لەم نوسینەمدا ئەمەوێ وڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە؛
-لەچ کاتێکدا بازرگانێ یاخود سەرمایەدارێک ئەتوانێ ببێ بەسیاسی؟

لەھەموو وڵاتانی دونیادا سەرمایەدار بۆی ھەیە ببێ بە سیاسی و چالاكی حزبی و كاری ڕێكخراوەیی سیاسی ئەنجام بدات.
بەمەرجێ سیاسەت و ئیدارەی وڵات لەبەرژەوەندی خۆیدا بەكار نەبات، بەمجۆرە لەسیاسیەكی بێ مەقامدا سەركەوتووتر دەبێت.

بۆنمونە؛ ڕەفیق الحریری، یەكێك لەگەورە بازرگان و سەرمایدارەكانی لوبنان لەڕێگەی حزبی (المستقبل)ەوە توانی دەنگی خەڵكی لوبنان بەدەست بھێنێت و لەدوو خولدا (١٠) ساڵ حوكمی لوبنان بكات، لەماوەی ئیدارەی حەریریدا لوبنان گەیشتە قۆناغێكی نرخدار لەڕووی ئابوریەوە، بەھێزبوونی ئابوری وڵاتیش پەیوەندی ڕاستەخۆی بەگشت لایەنەكانیترەوە ھەیەو ھەموویان بەھێز دەكات.
تەبعا حەریری سەرمایەدارێكی ناشەرعی و ھەڵتۆقیو نەبوو تا بەسەرشانی خەڵك و سیاسەت و ئیدارەدا سەركەوت بێت. ھەربۆیە لەماوەی حوكمی ئەودا وڵات لەگەشەسەندی بەردەوام و بەرقەراری ئەمنیەتدابوو.

دۆناڵد تڕەمپ وەک سەرمایەدارێكی گەورەی ئەمریكایی و ئەندامێکی سادەی حزبی کۆماری كەھیچ مەنسەبێكی حزبی و فەرمی ئیداری نەبوو جگە لەنوسەرو زەنگینیەكەی، توانی ببێ بە سەرۆکی زلھێزترین وڵاتی جیھان دونیا.
سەرکەوتنی ئەم بازرگانە ملیار دێرە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو گۆڕانکارییانەی كە لەناوچەکەدا ڕوویاندا، كۆماریەكان بەئیعتباری سەركێشی و باگڕاوندە سەرمایەداریەكەی كەھەم میراتەو ھەمیش جوھدو بازووی خۆی پێوەیە، كاندیدیان كرد بۆ پۆستی سەرۆكایەتی كۆشكی سپی، تڕامپ نەك قەرزداری حكومەت و خەڵكی ئەمریكا نیە بەڵكو سەرمایە تایبەتیەكەشی بۆ سەركەوتنی پڕۆسەی سیاسی ئەم وڵاتە بەكار دەبات.

لە ھەرێمی کوردستانیش سەدان سەرمایەداری ملیاردێر پەیدابوونە بەھۆی بەكارھێنانی پێكەو مەقامی سیاسی و ئیداری، ھەمووشیان ئەندامی باڵای ھەردوو حزبی حوكمڕانن.
جگە لەخودی خۆشیان ھەزاران ملیۆنێری تریان لەگەڵ خۆیاندا ھەڵتۆقاندووە، كەبەھۆیانەوە بەرھەمھێنانی ناشەرعی و داگیركاری ئابوری و مۆنۆپۆڵی سەرمایەگوزاری ئەنجام دەدەن.

لەم قۆناغەشدا، كەبارودۆخێکی سەخت و دژوار بەرۆكی ئەم وڵاتەی گرتووەو خەڵك و خاك ھەڕاجكراوی زھنیەتی فەشەلی سیاسەت و چاوچنۆكی ئاغاو دەربارە پارەداركراوە ھەڵتۆقیوەكانە، سەرمایەدارێك کەھیچ کەس نازانێ سەرمایەکەی چەندەو سەرچاوەی دەستھاتەكەی لەكوێوەیە.
جگە لەملیاردێرە دزو ڕوودزێوەكان ھیچ كەس نازانێ متمانەی بانكی ئەم سەرمایەدارە بە چ (ژمارەیەكە)، بۆیەش ئەوان دەزانن چونكە ھەرخۆیان ھاوبەشیان پێكردووە لەتاڵانكاری سامانی ئەم وڵاتە، تەنھا لەپێناو گەوجاندنی گەلێكی ھەمیشە حیلە لێكراو ھەڵیانتۆقاندووە بۆئەوەی خەڵكی تەركیزیان لەسامانی ئەوان نەبێت.
كەواتە چۆن متمانە بەكەسێك دەكرێت كە بڵێ گۆڕان لەڕژێمی حوكمدا دەكەم لەبەرژەوەندی گەل، كەخۆی ھاوبەشی ئەم گەندەڵیەیە؟

كەسێك کەنەزانرێت سامانەكەی چەندەو چۆن و لەکوێوە ھاتووە، ناشێ ببێتە جێگەی میسداقیەت و باوەڕ لەم قۆناغەدا كەھیچ دادگاو داوەرێك توانای لێپێچینەوەی لەھیچ كام لەم ھەڵتۆقیو و دەست پیسانەدا نیە.

بازرگانێک کە بیەوێ ببێتە سیاسی پێویستە کەسێکی لێزان و ئەتەکێت بەرز و خاوەن ھەڵوێست
و تێڕوانین و دونیابینیەكی ڕوون و ڕەوان بێت، کاری بازرگانی و سیاسیەکەشی بخاتە خزمەت بەرژەوەندیە گشتیەكانی كۆمەڵ، نەك ھەر بەر لەدەركەوتنی فایلەكانی پڕبن لەچڵكنی و تاریكی.
نابێت كەڵكی لە خراپی باری ئیداری و چەوتی سیاسەت و ئەجێندای پۆخڵ وەرگرت بێت و یەكێك بێت لەتێوەگلاوانی گەندەڵی.

جگە لەمانەش ئەوەی ھەڵتۆقیوەكان دەیڵێن ئەدای مەدەنیەت نیەو لەبازنەی كاری سیاسی سپیدا جێگەی نابێتەوە، چونكە سڕینەوەی گشت ئەوانیتر تەنھا لەشۆڕشێكی خوێناویدا بەدیسپلین گیراوە.
ھەربۆیە بازرگانێك كەبانگەشەی سڕینەوەی ئەوانیتر بكات (بێ شك) ھەڵێنراوێكە لەژێر چەپۆكی ملیاردێرە ھەڵتۆقیوە ناشەرعیەكان.

متمانە بەسپێتی دەكرێت، نەك تاریكیەك كەڕێگە بەمۆمێك نەدات تا ڕوناكی بكاتەوە
تایبەتمەندییەکان: بابەتی هەڵبژاردە

زیادکردنی وەڵام