوەی ڕووخسارە نەک بیرو ژیری، ئەمە زەقترین دیاردەی کۆمەڵگا دواکەوتووەکانە، من لەسوید دەژیم، دیمەنی جل و بەرگی سادە و نەبوونی زێڕ و ئارایشی ڕووخسار هەر لە نەبوونی میکیاج تا پێڵاوی تەخت و ئاسودە لەکاتی کارکردن لەناو فەرمانگە و شوینە گشتییەکان جوانترین دیمەنی وڵاتیکی پێشکەوتووی وەک سویدن بۆ ژن کە خاوەنی ووشیارترین و ژیرترین ژنی دونیان لە گشت بوارەکاندا، بەڵام بەداخەوە لەکۆمەڵگایەکی دواکەوتووی وەک خۆمان ژنان تەنها خەمیان سوراو سپیاو و زێڕ و کوالیتی مۆبایلی بەرزە، کۆمەڵگایەک خاوەنی بەد بەخترین ژن و نا ووشیاترین و بەشخوراوترین ژنی دوونیاین کە توندوتیژی دژ بە ژنان لەهەرە ترۆپکی خۆیدایە، هەر لە ناو خێزان تا سزاو بێزارکردن و هەراسانی سێکسی لەلایەن پیاوانەوە کەچی ژنان تەنها لەڕێگەی قۆندەرەی بەرز هەست بە بەرزی مرۆڤ بوونیان دەکەن، سەرباری ئەو هەموو توندوتیژییە دژ بە ژنان لەهەناوی ئەم کۆمەڵگا ناماقوڵە کەچی ژنان بێباکانە خەریکی ئارایشی ڕووخسار و جل و بەرگی ڕازاوەن، نەوەک لەڕێگەی عەقڵ و بیر و ژیریان دروستر لە مرۆڤبوون و ماف و ئازادییەکانیان بگەن و پەی پێببەن. ئەوکات مرۆڤ دووچاری ڕەشبینی دەبێت کە دەبینێ کۆمەڵگا ژنانی خراپتر لەپیاوان پەروەردەو ئامادە کردووە تا ڕێگە بە هاو خەم و هاو ئازارەکانی خۆی کە ژنە نەدات، بێتە دەنگ و هاوارو ناڵەی گشت ژنانی هەتککراو بەشخوراو بگەیەنێت بەگوێی کۆمەڵگاو جیهانیش. دابونەریت و کولتوری کۆمەڵگاو پاسەوان و فەرمانبەرانی ئەم سیستەمە پیاوسالارییە بوون بەئامرازێک لەپێناو زیاتر کۆیلەکردنی مرۆڤ، لەڕیگەی بەکارهێنانی توندو تیژی، ئەگەر لەوڵاتانی پێشکەوتوو یاسا هۆکارێکی بەهێزبێ بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی ماف و ئەرکی تاک و گروپ لەپێناو پاراستنی نەزمی کۆمەڵگا، ئەوا لەم کۆمەڵگایەی خۆمان کە سەراپای پیاو و عەقڵییەتی پیاوسالاری بەڕێوەی دەبەن تەنها یاساو ئامرازێک توندوتیژییە  بۆ پاراستنی کۆمەڵگا کە ژنان پشکی شێریان بەرکەوتوە، تەنانەت لەکاتی بەخێرهاتن کردنی میوان لەناو زیندانی ماڵەکان، توندوتیژی لە کلاسیکیترین فۆڕمی خۆی لەناخی ئەم کۆمەڵگایە خۆی مانیفێست دەکات، چ لەڕێگەی بەکارهێنانی توندوتیژی پۆشینی جۆری جل و بەرگ، چ لەکاتی تێکەڵی کیژو کوڕ لەساتی میوانی. هەمیشە ڕێکخراو و دامودەزگا مەدەنی و زانستییەکان چالاکترین توێژن بۆ بەرهەمهێنانی ووشیاری لەلای تاک و تەواوی کۆمەڵگا، بەڵام لەکۆمەڵگای کوردستان گشت ئەم دامو دەزگایەو خودی پڕۆسەی خوێندن کەتەنها فەرمانبەری