مه‌ترسی بوومه‌له‌رزه‌ له‌وێستگه‌یه‌كی ئه‌تۆمی ئێران‌و تێكدانی باڵه‌خانه‌ی دامه‌زراوه‌كه‌، بوه‌ته‌ مه‌ترسی بۆسه‌ر هه‌رێمی كوردستان‌و چه‌ند وڵاتێكی دیكه‌ی ناوچه‌كه‌.

ڕۆژی 19ی ئه‌م مانگه‌ بوومه‌له‌رزه‌یه‌ك له‌پارێزگای بوشه‌هری ئێران ڕوویدا، كه‌ له‌و پارێزگایه‌ وێستگه‌یه‌كی ئه‌تۆمی بوونی هه‌یه‌، شاره‌زایان هۆشداریانداوه‌ له‌وه‌ی له‌ئه‌گه‌ری دووباره‌بونه‌وه‌ی بوومه‌له‌رزه‌ به‌پله‌ی به‌رز، ئه‌وا باڵه‌خانه‌ی ئه‌و دامه‌زراوه‌ ئه‌تۆمییه‌ وێران ده‌بێت، به‌وه‌ش تیشكه‌ زیانبه‌خشه‌كانی ئه‌و وێستگه‌یه‌ به‌چه‌ند وڵاتێكدا بڵاوده‌بێته‌وه‌.

شاره‌زایان ئاماژه‌یان به‌وه‌داوه‌، به‌وێرانبوونی وێستگه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ به‌ ماوه‌ی سێ كاتژمێر تیشكه‌ زیانبه‌خشه‌كانی ئه‌و وێستگه‌یه‌ به‌ناوچه‌كانی كه‌نداودا بڵاوده‌بێته‌وه‌،هه‌روه‌ها به‌شه‌ش ڕۆژیش ده‌گاته‌ سعودییه‌.

هه‌ر له‌درێژه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌یدا، ئه‌و تیشكه‌ ده‌گاته‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌وڵاته‌كانی (عێراق، میسر، سوریا، ئوردون، لوبنان، ئه‌فغانستان، پاكستان‌و توركیا).

بڵاوبوونه‌وه‌ی تیشكه‌ زیانبه‌خشه‌كه‌ی نێو وێستگه‌ی بوشه‌هر له‌كاتی داڕوخانیدا، زیانێكی گه‌وره‌ی به‌ ئاوی كه‌نداو ده‌گه‌یه‌نێت، كه‌ بۆ پاكبوونه‌وه‌ی له‌و تیشكه‌ زیانبه‌خشه‌ 15 ساڵی پێویسته‌.

پێشتر له‌ساڵی 1971 ناوه‌ندی جوگرافیا له‌زانكۆی تاران هۆشداریدایه‌ به‌رپرسانی ئه‌و وڵاته‌، كه‌ باڵه‌خانه‌ی دامه‌زراوه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ هه‌ڕِه‌شه‌ی داڕوخانی له‌سه‌ره‌ له‌كاتی بومه‌له‌رزه‌دا.

به‌رپرسانی ئێرانی ڕایه‌كی جیاوازتریان له‌باره‌ی به‌رگه‌گرتنی باڵه‌خانه‌ی دامه‌زراوه‌ ئه‌تۆمیه‌كه‌ هه‌یه‌‌و ده‌ڵێن، ئه‌و دامه‌زراوه‌یه‌ تا حه‌وت پله‌ی ڕێخته‌ر به‌رگه‌ ده‌گرێت.

تایبەتمەندییەکان: هەواڵەکان

زیادکردنی وەڵام