پاسیڤی خوێنەوار دروستدەکات، بوون بەبەشێک لە سیستەمیکی توندوتیژ و توخمێکی سەرەکین لەفەراهەمکردنی ناووشیاری، ڕەگەزێکی بەهێزن لە کوشتن و تیرۆرکردنی جوڵەو بزاوتی ووشیارییەکی خاوەن ویژدانی ژیرمەندانە، ئەم چیینە خۆیان وەک بار بەسەر کۆمەڵگاوەن، بوون بە هۆکاری دواخستن و پەکخستنی ووشیاری لەلای تاکی کوردستانی، کە جوانترین نموونەی کۆمەڵگایەکی ناماقوڵیان شێوە بەخشیوە تەنها داهێنانێک مرۆڤ بچوک و عەقڵ کورت و کولەکانی ئەم کۆمەڵگایە بەشانازییەوە لەڕێگەی تەکنۆلۆژیایی سەردەم پیشانی جیهانی دەدەن نوێترین شێوازی توندوتیژی و ژن کوژییە، دڵنیابن ئەم ڕووداوانە و تەنانەت توندوتیژی بەردەوام خۆی دووبارەو هەزار بارە دەکاتەوە بەجۆری دڕندانەتر و نامرۆڤانەتر، لەبەر ئەوەی چینی خوێندەوار و بەناو زانستخواز و ووشکبیرە خوێنەوارەکان لەهەناوی ئەم دامەزراوانە بوونەتە مشەخۆری دەسەڵات و گروپە سونەتی و دەستە و حیزبە کۆنخوازەکان، وەک دیوار و بەربەستی بەردەم بزاوت و تەوژمیکی نوێخواز قیت بوونەتەوەو ڕیگە دەگرن لە ووشیاری کۆمەڵگا و تاک. تۆ بڵێی مانای عەقڵ و ئازادی چی بێت لەناو کۆمەڵگایەکی تەواو ناماقوڵ، ئەگەر ئەمە بۆ تەواوی چیینی هەژارو داماو وابێت، گەلۆ من دەپرسم ژن بوون چ واتایەک دەبەخشێ؟!! بەڕاستی ئەگەر پرسیار ئەوە بێت عەدالەت ، ئازادی چییە؟!! من لەسەدەی بیست و یەک و لەناخی بۆگەن و ڕزیوی کۆمەڵگایەکی لێوانلێو لەناماقوڵییەت دەپرسم ئەرێ  ژنبوون چییە؟!!! بۆ دەبێت بەدرێژای سەدەها ساڵ کەسێک نەبێت ئەم پرسیارە بکات، ئەوانەشی خۆیان ژنن و دەپرسن ئەرێ ژن بوون چییە؟!! بۆچی بەدەردی لەیلا قاسم دەبردرێن و تەواوی کۆمەڵگاو مێژووی هەزار ساڵەی دەبنە گورگێکی دڕ و دەکەونە گیانی پرسیار کارانی؟!. ڕەنگبێت بۆ ئێوەی دانیشتوانی باشو پرسیارێکی گاڵتەجاڕانەو پێکەنیناوی بێت، بەڵام بۆ منی پەروەردەی کۆمەڵگای ئەورووپی پرسیارێکە لەڕێگەیەوە بەگژ تەواوی مێژووی هەزار ساڵەتان ئەچمەوەو پیشانتان ئەدەم ژیانی ئێوە شێوەی ژینە لەنێو دارستان و جەنگەڵێکی تاریکی دابڕاوی بێ دەرەتان،کە هەرگیز پەی پێنابەن تا بۆ چرکە ساتێک درواسێی و کۆمەڵگاکانی دەرەوەی دوورو نزیکی خۆتان نەبینن و داوەرییەکی واقیعی و ژیرانە و ئینسافانە نەدەن لەسەر وەهمی ژیانی خۆتان و ڕاستەقینەی ژیانی کۆمەڵگاکانی تر، ئەم قسەیەی من بۆ ئەو لێشاوە لە گەنج و لاو کە ملی غەریبییان گرتۆتەبەر نەک تەنها بۆ لووقمە نانێک بەڵکو بۆ هەناسەیەکی بێگەردی سەربەستی و چرکە ساتێک ژیان بەشکۆی مرۆڤ بوون تەواو دروست و واقیعییە.

ئەم دۆخە دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە گروپ و حیزبە بەناو سەردەمەکانی ئەم مەملەکەتە هیچ نیین جگە لە کۆمەڵێک لە مەلاو چەتەو بازرگانی خوێنمژ جارێکی تر لەپڕۆسەی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی بەجۆرێکی تازەتر و لەڕێگەی بەکارهێنانی میتۆدێکی ترەوە ژنان دەکەن بەبیانووی پێشکەوتنی کۆمەڵگا. دووبارە ژن دەبێتە ئامرازی دەستی پیاو بۆ شەرعییەتدان بە سیستەمی نێرسالارانە، ژن وەها پیشان دەدەن کە کچی پیاو و ژنی پیاو خوشکی پیاو….تا دوایی، ئەمە خۆی ناشرینترین و قێزەونترین جۆری  فێڵبازانەی توندوتیژییە لەبەرگی پێشکەوتن، بۆ نموونە ئیستا پڕۆسەی سیاسی لەباشور دوای ئەو هەموو ڕووداوە چاوەڕوانکراونە لەناوچەکە گوزەرا، لەسەروبەندی پرسی هەڵبژاردندایە کە لەکۆمەڵگای ئەورووپی دوای سەدەها ساڵ لێکەوتەی مەدەنیانەی جوانی بەرهەم هانی، بەلام لەدۆخی ووڵاتانی دواکەوتووی خۆمان جگە لە بەدبەختی و قوڕێکی خەستتر هیچی لێ نەکەوتۆتەوە، بووە بەئامرازێک هێزە ئیسلامییە ووشکبیر و ڕێوییە کۆنەپارێزەکانی زیندوو کردۆتەوە لەبەرگی مەڕدا، حیزبە بەناو عەلمانییەکانی کردوە بە دڕندەترین و داپڵۆسێنەرترین دەزگای سیاسی کە کرۆکی خێڵی پاراستوە، سەرباری ئەم دیمەنە شێواوە کەچی خەڵک بەئومێدەوە لەم ئامرازە دیموکراسییە دەڕوانێ بۆ گۆڕانکاری، دەبینین ژنان دەبێتە ئامرازی شەرعییەتدان بەدەسەڵاتی پیاو سیستەمەکەی، ڕیگەنادەن مەودای چالاکی و ڕاپەڕاندنی ئەرک و چالاکی ژنان لەم چوارچێوەیە وەک پێویست دەربکەوێت. ناو زڕاندن و سوکایەتیکردن و شکاندنی کەرامەتی ژنان لەسەر ئاستی ژیانی کۆمەڵایەتیمان کارێکی هێندە چێژ بەخشە بۆ تاکەکانی کۆمەڵگا، بەڵام ئەمە لەکایەی سیاسەت و سەروبەندی هەڵبژاردن هەزارجار خراپتری بەسەر کەسایەتی ژن دەشکێتەوە. ژنان دەبێت پابەندی هەمان دین و ئایدۆلۆژیاو حیزب و دەستەوتاقم و گروپ بن کە پیاو و نێرەکانی ناو خێزان هەڵی دەبژیرن، ئەگەر ژنان مافی دەنگادنیان هەبێت کەچی یەک زەڕە لەو جۆرە توندوتیژییەی کەم نەکردۆتەوە کە ژنان ئازاد نین لەچۆنییەتی بەکارهینانی ئەو مافە بەسەربەستی و بەدڵخوازی خۆی، لەگە ویست و ئارەزووی ژنبوونتدا نییە، ئەمانە بەشێکی هەرە کەمن لەو گرفتانەی ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە لەکاتی هەڵبژاردن. بۆ، چونکە کاتێک هەڵبژاردن لەهەلومەرجێکی نادیموکرات و نامەدەنیدا دەکریت ،لەدۆخێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی و کولتوری نامەدەنی و نا دیموکراتدا ئەزموون دەکرێ، ئەگەری بەهێز و گەورە ئەوەیە جارێکی تر ببێتە هۆی زەمینە سازی بۆ پراکتیزەکردنی توندوتیژی و خوڵقاندنی تراژیدیای دڵتەزین لەبەرامبەر  تاک بەگشتی و ژن بەتایبەت، کێشەی سەرەکی ئەوەیە پرسی سەربەستی و ئازادی تاک بەهەڵە پێناسەکراوە، ئاخر مرۆڤ گەلێک دیلی زیندانێکی ئەشکەوت ئاسای هەزار ساڵەبن، لەناو ئەم ئەشکەوتەشدا ژن وەک شەیتان و ناشرینترین بوونەوەر شوناس و مامەڵەی لەگەڵدا بکرێ، گیرۆدەی دەستی بوونیادێکی ئاینی و ئەخلاقی و نەریتی کۆن و سواو بێت، تۆ بڵێی چۆن ڕیگە بە ژنان دەدرێت بەئازادی و سەربەستانە بەژداربێت لەگۆڕینی دەسەڵاتی سیاسی کە پیاوان دەپارێزێ؟!! ئیتر نابێت ژنان خۆیان بەدەستی خۆیان ببنە بەشێکی لەهەڵمەتی پڕوپاگەندە و هاندانی نەوەکانیان بۆ ڕەوایەتیدان بە جۆرێکی تری کۆیلایەتی، هەرچەندە سەختە لەم هەلومەرجە ووشیاریەکی وا دروستبێت بەڵام هەموو ئەمان وایکرد من ئازایانەتر وەک ژنێک بێمە مەیدانی خەبات و ببمە ئاڵا هەڵگری دید و ڕێباز و خەباتێکی یاخیگەری جیاوازتر و ژیرانەتر و سەربەستانەتر. لەبەرئەوە بەناشرینترین شیوە و توندترین هیز خەریکی ئەوەن من لەکار بخەن و هەوڵی دەمکوتکردنم بدەن، ئەوکەسانەی تەنانەی ژنانیش بەکاردەهێنن بۆ ڕەشبینکردن و بێئومێدکردنی ئەستێرە دەبێ بزانن نەشەپۆلی زەریا بە بێژەنگ بەری پێدەگیرێ وە نە خۆری پرشنگدار بە بێژەنگ تاریک دەکرێ.

ئەستێرە کەریم

٢٣-٤-٢٠١٨
Infoga bild

 

تایبەتمەندییەکان: وتارو بیروڕا

زیادکردنی وەڵام